بابەتەکانی بەشی ئابووری
‏إظهار الرسائل ذات التسميات ئابووری. إظهار كافة الرسائل

هەڵاوسان لە عێراق چۆن نرخی پێداویستییەکانی گۆڕیوە


بەگوێرەی بەدواداچوونی میدیایی بۆ راپۆرتەکانی دەستەی ئاماری عێراق، لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا تێکڕای پێوەری گشتیی نرخی بەکاربەر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 3.3%. هەروەها هەڵاوسانی مانگانەش بەراورد بە مانگی تەممووز، بە رێژەی 0.7% بەرزبووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پێوەری گشتیی نرخی بەکاربەر لە مانگی ئابی ساڵی 2026 گەیشتووەتە 110.9 خاڵ، لە کاتێکدا لە مانگی تەممووزی هەمان ساڵدا 110.1 خاڵ بووە، بەوەش هەڵاوسانی مانگانە 0.7% زیادی کردووە.

بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ساڵانە لە پارەوە بۆ ئەم ساڵ
داتاکانی دەستەی ئامار دەریدەخەن کە بەراورد بە پار، ئاستی گشتیی نرخ رووی لە بەرزبوونەوە کردووە:

- لە مانگی ئابی 2026دا ژمارەی پێوانەیی گەیشتووەتە 110.9 خاڵ.

- لە مانگی ئابی 2025دا ژمارەی پێوانەیی لە ئاستی 107.4 خاڵدا بووە.

- رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی ئابدا گەیشتووەتە 3.3%.

بەراوردی هەردوو مانگی تەممووز و ئابی 2026
راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری عێراق بەراوردکارییەکی لەنێوان هەردوو مانگی تەممووز و ئابی 2026 خستووەتەڕوو، کە دەریدەخات بەرزبوونەوەی نرخ لە مانگی ئابدا خێراتر بووە:

- مانگی تەممووزی 2026:
- ژمارەی پێوانەیی 110.1 خاڵ بووە (بەراورد بە مانگی حوزەیرانی 2026 کە 110.0 بووە).

- هەڵاوسانی مانگانە 0.1% بووە.

- هەڵاوسانی ساڵانە 3.3% بووە (بەراورد بە تەممووزی 2025 کە 106.6 خاڵ بووە).

مانگی ئابی 2026:
- ژمارەی پێوانەیی بۆ 110.9 خاڵ بەرزبووەتەوە.

- هەڵاوسانی مانگانە 0.7% بەرزبووەتەوە (واتا بەراورد بە مانگی پێشوو گەشەی هەڵاوسان خێراتر بووە).

- هەڵاوسانی ساڵانە لە ئاستی 3.3% بە جێگیری ماوەتەوە.

پێوەری نرخی بەکاربەر لە عێراق چۆن هەژمار دەکرێ؟
پێوەری نرخی بەکاربەر (CPI)، لەلایەن دەستەی ئامار و سیستمی زانیارییە جوگرافییەکانی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەیدانی کۆدەکرێتەوە، تێیدا چاودێریی گۆڕانکاریی نرخی سەبەتەیەکی هەمەچەشن لە کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دەکرێ، لەوانە (خۆراک و خواردنەوەکان، نیشتەجێبوون و کرێ، ئاو و کارەبا، تەندروستی، گواستنەوە، پەروەردە و پەیوەندییەکان).

دەستەی ئاماری عێراق بۆ بەدواداچوونی ئاستی بژێوی و گۆڕانکارییەکانی بازاڕ، داتاکانی لەسەر دوو هێڵی سەرەکی دەخاتەڕوو. یەکەمیان لەڕێگەی پێوەری ژمارەی پێوانەیی نرخەکانی بەکاربەرەوەیە کە قەبارەی هەڵاوسان بە خاڵ و رێژەی سەدی دەپێوێ. دووەمیشیان لە رێگەی رووپێوی مەیدانیی مانگانەی بازاڕەکانەوەیە لە بەغدا، پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنانی تێکڕای نرخی راستەقینەی خۆراک بە دیناری عێراقی. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ساڵی 2026 نرخەکان بەپێی وەرزەکان گۆڕانکاریی بەرچاویان بەسەردا هاتووە و بەشێکی کاڵا سەرەکییەکان لە نیوەی دووەمی ساڵ (بەتایبەت لە تەممووز و ئاب) گرانتر بوون.

نرخی خۆراک و پێداویستییەکان؛ گۆشتی سوور لە بەرزبوونەوەدایە
رووداو داتای لە دەستەی ئاماری عێراق دەستکەوتووە و دەردەکەوێ کە لە کەرتی پڕۆتینی ئاژەڵیدا، گۆشتی سوور لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە. نرخی یەک کیلۆگرام گۆشتی بەرخی خۆماڵی لە سەرەتای ساڵ (کانوونی دووەم و شوبات) لەنێوان 20,000 بۆ 21,500 دینار بوو، بەڵام لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا گەیشتە لووتکە و بە 22,000 تاوەکو 23,500 دینار فرۆشراوە.

گۆشتی بێ ئێسکی گوێرەکەش لە 16,500 دینارەوە گەیشتووەتە نزیکەی 19,000 دینار؛ هەروەها ماسیی زیندووی (کارب) گرانبوونێکی بەرچاوی تۆمار کردووە و نرخی کیلۆیەک لە 6,000 دینارەوە بۆ 7,500 دینار بەرزبووەوە. تەبەقەیەک هێلکەیش لە 5,500 دینارەوە گەیشتووەتە 6,500 دینار، لە کاتێکدا مریشکی زیندوو بە درێژایی مانگەکان لەنێوان 3,750 بۆ 4,500 دیناردا هەڵبەز و دابەزی کردووە.

سەبارەت بە سەوزە، نرخەکان بە تەواوی لەژێر کاریگەریی وەرزی پێگەیشتنی بەروبووم و گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاویندا بوون. بۆ نموونە، تەماتە لە سەرەتای وەرزی هاوین (ئایار و حوزەیران) بەهۆی زۆریی بەرهەمەوە تاوەکو 750 بۆ 1,000 دینار دابەزیبوو، بەڵام لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی خۆماڵی و گەرما، نرخەکەی بۆ 1,250 تا 1,500 دینار بۆ هەر کیلۆیەک بەرزبووەوە. پەتاتە و پیازیش سەرەتا هەرزانتر بوون، لە کۆتاییەکانی هاویندا روویان لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتنە 1,000 بۆ 1,500 دینار بۆ هەر کیلۆیەک.

لە بەرامبەر گرانبوونی گۆشت و سەوزەدا، کاڵا ستراتیژی و وشکەکانی نێو سەبەتەی خۆراک کەمترین کاریگەریی هەڵاوسانیان لەسەر بووە، بە جۆرێک نرخی یەک لیتر رۆنی بازرگانی لەنێوان 2,250 بۆ 2,750 دیناردا ماوەتەوە، برنجی بەسمەتیی پلە یەکیش لە 2,250 بۆ 2,750 دینار بۆ هەر کیلۆیەک جێگیر بووە. هۆکاری سەرەکیی ئەم سەقامگیرییەش دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامیی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە، کە وەک چەترێکی پارێزەر رێگری لە قەیرانی گرانبوونی دانەوێڵە و پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕی ئازاددا دەکات.


لە حەوت مانگدا عێراق 20 تریلیۆن دینار قەرزی نێوخۆیی کردووە




قەرزی نێوخۆیی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 109 تریلیۆن دینار و تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا ئەو قەرزە سێ تریلیۆن دینار و لە حەوت مانگدا 20 تریلیۆن دینار زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئاماری مانگانەی بانکی ناوەندی عێراق، قەرزی نێوخۆیی عێراق تاوەکو 31ی مانگی تەممووزی رابردوو گەیشتووەتە 109 تریلیۆن و 516 ملیار و 461 ملیۆن دینار.

ئەو قەرزە بەراورد بە مانگی پێش خۆی سێ تریلیۆن و 444 ملیار و 262 ملیۆن دینار زیادی کردووە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ئەو قەرزە نێوخۆییەی عێراق کردوویەتی بۆ کورتهێنانی مووچە و خەرجییەکانی دیکەی حکومەت بووە".

عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینارە بۆ خەرجییەکانی، کە زیاتر لە حەوت تریلیۆن دیناری بۆ مووچەیە.

ئامارەکە دەریخستووە، لە سەرەتای ئەم ساڵ عێراق 89 تریلیۆن و 515 ملیار دینار قەرزدار بووە، بەڵام لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕی قەرزەکە زیادی کردووە بۆ 109 تریلیۆن و 516 ملیار دینارم واتە لە ماوەی حەوت مانگدا 20 تریلیۆن و یەک ملیار و 632 ملیۆن دیناری لە نێوخۆدا قەرز کردووە.

وەزارەتی دارایی زۆربەی ئەو پارەیەی لە بانکی ناوەندی قەرز کردووە، کە 72.4 تریلیۆن دینارە.

ئەو دۆخی قەرزە پەیوەندیدارە بە دابەزینی داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی جەنگ و داخستنی تەنگەی هورمز.

مانگی ئابی رابردوو هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتە 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوت، لەکاتێکدا بەر لە جەنگ رۆژانە زیاتر لە 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.

هەناردەی نەوتی ئیران نزیک بووەتەوە لە سفر



بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئێران نزیکەی حەوت هەفتەیە هیچ بڕێکی بەرچاوی نەوتی خاوی لەرێگەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە نەکردووە. ئەوەش دوای ئەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە بڕینی یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی دراوی بیانی تاران، کە سزاکانی ساڵانی رابردوو نەیتوانیبوو ئەو کارە بکات.
بەپێچەوانەی سزاکانی پێشوو، کە تێیدا نەوتی ئێران سەرەڕای بەربەستەکان دەگەیشتە کڕیاران، گەمارۆ دەریاییەکەی ئێستا رێگری کردووە لە گەیشتنی بارە نەوتە نوێیەکان بۆ چین، کە تاکە کڕیاری سەرەکیی ئێرانییە. ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بودجەی حکومەت و یەدەگی دراوی بیانیی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی ئاماری کۆمپانیاکانی ( کێپلەر)، ( ڤۆرتێکسا) و ( تانکەر تراکەر)، لەوەتەی ئەمریکا لە 14ی تەممووزەوە و وەک بەشێک لە جەنگی شەش مانگی گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر ئێران، هیچ بارێکی نەوتی ئەو وڵاتە بە سەرکەوتوویی لە تەنگەی هورمزەوە بەرەو چین تێنەپەڕیوە.

بەهۆی ئەوەشەوە، ئێران تەنیا دەتوانێت ئەو نەوتە بە چین بفرۆشێت کە پێشتر لە کۆگاکانی سەر ئاو لە ئاسیادا هەیبووە، ئێستاش ناتوانێت ئەو کۆگایانە پڕبکاتەوە، چونکە نەوتە خاوەکە لەناو تانکەرەکاندا لە ناوخۆی تەنگەی هورمز کۆبووەتەوە و گیری خواردووە.

کلێر جۆنگمان، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای ( ڤۆرتێکسا) دەڵێت، "تەنانەت لە لوتکەی سزاکانی (ئەوپەڕی فشار) لە ساڵانی 2019-2020، هەموو مانگێک بڕێک لە نەوتی ئێران لە هورمزەوە تێدەپەڕی؛ هیچ کاتێک هەناردەی نەوتەکە بۆ نزیکەی سفر کەم نەببووەوە."

بەپێی خەمڵاندنەکانی (ڤۆرتێکسا) و ( کێپلەر)، ئێران لە مانگی ئابدا رۆژانە نزیکەی 220 هەزار بۆ 255 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بارکردووە، لەکاتێکدا لە مانگی تەممووزدا رۆژانە 740 هەزار بەرمیل و لە مانگی ئازاریشدا نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل بووە.

هومایون فەلەکشاهی، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای کێپلەر پێیوایە داڕمانی هەناردەی نەوت، یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی دراوی بیانی ئێران وشک دەکات و رەنگە تاران ناچار بکات بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی پەنا بۆ چاپکردنی پارە ببات، ئەوەش مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری هەڵاوسانی لێدەکرێت.

سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) مەزەندە دەکات رێژەی هەڵاوسان لە ئێران ئەمساڵ بگاتە نزیکەی 70%، کە ئەوەش سێیەم بەرزترین رێژەی هەڵاوسانە لە جیهاندا لە دوای وڵاتانی ڤەنزوێلا و سوودان.

هەفتەی رابردوو واشنتن هەوڵیدا گوشارەکان زیاتر بکات لەرێگەی هەڕەشەکردن لەو وڵاتانەی بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ تاران، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ سزایەکی دەستبەجێی بەسەردا نەسەپاندوون.

جووڵەی کەشتییەکانی نەوت لە تەنگەی هورمز بۆ 70%ی ئاستی پێش جەنگ گەڕاوەتەوە


دوای چەندین مانگ لە پەککەوتنی، جووڵەی کەشتییەکانی نەوت لە تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی پلەبەندی دەستیپێکردووەتەوە. بەگوێرەی سەرۆکی بەشی شیکردنەوەی نەوتی خاو لە کۆمپانیای کێپلەر، ئێستا جووڵەی نەوتی کەنداو گەیشتووەتەوە نزیکەی 70%ی ئاستی پێش هەڵگیرسانی جەنگ.
هۆمایون فەلەکشاهی، سەرۆکی بەشی شیکردنەوەی نەوتی خاو لە دامەزراوەی کێپلەر، رۆژی پێنجشەممە کە میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو، رایگەیاند، زیادبوونی جووڵەی کەشتییەکانی نەوت لە دوو بۆ سێ مانگی رابردوودا بە روونی هەستی پێدەکرێت، هەرچەندە هێشتا چالاکییەکان کەمتر ئاستی ئاسایی خۆیاندان.

فەلەکشاهی ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی ئابدا، رۆژانە نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە لە کەنداو هەناردە کراوە، لەکاتێکدا پێش جەنگ ئەم بڕە (بەبێ هەژمارکردنی نەوتی ئێران) نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.

بەڵام ئەگەر ئەو نەوتە خاوەشی بۆ زیاد بکرێت کە لە رێگەی بۆرییەکانەوە بۆ بەندەرەکانی (فوجەیرە) لە ئیمارات و (یەنبوع) لە سعودیە دەگوازرێتەوە، ئەوا بڕی ئەو نەوتەی دەگاتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەگاتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

فەلەکشاهی گوتی، "بەو پێیە بێت، ئێمە گەڕاوینەتەوە بۆ نزیکەی 70%ی ئەو بڕەی پێش جەنگ هەبووە." ئەمەش جیاوازییەکی گرنگ نیشان دەدات؛ هەرچەندە ژمارەی کەشتییەکان زۆر کەمترە لە پێش جەنگ، بەڵام بڕی ئەو نەوتەی دەگوازرێتەوە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

کەشتی نەوتیەکان دەگەڕێنەوە، بەڵام جووڵەکە هێشتا زۆر کەمە

بەگوێرەی داتاکانی کێپلەر، ئێستا نزیکەی 20 کەشتی نەوتی لە تەنگەی هورمزدا هاتووچۆ دەکەن. ئەمە هێشتا بەراورد بەو 100 بۆ 120 کەشتیەی کە پێش جەنگ رۆژانە بەم رێڕەوە ستراتیژییەدا تێپەڕ دەبوون، دابەزینێکی گەورەیە.

فەلەکشاهی دەڵێت، "بۆ بازاڕی نەوت ئەمە گرنگە، چونکە ئێمە بۆ ئاستی 70% گەڕاوینەتەوە."

لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی نیشانی دەدەن چاکبوونەوەکە هێشتا لەرزۆکە. بۆ نموونە لە 2ی ئەیلوولدا تەنیا شەش کەشتیی بازرگانی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، کە ئەمەش کەمترە لە تێکڕای 10 رۆژی رابردوو کە 13 کەشتی بووە. ئەم جیاوازییە لە ژمارەکاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەندێک کەشتی ئامێرەکانی ناسینەوە (AIS) دەکوژێننەوە، بۆیە هەموو جووڵەکان بە ڕوونی لە سیستەمە گشتییەکاندا نابینرێن.

گواستنەوەی نەوت خێراترە لە گاز و پترۆکیمیایی

بەرزبوونەوەی جووڵەی بازرگانی لە تەنگەی هورمز وەک یەک نییە. لەکاتێکدا جووڵەی کەشتییەکانی نەوت زیادی کردووە، بەڵام گواستنەوەی گازی سروشتیی شلکراو (LNG) و ماددە پترۆکیمیاییەکان هێشتا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە.

فەلەکشاهی روونی دەکاتەوە، "بۆ کەرتەکانی پترۆکیمیایی و گازی شلکراوە، جووڵەکە هێشتا زۆر کەمترە لە چاو پێش جەنگ." ئەمەش واتا گەڕانەوەی نەوت بەتەنیا بە واتای ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز نایەت.

کەشتییەکان لە سیستەمی چاودێری ون دەبن

بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، زۆر لە کەشتییەکان شێوازی هاتووچۆیان گۆڕیوە. فەلەکشاهی دەڵێت، زۆر لە کەشتییەکان هەوڵدەدەن بەبێ ئەوەی ببینرێن تێپەڕ بن، ئەوەش لە رێگەی کوژاندنەوەی ئامێرەکانی ناسینەوە و تێپەڕبوون لە شەودا بە بێ گیرساندنی لایتەکانیان.

فەلەکشاهی مەزەندە دەکات کە نزیکەی 90%ی کەشتییەکان ئامێرەکانی ناسینەوەیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی بۆ ئێران گران بێت چاودێرییان بکات یان هێرشیان بکاتە سەر. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە رۆڵی هەبووە لە دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتییەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا مەترسییەکان بەردەوامن؛ لە 31ی ئاب هێرشکرایە سەر کەشتی نەوتیێکی سعودی و بووە هۆی کوژرانی دوو دەریاوانی فلیپینی. هەروەها تاران لیستی رەشی ئەو کەشتییانەی کە قەدەخەن تێپەڕ بن لە 45 کەشتییەوە بۆ 56 کەشتی زیاد کردووە.

هەناردەی نەوتی ئێران بە کردەیی سفر بووەتەوە

ئەم بەرزبوونەوەیە لە هەناردەکردنی نەوتی کەنداو، ئێرانی نەگرتووەتەوە. فەلەکشاهی رایگەیاند، هەناردەی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بە کردەیی گەیشتووەتەوە سفر.

ئەمە جیاوازییەکی گەورەی لە نێوان ئێران و بەرهەمهێنەرانی دیکەی کەنداو دروستکردووە؛ لەکاتێکدا وڵاتانی دیکە هەناردەیان دەستپێکردووەتەوە، نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکاندا نەماوە، ئەمەش گوشاری زۆری خستووەتە سەر ئابووریی تاران.

عێراق بە بەهێزییەوە دەگەڕێتەوە

عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خەریکە لەو پەککەوتنە توندەی بەهۆی ململانێکانەوە تووشی ببوو، رزگاری دەبێت.

فەلەکشاهی گوتی، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق کە لە کاتی قەیرانەکەدا زۆر دابەزیبوو، ئێستا گەیشتووەتەوە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا پێش جەنگ زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل بووە. گوتیشی، "عێراق پێش جەنگ رۆژانە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیلی بەرهەم دەهێنا، ئەم بڕە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل دابەزی، بەڵام ئێستا گەیشتووەتەوە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەناردەی عێراق گەیشتووەتەوە 60%ی ئاستی پێش جەنگ.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، هەناردەی عێراق لە مانگی ئابدا بۆ 2.34 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە مانگی تەمموزدا تەنیا 1.35 ملیۆن بەرمیل بووە. ئەمەش بەهۆی باشتربوونی دۆخی تەنگەی هورمز و ئەو داشکاندنە زۆرەی عێراق بۆ کڕیارانی نەوتەکەی کردوویەتی.

ئێران: لە ساڵێکدا نرخی خۆراک و خواردنەوە زیاتر لە 127% بەرزبووەتەوە



بەپێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگی ئابدا رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لەو وڵاتە گەیشتووەتە 89% و لە ساڵێکیشدا تێکڕای نرخی خۆراک و خواردنەوەکان زیاتر لە 127% بەرزبووەتەوە.

بەپێی داتای ناوەندی ئاماری ئێران کە ئەمڕۆ میدیاکانی وڵاتەکە بڵاویانکردەوە، هەڵاوسانی خاڵ بۆ خاڵ لەو وڵاتە لەم مانگەدا کەیشتووەتە 89% و ئەمەش بەو مانایەیە کە خێزانەکان تێکڕا 89% زیاتر لە ئابی ساڵی رابردوو خەرجیان بۆ کڕینی هەمان کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کردووە.

داتاکان دەریدەخەن لە ئابی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئابی ئەم ساڵ، بەرزترین رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە "تووتن و جگەرە"دا تۆمارکراوە کە نزیکەی 161% گرانتر بووە؛ لە پلەی دووەمیشدا "خۆراک و خواردنەوەکان" دێن کە لە ساڵێکدا نرخەکەیان 127.5% بەرزبووەتەوە.

هەر بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، کەرتی هۆتێل و چێشتخانە زیاتر لە 107% و کەرتی گواستنەوەش نزیکەی 105% بەراورد بە ئابی ساڵی رابردوو زیادیکردووە؛ هەروەها تێکڕای هەڵاوسانی ساڵانە لە 12 مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 69.9% و هەڵاوسانی مانگانەش بۆ مانگی ئاب 3.4% بووە.

ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە ئەمریکا هەڵمەتێکی گەورەی ئابووری بۆ سەر ئێران راگەیاند و داوای لە وڵاتان کرد کە بە هیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە نەکەن.

وەزیری دارایی عێراق: لە کاتی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجە بۆ حکومەت دەنێرین



وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگاکانی دیوانییە و سەلاحەدین کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027.

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەدا راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ستراتیژی بودجەی گشتی کرا".

بۆ یەکەمجار لە عێراق، شێوازی بودجەی بەرنامە و ئەنجام پەیڕەو دەکرێ کە خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە، نەوەک وەزارەتەکان. هەر سێکتەرێک خەرجی بۆ تەرخان دەکرێ و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێ، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێ.

فالح ساری رایگەیاندووە، لیژنە و تیمەکان کار لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەکەن و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێ.

ئەو شێوازە نوێیەی بودجە کە بڕیارە لە کۆتایی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ رەوانەی پەرلەمان بکرێ، وەک قۆناخی یەکەم لە دوو وەزارەت و دوو پارێزگای عێراق جێبەجێ دەکرێ.

ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق لە 26ی ئاب رایگەیاند، دەستی بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب کردووە.

دانە گاز: لە نیوەی یەکەمی 2026 قازانجمان بە رێژەی 47% زیادی کردووە

 



کۆمپانیای دانە گاز، کە گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی گازی سرووشتییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئامارە داراییەکانی نیوەی یەکەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان، قازانجی کۆتایی کۆمپانیاکە بە رێژەی 47% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 107 ملیۆن دۆلار.

کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم بەرزبوونەوەیەی قازانج لەکاتێکدایە مەترسییە ئاسایشییەکان و ئاڵۆزییە ناوچەیییەکانی پەیوەندیدار بە شەڕی ئێران، راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر توانای پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

قازانج و داهاتی کۆمپانیا لە نیوەی یەکەمی 2026

بەپێی راپۆرتەکە، پوختەی قازانجی راگەیێنراو کە 393 ملیۆن درهەمە (107 ملیۆن دۆلار)، هەڵکشانێکی بەرچاو پێشان دەدات بە بەراورد بە 270 ملیۆن درهەم (73 ملیۆن دۆلار) لە نیوەی یەکەمی 2025دا.

کۆمپانیاکە دەڵێت :"بەشێک لەم بەرزبوونەوەیە بەهۆی جیاوازیی پێوەری گاز بووە بۆ ساڵانی 2018 تا 2024 لە کێڵگەی کۆرمۆر، بڕی 176 ملیۆن درهەم (48 ملیۆن دۆلار) لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا وەکو داهات هەژمار کراوە، ئەگەر ئەو بڕە هاوتاکراوە هەژمار نەکرێت، قازانجی خاوێنی کۆمپانیاکە 217 ملیۆن درهەم (59 ملیۆن دۆلار) بووە.

بەپێی راپۆرتەکە لە چارەکی دووەمی 2026دا، قازانجی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە 33 ملیۆن دۆلار، بە رێژەی 10% بەرزبووەتەوە بەراورد بە هەمان قۆناخی ساڵی 2025.

کۆی داهاتی کۆمپانیا بە رێژەی 51% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 258 ملیۆن دۆلار. بەپێی راپۆرتەکە هۆکاری سەرەکیی ئەم گەشەکردنە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز، زیادیی بەرهەمهێنان لە میسر و بەرزبوونەوەی فرۆش لە رێگەی کۆمپانیای پێرل پێترۆلیۆم (Pearl Petroleum).

کاریگەریی ئاڵۆزییەکان لەسەر گازی هەرێمی کوردستان

قەیرانی ئاسایشی ناوچەکە و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی دەوروبەری ئێران، ئاستەنگیان بۆ کارەکانی پاڵاوتنی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دروستکرد، بەوەش کۆمپانیاکە نەیتوانی بەتەواوی توانای پرۆژەی فراوانکردنی KM250 گاز بەرهەم بهێنێت.

سەرەڕای ئەم کۆسپانە، کێڵگەی کۆرمۆر ساڵی 2026ی بە ئاستێکی پێوانەیی دەستپێکرد و بەرهەمهێنانی رۆژانەی 700 ملیۆن پێی سێجا گازی تێپەڕاند، ئەمەش پێش ئەوەی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان ببنە هۆی راگرتنی پچڕ پچڕی کارەکان.

دوای زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی مانگی تەممووز، دانەگاز رێکاری خۆپارێزی کاتیی گرتەبەر. بەڵام دوای وەرگرتنی دڵنیایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، کارەکان ئاسایی بوونەتەوە. هەروەها بڕیارە بەپێی رێککەوتنێکی یەک ساڵیی، رۆژانە 100 ملیۆن پێی سێجا گاز بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک رەوانە بكرێت.

خشتەی بەرهەمهێنان و باری دارایی کۆمپانیا لەنیوەی یەکەمی 2026 بەبەراورد بە 2025

بەرهەمهێنانی میسر دابەزینی هەرێمی کوردستانی قەرەبوو کردەوە

بەپێی راپۆرتەکەی دانەگاز گەشەی بەرهەمهێنان لە میسر توانی ئاستەنگەکانی هەرێمی کوردستان هاوسەنگ بکاتەوە؛ بەرهەمهێنانی گاز لە میسر بە رێژەی 7% زیادیکرد و گەیشتە 13,300 بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێکدا.

لەماوەی ئەم شەش مانگەدا، دانە گاز لەمیسر 3 بیری نوێی هەڵکۆڵیوە و بیرێکی دیکەی تەواو کردووە. یەکێک لە بیرە دۆزراوەکان بڕی 10 ملیار پێی سێجا یەدەگی گازی تێدا خەمڵێنراوە، کە زۆر زیاتر بوو لە پێشبینییە سەرەتاییەکان (3 ملیار پێی سێجا). کۆمپانیاکە پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 چوار بیری دیکەش هەڵبکۆڵێت.

هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنە کارگێڕییەکان، حکومەتی میسر تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانی دانە گازی گەڕاندووەتەوە و شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا دەدرێن.

 

بانکی جیهانی 100 ملیۆن دۆلار بۆ نوێکردنەوەی کەرتی دارایی سووریا تەرخان دەکات



بانکی جیهانی رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێدانی 100 ملیۆن دۆلار بە سووریا لە رێگەی "دامەزراوەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی". ئامانج لەم هاوکارییە، بونیاتنانی کەرتی داراییەکی مۆدێرن، پارێزراو و دیجیتاڵییە کە یارمەتیدەر بێت لە خێراکردنی مامەڵە داراییەکان و چاکبوونەوەی ئابووریی وڵاتەکە.
بانکی جیهانی، رۆژی هەینی 07-08-2026 رایگەیاند، "پڕۆژەی نوێکردنەوەی کەرتی دارایی سووریا" پشتگیری لەو وەبەرهێنانانە دەکات کە وادەکەن مامەڵە بانکییەکان پارێزراوتر و شەفافتر بێت؛ هەروەها ژینگەیەکی گونجاو دەڕەخسێنێت تاوەکو هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە داراییەکان بگات.

دالیا خەلیفە، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە بانکی جیهانی رایگەیاند: "بوونی سیستمێکی دارایی نوێ بۆ گەشەپێدان و چاکبوونەوەی ئابووریی سووریا زۆر پێویستە."

خەلیفە راشیگەیاند، پرۆژەکە "یارمەتیدەر دەبێت لەوەی کەرتی دارایی خزمەتگوزاریی باشتر پێشکێشی خێزان و کۆمپانیاکان بکات، بەتایبەتی بۆ پشتگیریکردنی ئەو گەشەپێدانەی کەرتی تایبەت سەرکردایەتی دەکات و دەبێتەهۆی رەخساندنی هەلی کار."

کەرتی دارایی سووریا دوای جەنگ

دوای 14 ساڵ لە جەنگ، کەرتی دارایی سووریا بە بچووکی ماوەتەوە و چالاکییەکانی تەنیا لەسەر بانکەکان چڕبوونەتەوە. ئێستا ئاڵوگۆڕی دارایی لەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە پارەی کاش دەبەستێت، ژێرخانی پارەدانی دیجیتاڵی کۆن بووە و سیستمەکانی چاودێری و سەقامگیریی دارایی رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بوونەتەوە.

ئەم گرفتانە بوونەتەهۆی زیادبوونی تێچووی مامەڵەکان و رێگربوون لەوەی سووریا بە سیستمە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە ببەسترێتەوە. بانکی جیهانی جەخت دەکاتەوە کە بوونی سیستمێکی دارایی کارا، بۆ چاکبوونەوەی ئابووریی سووریا یەکجار گرنگە، چونکە ئاسانکاری دەکات بۆ دابەشکردنی مووچە، خانەنشینی، گواستنەوەی پارە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و شەفاف.

پێکهاتە و ئامانجەکانی پڕۆژەکە

پڕۆژە نوێیەکە کار لەسەر چەندین تەوەری سەرەکی دەکات، لەوانە:

نوێکردنەوەی ژێرخان: نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی سەرەکیی دارایی و بەرزکردنەوەی توانای بانکەکان.

بەهێزکردنی بانکی ناوەندی: زیادکردنی توانای کارگێڕیی بانکی ناوەندیی سووریا و یەکەی کۆکردنەوەی زانیارییە داراییەکان.

تەکنەلۆژیا و ئاسایش: وەبەرهێنان لە سیستمە بنەڕەتییەکانی بانکی ناوەندی، تەکنەلۆژیای زانیاری و بەهێزکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی.

چاودێری و وردبینی: ئەنجامدانی وردبینیی سەربەخۆ و ورد بۆ جۆری سەرمایەی بانکە گشتی و تایبەتەکان، هەروەها بەهێزکردنی تواناکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.

دەستکەوتە چاوەڕوانکراوەکان بە ژمارە

پڕۆژەکە ئامانجییەتی لە ماوەی جێبەجێکردنیدا ئەم دەستکەوتانە بەدی بهێنێت:

- کاراکردنی سیستمە بنەڕەتییەکانی کەرتی دارایی.
- ئەنجامدانی لانیکەم 15 ملیۆن مامەڵەی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ساڵێکدا.
- پاڵپشتیکردنی لانیکەم 500 هەزار کەس و کۆمپانیا بۆ بەکارهێنانی سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی، کە 150 هەزار لەوانە ژن دەبن.

گۆشەگیریی بانکەکانی سووریا

بانکەکانی سووریا لە ماوەی جەنگی ناوخۆدا بە تەواوی لە سیستمی دارایی جیهانی دابڕان، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011دا پەنای بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران برد، کە وایکرد وڵاتانی رۆژئاوا سزای تووند و بەکۆمەڵ بەسەر ئەو وڵاتە و بانکی ناوەندیدا بسەپێنن.

ئێستا ئەم پڕۆژەیەی بانکی جیهانی وەک هەوڵێک دەبینرێ بۆ گێڕانەوەی سووریا بۆ سەر رێڕەوی دارایی و ئابووریی جیهانی.

ئابووریی جیهان تا کەی بەرگەی ناڕوونییەکانی تەنگەی هورمز دەگرێت؟


لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بازاڕی وزە و ئاسایشی دابینکردنی نەوت و گاز تووشی ناسەقامگیرییەکی مەزن بووە. بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز و بەئامانجگرتنی رێڕۆکانی کەشتیوانی و ژێرخانی پێشەسازی، وڵاتانی بەکاربەر ناچار بوون پەنا بۆ خستنەڕووی بێپێشینەی یەدەگی ستراتیژیی نەوت (SPR) ببەن. بەڵام کەمکردنی خێرای ئەم یەدەگەیە، ئابووریی جیهانی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە و گوشارەکانی لەسەر واشنتن و تاران بە ئاراستەی دانوستاندن و ئاساییکردنەوەی رەوشی تەنگەی هورمز زیاد کردووە.
زیاتر لە پێنج مانگە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز ئاسایی نییە. کاتێک نزیکەی 20٪ی نەوت و گازی سرووشتیی شلکراوەی (LNG) وڵاتانی بەرهەمهێنەر ناگاتە وڵاتانی بەکاربەر، زنجیرەی دابینکردنی وزە رووبەڕووی مەترسییەکی بێپیشینە دەبێتەوە. هەربۆیە ئێستا تەنگەی هورمز بووەتە خاڵی نێوەندیی دانوستاندنەکان، چونکە لە کورتخایەندا هیچ جێگرەوەیەک بۆ ئەم رێڕۆیە نییە و جیهان بەدەست لێکەوتەکانییەوە دەناڵێنێت.

بەپێی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و زانکۆی ئوکسفۆرد بۆ چاودێری کەشتیوانی دەریایی ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕیون، بەراورد بە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوو بۆ یەک لەسەر سێ کەمی کردووە. لە نیوەی دووەمی ساڵی 2025دا، 8,829 تانکەری نەوت و گاز لەگەڵ 6,876 کەشتیی گواستنەوەی کاڵا تێپەڕیبوون، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی 2026دا ئەم ژمارەیە دابەزیوە بۆ 2,938 تانکەری نەوت و گاز و 2,841 کەشتیی گواستنەوەی کاڵا.

ئەم جیاوازییە گەورەیەی گواستنەوە تەنانەت بە یەدەگی ستراتیژیی وڵاتانیش پڕ ناکرێتەوە؛ ئەگەر بەردەوامی هەبێت، سەرەڕای کەمکردنەوەی هاوردەکردنی نەوت لەلایەن چینەوە بەڕێژەی 32٪ و خستنەڕووی 290 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی ستراتیژی لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی بەکاربەر لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، هێشتا نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەروو 90 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەم دۆخەی ئێستا نەبووایە لەخوار 70 دۆلارەوە دەبوو، واتە جیاوازییەک بۆ هەر بەرمیلێک 20بۆ 30 دۆلارە کە جیهان رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە 102 ملیۆن بەرمیلە.

لە سەرەتای جەنگەکەوە، مەترسیی شۆکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەڵئاوسان و پاشەکشەی گەشەی ئابووریی جیهان هەبوو،بەڵام ئەوەی رێگری لە تەقینەوەی بێپێشینەی نرخەکان کرد بریتی بوون لە: گۆڕینی رێڕەوی هەناردە لەلایەن سعودیە، ئیمارات و عێراق، و بەرهەمهێنانی زیاتر لەلایەن بەڕازیل و فەرەنساوە—خستنەڕووی یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا و بەکارهێنانی یەدەگی نەوتی چین بوو.

ئێستا بازاڕی وزە بەدەست دوو پرسیاری چارەنووسسازەوە دەناڵێنێت؛ یەکەمیان ئەوەیە تا کەی دوو گەورە ئابوورییەکەی جیهان دەتوانن پشت بەیەدەگی ستراتیژی نەوت ببەستن بۆ خستنەڕوو و بەکارهێنان؟ دووەمیشیان ئەوەیە لێکەوتەکانی بەردەوامیی جەنگ یان گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئاستی یەدەگی وڵاتان چی دەبن؟

داڕمانی یەدەگی ئەمریکا و تاکتیکی چین لەم جەنگەدا

ئەو ئارامیییەی لە بازاڕەکانی نرخی نەوتدا دەبینرێت، زیاتر لەوەی بەهۆی ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی رێڕەوەکانی زنجیرەی دابینکردن و گۆڕینی بەکارهێنان وزەی پاک بێت، پەیوەندیی راستەوخۆی بە خستنەڕووی یەدەگی نەوتی ئەمریکا و کەمکردنەوەی خواستی چینەوە بۆ هاوردەکردنی نەوت هەیە.

ئەمەش لەکاتێکدا سێ دامەزراوە گەورەکەی جیهان، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF)، گرووپی بانکی جیهانی (WBG) و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) بەیەکەوە هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی بەکارهێنانی یەدەگەکان، دەبێتە هۆی زیاتربوونی ئەگەری بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسانی جیهانی و تێچووی گواستنەوە و کەمبوونەوەی پەینی کیمیایی، کە راستەوخۆ پەیوەندی بەنرخی خۆراکەوە هەیە و کەمدەبێتەوە و گرانتری دەکات.

بەپێی داتاکانی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا eia بڕی نەوتی یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا (SPR) روو لە دابەزینە؛ لە 24ی تەممووزی 2026 کۆی نەوتی کۆگاکراو بۆ 307 ملیۆن بەرمیل دابەزی کە نزمترین ئاستییەتی لە چوار دەیەی رابردوو دا. کەمبوونەوەی یەدەگی ئەمریکا لە ماوەی ئەم جەنگەدا (لە ئادارەوە بۆ تەممووز) 107 ملیۆن بەرمیل بووە؛ واتە هەفتانە 5.4 ملیۆن بەرمیل و مانگانە 21.5 ملیۆن بەرمیل کەم دەکات ئەگەر ئەم دۆخەی تەنگەی هورمز بەردەوام بێت.

ئەمریکا وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر و بەکاربەری نەوت لە جیهاندا، رۆژانە 19.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەهێنێت کە دەکاتە 18.8٪ی کۆی بەکارهێنانی جیهان، لە بەرامبەردا رۆژانە 21.1 ملیۆن بەرمیل بەرهەمدەهێنێت کە رێژەی 20.9٪ی بەرهەمهێنانی جیهانییە. بەڵام کۆی توانای کۆگاکردنی 700 ملیۆن بەرمیلە، کە ئێستا لە خوار نیوەوە و لە نزمترین ئاستیدایە.

لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لە نهێنییەکانی ئەم جەنگە کەمبوونەوەی خواستی چینە بۆ نەوتی هاوردەکراو. چین هاوردەکردنی بە بڕی 4.6 تا 5 ملیۆن بەرمیل کەمکردووەتەوە بەبێ ئەوەی پێشەسازییەکانی بوەستن. دانیال یارگین، شارەزای وزە و جێگری سەرۆکی بۆردی S&P دەڵێت: "چین نەوتی هەرزان دەکڕێت و کۆگای دەکات، کە گران بوو بەکار دەهینێت وەکو ئەوەی ئێستا دەبینرێت"، بەڵام هەندێک لە شارەزایانی بواری وزە پێشبینی دەکەن ئەگەر ئەم دۆخەی تەنگەی هورمز بەردەوام بێت چین دەست بەکڕینی نەوت بکاتەوە، بەمەش لەوانەیە نرخەکان جارێکی دیکە روو لە هەڵكشانە بکات لەسەرەتای ئەم جەنگە باسدەکرا.

پێش جەنگ، کۆی نەوتی کۆگاکراوی چین نزیکەی 1.4 ملیار بەرمیل بوو، واتە زیاتر لە نیوەی نەوتی کۆگاکراوی جیهان، بەڵام ئێستا نەوتی کۆگاکراوی جیهان لەماوەی ئەم جەنگەدا لە 2.4 ملیار بەرمیلەوە بۆ 1.4 ملیار بەرمیل دابەزیوە. بەردەوامیی ئەم دۆخە تا کۆتایی ساڵ، نەوتی کۆگاکراوی جیهان تەواو دەکات و بازاڕ رووبەڕووی شۆکێکی بێپێشینە دەکاتەوە.

ئەم دوو گەورە ئابوورییە 35.7٪ی کۆی نەوتی بەکارهێنراوی جیهان پێکدەهێنن. ئێستا، بەهۆی ئەم دۆخەوە کارگەکان لە چین بەرهەمهێنانیان کەمکردووەتەوە و خەڵک لەم وەرزی پشووە روویان لە گواستنەوە بە شەمەندەفەر لەجیاتی فڕۆکە و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کردووە، ئەمریکاش بەدەست بەرزبوونی نرخی وزە و مەترسیی هەڵئاوسانەوە دەناڵێنێت.

توانای بەرگەگرتنی وڵاتان و خۆڕاگریی بازاڕەکان

فاتیح بیرول، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژە بەوە دەکات :"ئەگەر لە چەند هەفتەی داهاتوودا بارودۆخەکە باش نەبێت، ئاسایشی وزە دەکەوێتە مەترسییەکی زۆر هەستیارەوە ". بەکارهێنانی نەوتی کۆگاکراو چارەسەرێکی کاتییە و توانای قەرەبووکردنەوەی پچڕانی درێژخایەنی زنجیرەی دابینکردنی نییە.

بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) و فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA)، بەرگەگرتنی وڵاتان بەبێ هاوردەکردنی نەوت لە 2026دا بە شێوەیەک بووە کە ژاپۆن توانای بەرگەگرتنی 230 رۆژی هەبووە، کۆریای باشوور 110 رۆژ، چین زیاتر لە 100 رۆژ، ئەڵمانیا 91 رۆژ، ئەمریکا 84 رۆژ، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە نێوان 70 بۆ 90 رۆژ، بەریتانیا 47 رۆژ و هیندستان 10 رۆ، کەبەهۆی تەنگەی هورمزەوە رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئەو رۆژانەی بتوانن خواستی رۆژانەی نەوت لە ئەمبارەکانەوە دابین بکەن کەمتردەبێتەوە.

لەراستیدا تێپەڕبوونی نەوت لە تەنگەی هورمز لە چارەکی چوارەمی 2025 بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2026 کە نزیکەی جوار مانگی جەنگ، ئاگربەست و لیکەتیگەیشتن بووە بە بڕی نزیکەی نیوە کەمیکردووە نەوەکو ئەوەی سفر بووبێتەوە، بەپێی داتاکانی eia لە شەش مانگی یەکەمی 2025 رۆژانە 20.5 ملیۆن بەرمیل بووە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی 2026دا دابەزیوە بۆ 10.1 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، واتە بڕی کەمبوونەوەکە 10.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.

ئێستا، ئەگەر بارودۆخەکەش ئاسایی ببێتەوە و لیکەتیگەشتن لەبارەی هورمزەوە بێتە ئاراوە، بڕی 1.2 ملیار بەرمیل نەوتی بەکاربراو پێویستی بە پڕکردنەوەی دووبارە هەیە، سەرەڕای خواستی ئاسایی وڵاتان بۆ نەوت. ئەمەش بەواتای دروستبوونی خواستێکی پێوانەیی دێت بۆ نەوت، لە کاتێکدا بەهۆی بەئامانجگرتنی ژێرخانی کێڵگەکان و رێڕەوەکانی گواستنەوە و کەمبوونەوەی وەبەرهێنان، خستنەڕوو دابەزیوە. لەراستیدا ئەم هاوکێشەیە وا دەکات لێکەوتەکانی داخستنی تەنگەی هورمز لەم جەنگەدا زیاتر دەربکەوێت و نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ماوەیەکی درێژخایەنتر لەوەی چاوەڕی دەکرێت بە بەرزی بمێننەوە.
کۆتایی

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر رێککەوتنی شێوازی هاتووچۆی کەشتییەکانن لە تەنگەی هورمز. ئەوەی لێکتێگەیشتنەکەی ژنێڤی لە سەرەتای تەممووزدا هەڵوەشاندەوە، دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لە تێگەیشتن لەو بەندەی پەیوەندی بە تەنگەی هورمزەوە هەبوولەنێوان تاران و واشنتن. هەربۆیە، ئاساییبوونەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان لەم تەنگەیەدا، دانوستانەکانی تاران و واشنتن دەباتە قۆناخێکی نوێوە؛ چونکە لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوتەوە تا بەکاربەران، هەموو بەدەست ئەم نادڵنیاییەوە دەناڵێنن.

لەراستیدا، بەکارهێنانی 290 ملیۆن بەرمیل یەدەگ لە 400 ملیۆن بەرمیل لەلایەن وڵاتانی ئاژانسی وزە IEA و دابەزینی یەدەگی ستراتیژی نەوتی SPR کۆگاکانی ئەمریکا بۆ خوار 308 ملیۆن بەرمیل، لەگەڵ بەکارهێنانی نزیکەی 700 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی چین، دەریدەخەن کە پشتبەستن بە یەدەگی ستراتیژی چارەسەرێکی کاتیییە نەک درێژخایەن.

لەکۆتاییدا، پڕکردنەوەی دووبارەی ئەم کۆگایانە گوشارێکی گەورەی دیکە دەخاتە سەر نرخەکان. نزیکترین سیناریۆ لەم قۆناخەدا، گەیشتنە بە رێککەوتنێکی مامناوەند بۆ راگرتنی شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمز؛ چونکە رەتکردنەوەی ئەم هەنگاوە، ئابووریی جیهان بەرەو قەیرانێکی کەمبینراو و پەڕینەوەی ئاستی یەدەگەکان بۆ ژێر هێڵی سوور دەبات.

محمود بابان

لەگەڵ کەمبوونەوەی داهاتی عێراق، ئاڵوگۆڕی پارە لە رێگەی مۆبایلەوە 50٪ کەمی کردووە



عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی گەورەی دیجیتاڵیدایە. بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق، لە ماوەی 30 مانگدا قەبارەی مامەڵە داراییەکان لە ڕێگەی مۆبایلەوە (Mobile Wallet) گەیشتووەتە نزیکەی 12.8 تریلیۆن دینار، کە زۆرترینی لە رێگەی زەین کاشەوە بووە، بەڵام لەگەڵ کەمبوونەوەی داهاتی عێراق بەهۆی جەنگەوە، ئاڵوگۆڕی پارە لەو رێگەیەوە 50٪ کەمی کردووە.
بەگوێرەی ئاماری مانگانەی بانکی ناوەندیی عێراق، چوار کۆمپانیای تۆمارکراو هەن، کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو لە رێگەی مۆبایلەوە دەکەن، ئەوانیش ئاسیا حەواڵە، ناسپەی، فاست پەی و زەین کاشن، بانکەکە داتای 30 مانگ (کانوونی دووەمی 2024 تاوەکو حوزەیرانی 2026)ی ئەو کۆمپانیایانەی بڵاوکردووەتەوە دەرکەوتەوە لەو ماوەیەدا 12 تریلیۆن و 790 ملیار و 419 ملیۆن و 502 هەزار و 211 دیناریان ئاڵوگۆڕ کردووە.

نەبیل نەجار، سەرۆکى رێکخراوى وەعینا بۆ رۆشنبیرى پارەدانى ئەلیکترۆنى رایگەیاند: "زیاد بوونى قەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕەى دراو بەهۆى زیادبوونى بەکارهێنەرانى و ئەو شێوازە و زیادبوونى تۆڕى بریکارەکان و ئەو گرێبەستانەیە کە کۆمپانیاکانى پارەدانى ئەلیکترۆنى لەگەڵ دامەزراوەکانى حکومەت هەیانە."

زەین کاش؛ یەکەمی بێ رکابەر

زۆرترین پارەی ئاڵوگۆڕکراو لە رێگەی زەین کاشەوە بووە، کە 12 تریلیۆن و 81 ملیار و 823 ملیۆن و 618 هەزار و 894 دینار بووە، واتە 94٪ی ئەو پارەیەی لە رێگەی مۆبایلەوە ئاڵوگۆڕکراوە.

مانگی ئاداری 2024 بە "مانگی زێڕین"ی ئەم کۆمپانیایە دادەنرێت، کە نزیکەی 585 ملیار دیناری تێپەڕاندووە.

کۆمپانیای فاستپەی (Fast Pay) کە لە پلەی دووەمی بازاڕە داراییە ئەلیکترۆنییەکە دایە، کۆی گشتی مامەڵەکانی لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە 367 ملیار و 193 ملیۆن و 504 هەزار و 634 دینار بووە.

گەورەترین بازدانی کۆمپانیای فاست پەی لە مامەڵەی ئەلیکترۆنیدا لە مانگی ئاداری 2025دا بووە، کە تەنیا لەو مانگەدا زیاتر لە 129 ملیار دیناری لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکەی ئاڵوگۆڕ کردووە.

ناس پلەی لە پلەی سێیەم دێت بە ئاڵوگۆڕکردنی 285 ملیار و 74 ملیۆن و 912 هەزار و 985 دینار. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی 2026دا بەهێزتر دەرکەوتووە، بەتایبەت لە مانگی کانوونی دووەمی 2026دا زیاتر لە 27 ملیار دیناری ئاڵوگۆڕ کردووە.

ئاسیا حەواڵە کەمترین پشکی لە بازاڕەکەدا بەرکەوتووە، لە ماوەی 30 مانگدا تەنیا 56 ملیارو 327 ملیۆن و 465 هەزار و 698 ئاڵوگۆڕ کردووە.

ئاڵوگۆڕی پارە لە رێگەی مۆبایلەوە کەمی کردووە

ساڵی 2024 ساڵی لوتکەی گەشەی ئابووری دیجیتاڵی بووە، لەو ساڵەدا 6 تریلیۆن دینار و 10 ملیار دینار و 831 ملیۆن و 234 هەزار و 310 دینار بووە، بەڵام لە ساڵی 2025دا قەبارەی ئاڵوگۆرەکە کەمی کردووە بۆ 4 تریلیۆن و 607 ملیار و 175 ملیۆن و 65 هەزار و 224 دینار بووە، واتە بە رێژەی 23٪ کەمی کردووە.

لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی عێراق بەهۆی جەنگەی ئێرانەوە، ئاڵوگۆڕی دراویش لە رێگەی ئەپەکانی مۆبایلەوە کەمی کردووە. لە شەش مانگی یەکەمی پاردا 2 تریلیۆن و 664 ملیار و 834 ملیۆن و 849 هەزار و 356 دینار بووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵیشدا ئاڵوگۆڕەکە لە رێگەی ئەو چوار کۆمپانیایە 2 تریلیۆن و 143 ملیار و 498 ملیۆن و 896 هەزار و 848 دینار بووە.

شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی پار، ئەو ئاڵوگۆڕە 521 ملیار و 335 ملیۆن و 952 هەزار و 508 دینار کەمی کردووە، واتە بە رێژەی 24٪ کەمی کردووە.

لە شەش مانگی 2026دا زۆرترین کەمبوونەوەی مامەڵەی ئەلیکترۆنی لە دوو مانگی کۆتایی بووە، بە جۆرێک لە چوار مانگی سەرەتادا بە تێکڕا مانگانە 430 ملیار دینار ئاڵوگۆڕ کراوە، بەڵام تێکڕای دوو مانگی کۆتایی 203 ملیار دینار بووە. واتە ئاڵوگۆڕەکە لە دوو مانگی کۆتایی بە رێژەی 50٪ کەمی کردووە.

سەرۆکی رێکخراوى وەعینا بۆ رۆشنبیرى پارەدانى ئەلیکترۆنى دەڵێت، کەمبوونەوەى مامەڵەى پارەدانى ئەلیکترۆنى کۆمپانیایەک ناکرێت تەنیا لە رێگەى ژمارەوە هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت ئەوە پەیوەندارە بە هۆکارى دیکەى وەک بازاڕ، ژمارەى بەکارهێنەران و ریکارەکان لەگەڵ زیادبوونى خزمەتگوزارى ئەلیکترۆنى راستەوخۆى بانکەکان بۆ پارەدانى لیکترۆنى.

نەبیل نەجار دەشڵێت هەڵسەنگاندنى ئەو کەمکردنەوەیە باشترە لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنى ئاڕاستەکانى بازاڕ بێت نەک لەسەر بنەماى جیاوازى نێوان دوو مانگ، بۆیە ناکرێت ئەو کەمکردنەیەى روویداوە ئاماژە بێت بۆ پاشەکشێى کەرتى پاردانى ئەلیکترۆنى، ئەگەر بۆ ماوەیەکى درێژتر بەردەام نەبێت.

عێراق زیاتر لە 186 تریلیۆن دینار قەرزدارە


قەرزی دەرەکیی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 53 ملیار دۆلار (زیاتر لە 80 تریلیۆن دینار)، قەرزە ناوخۆییەکانیشی 106 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، بە گوتەی پسپۆڕێکی ئابووری، یاسایەک نییە لە عێراق کە پاڵپشتی قەرزی دەرەکی بێت و پێویستە لە یاساى بودجەدا جێگەى بکرێتەوە.
پێنوێنی ئابووری مانگانەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەریانخستووە، تاوەکو سەرەتای مانگی نیسانی رابردوو، قەرزی دەرەکیی عێراق 53.4 ملیار دۆلار بووە (زیاتر لە 80 تریلیۆن دینار)، هەروەها قەرزە ناوخۆییەکانیشی تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵ گەیشتووەتە 106 تریلیۆن دینار، بەمەش ئێستا حکومەتی عێراق بە هەردوو جۆری قەرزەکە زیاتر لە 186 تریلیۆن دینار قەرزدارە.

لە خشتەی پێنوێنییەکەدا، لە مانگەکانی نیسان تاوەکو حوزەیران هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ بەسەر بڕی قەرزەکەدا نەهاتووە.

مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی ئایندەی عێراق  رایگەیاند: "عێراق لەو ماوەیەدا قەرزی نوێی لە دەرەوە نەکردووە".

قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق لە هەمان ماوەدا گەیشتووەتە 106 تریلیۆن دینار، بەرزبوونەوەی بڕی قەرزى نێوخۆیی و دەرەکى عێراق پەیوەستە بە دۆخی دارایی و کەمبوونەوەی داهات بۆ نزیکەی 20%ـی بڕی پێشووی داهاتی نەوتی و نانەوتی.

مەنار عوبەیدی گوتی، یاسایەکی تایبەت بە قەرزی دەرەکی لە عێراق نییە و یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی قەرزی نوێی دەرەکی ئەوە بووە کە ئەو پرسە پێویستە لەنێو یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێگەی بکرێتەوە، ئەگەر نیەتێک هەبێت بۆ ئەو جۆرە قەرزە.

ئەم ساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبووە و بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵى داهاتوو بگاتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی.

بۆ ئەوەی حکومەت دەستکراوە بێت لە قەرزکردن، پڕۆژەیاسایەکیان ناردووە بۆ پەرلەمان بە ناوی "قەرزی دەرەکی" کە دەسەڵات بە وەزیری دارایی دەدات تاوەکو دوو تریلیۆن دینار و سەرۆکوەزیرانیش تاوەکو 5 تریلیۆن دینار قەرزی دەرەکی بکات.

ئەو قەرزەی کە عێراق لە دەرەوە وەریدەگرێت، وەک خەرجیی وەبەرهێنان بەکاری دەهێنێت و بۆ بودجەی بەکارخستن بەکارناهێنرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجی و داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، خەرجیی وەبەرهێنان تەنیا 3.4%ـی تەواوی خەرجییەکان بووە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی داهات.

گەنەل ئێنێرجی: بەرهەمهێنانی نەوت لە تاوکێ و پێشابوور 66% کەمی کردووە


کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی لە نوێترین راپۆرتی دارایی و کارگێڕیی خۆیدا بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 ئاشکرای کرد، ئاستی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشابوور بە رێژەی 66.3% کەمبووەتەوە بەراورد بە هەمان ماوەی پار.
بەپێی راپۆرتــی گەنەل ئێنێرجی، ئەم دابەزینە بۆ راگرتنی کاتیی کارەکانی بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە کە بەهۆی هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان و ململانێکانی ناوچەکە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵدا روویاندا.

دابەزینی بەرهەمهێنان و زیانە سەرەتاییەکان

لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ گەیشتووەتە 26,400 بەرمیل، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا بڕەکە 78,400 بەرمیل بووە. پشکی گەنەل ئێنێرجی لە کێڵگەی تاوکێ 25%ـە، لەو رێژەیەی پشکەش بەرهەمهێنانی لە 19,600 بەرمیلەوە بۆ تەنیا 6,600 بەرمیل نەوت دابەزیوە.


بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی 4 مانگ بە تەواوی راگیرابوو؛ چونکە لە کۆتایی مانگی شوباتدا و بەهۆی دەستپێکردنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، وەک رێکارێکی خۆپارێزی تەواوی چالاکییەکان و هەڵکەندنی بیری نوێ راگیران.

دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان

بەپێی راپۆرتــەکە، کارە سەرەتاییەکانی هەڵکەندن و لێدانی بیرەکان لە مانگی نیساندا دەستیان پێکردووەتەوە و کارەکانی بەرهەمهێنانیش لە 28ی حوزەیرانی 2026دا (کەمێک پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم) دەستیان پێکردووەتەوە. پێش داخستنی کێڵگەکان، ئاستی بەرهەمهێنان نزیکەی 79,900 بەرمیل بووە.

فرۆشی ناوخۆ و نرخی بەرمیل

بەهۆی بەردەوامیی راگرتنی هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە، تەواوی نەوتە بەرهەمهێنراوەکە لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا فرۆشراوە. تێکڕای نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت لە ناوخۆ لە نیوەی یەکەمی 2026دا 31 دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا 33 دۆلار بووە.
گەنەل ئێنێرجی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان، نرخەکان بۆ سەروو 35 دۆلار بەرزبوونەتەوە و تەواوی شایستە داراییەکان بە نەختینە و پێش وەرگرتنی نەوتەکە وەرگیراون.

شایستە داراییەکان و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتــەکەدا، گەنەل ئێنێرجی تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی دارایی خۆی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە قەرزەکان، تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2026، بڕی 88 ملیۆن دۆلار وەک شایستەی دارایی لای حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە (بەبێ سوودی بانکی).

سەبارەت بەو دۆسیە یاساییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بردییەوە، کۆمپانیاکە رایدەگەیێنێت، لقەکەیان بڕی 26 ملیۆن دۆلار قەرزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دوای ئەوەی لە مانگی نیساندا داوای تانەگرتنیان رەتکرایەوە، چیدیکە هیچ هەوڵێکی یاسایی لەمبارەیەوە نادەن.

پاوڵ وێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەنەل ئێنێرجی، گوتی: "لە هەرێمی کوردستان، ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ DNO بۆ ئاساییکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەی هەناردە، تاوەکو بگەینە لووتکەی داهاتەکان و سوود لە نرخە نێودەوڵەتییەکان وەربگرین."




وەزیری دارایی عێراق رەشنووسی یاسای قەرز رادەستی پەرلەمان دەکات


وەزیری دارایی عێراق رەشنووسی یاسایەک بۆ قەرزکردن دەداتە لیژنەی دارایی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجییەکانی ئەم ساڵ، بەگوتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی، ئامانجی یاساکە قەرزی دەرەکی و دابینکردنی پارەیە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

 جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: وەزیری دارایی رەشنووسی پڕۆژەیاسای قەرزی رادەستی لیژنەکەیان کردووە و ئێستا لە قۆناخی داڕشتنەوەدایە کە ئامانجی لێی بەدەستهێنانی قەرزی دەرەکییە.

ئەو پڕۆژەیاسایە بە رێککەوتن لەنێوان پەرلەمان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئامادە کراوە، بەبێ ئەوەی بە دەنگدانی ئەنجوومەنی وەزیراندا تێپەڕێت.

جەمال کۆچەر رایگەیاند، ئەو یاسایە دەبێتە پاڵپشتی بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت قەرز لە دەرەوە بکات، بەتایبەت کە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2032 قەرزکردنی دەرەکی راگیراوە. بەرپرسانی بانکی نێودەوڵەتی بە وەزارەتی داراییان راگەیاندووە، بەبێ بوونی ئەو یاسایە ناتوانن قەرزیان پێ بدەن.

کەمبوونەوەی داهات، کورتهێنانی لە خەرجییەکانی عێراق دروستکردووە، بەتایبەت خەرجیی وەبەرهێنان کە بۆ پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ تەنیا 3.5%ـی تێکڕای خەرجییەکانی بووە.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو یاسایە بۆ پاڵپشتیی خەرجیی وەبەرهێنانی ساڵی 2026 دەبێت، وەک جێگرەوەی یاسای بودجەی ئەم ساڵ و لە پڕۆژە یاساکەدا بڕى ئەو پارەیە دیاری نەکراوە، کە دەتوانرێت قەرز بکرێت..

تێچووی جەنگی ئێران گەیشتووەتە 37 ملیار دۆلار و ئەمریکا پارەی زیاتری دەوێت


پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێس رووبەڕووی پرسیاری قورس و ناڕەزایەتی بووەوە، دوای ئەوەی ئاشکرای کرد کە تێچووی جەنگی ئێران تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 37.5 ملیار دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمارییەکان دەیانەوێت 95 ملیار دۆلاری دیکە بۆ سوپا و چەند پڕۆژەیەکی کۆشکی سپی پەسند بکەن.

رۆژی سێشەممە لە دانیشتنێکی لیژنەی تەرخانکردنی بودجەی ئەنجوومەنی پیران، چەندین جار خۆپێشاندەرانی ئامادەبووی هۆڵەکە قسەکانی هێگسەسیان پێبڕی. ئەم دانیشتنە تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە پێنتاگۆن رایگەیاند 3 سەربازی دیکەی ئەمریکی لە شەڕەکەدا کوژراون و زیاتر لە 100 سەربازیش لە سەرەتای تەممووزەوە بریندار بوون.

کۆی گشتیی کوژراوانی ئەمریکا لەم جەنگەدا کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، گەیشتووەتە 18 سەرباز. 10 لەوانە بە هێرشی راستەوخۆی ئێران و 8ی دیکە بەهۆی رووداوی دیکەی وەک کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە و تەقەی دۆستانە کوژراون.

پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە ئەنجوومەنی پیران
هێگسەس: ئەگەر پارەمان نەدەنێ تووشی کێشە دەبین

وەزیری جەنگ داوای کرد، ئەو 95 ملیار دۆلارە بەپەلە پەسند بکرێت و گوتی:
“
ئەمە پارەیەکی زۆر پێویست و بەپەلەیە، لەگەڵ ئەو 1.5 ترلیۆن دۆلارەی کە ترەمپ بۆ بودجەی بەرگری داوای کردووە... ئەگەر ئەم پارانەمان نەبێت، رووبەڕووی کەمکوڕییەکی گەورە دەبینەوە.

لە بەرامبەردا، سیناتۆرە دیموکراتەکان ناڕەزاییی تووندیان نیشان دا. پاتی مۆرای گوتی: "ئەم شەڕە خەریکە لە دەست دەردەچێت. ترەمپ بەردەوام دەڵێت رێککەوتن نزیکە، بەڵام ئێستا داوای 70 ملیار دۆلاری دیکە دەکات و دەڵێت تەنیا متمانەم پێ بکەن هەموو شتێک باش دەبێت!"

جین شاهین، سیناتۆرێکی دیکەی دیموکرات لێی پرسی: "بۆچی داوا لە خەڵکی ئەمریکا دەکەن باجی شەڕێک بدەن کە پشتیوانیی ناکەن؟ ئێوە هێشتا نیوەی ئەو 150 ملیار دۆلارەتان خەرج نەکردووە کە ساڵی رابردوو پێمان دان!" هێگسەس لە وەڵامدا گوتی، تاوەکو مانگی ئەیلوول هەموو ئەو پارەیەی پێشوو خەرج دەکەن.
ترەمپ شەڕ راناگرێت

لە کاتێکدا راپرسییەکان دەریدەخەن زۆربەی ئەمریکییەکان دژی شەڕەکەن، هەروەها نرخی بەنزینیش بەرزبووەتەوە چونکە ئێران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی نەوت دەدات لە تەنگەی هورمز، ترەمپ هیچ نیشانەیەکی پاشەکشێی نیشان نەداوە. کۆمارییەکانیش کە پارتەکەی ترەمپن، رەتیدەکەنەوە رێگری لەم شەڕە بکەن.

لەو 95 ملیار دۆلارەی کۆمارییەکان داوای دەکەن، 72 ملیاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی و جەنگە، 10 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ئەو جووتیارانەیە کە بەهۆی باجەکانی ترەمپەوە زیانمەند بوون و 10 ملیار دۆلاریشی بۆ گۆڕینی یاساکانی هەڵبژاردنە.
شەڕە قسە لەنێوان وەزیر و سیناتۆرەکاندا

لە کۆتایی دانیشتنە 3 کاژێرییەکەدا دۆخەکە زۆر ئاڵۆز بوو.

سیناتۆر جۆن کێنەدی (کۆماری) پرسیاری لە جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکای کرد کە ئایا ئێران باج لەو کەشتییانە وەردەگرێت کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن؟ جەنەڕاڵەکە گوتی "نازانم"، کێنەدیش بە تووڕەیییەوە پێی گوت: "ئێمە وەڵامی روونمان دەوێت!"

سیناتۆر کرستن جیلیبراند لە هێگسەسی پرسی: "ئایا توانای ئەتۆمیی ئێرانتان لەنێوبردووە یان نا؟" هێگسەس لەبری وەڵامدانەوە گوتی: "تۆ تەنیا دەتەوێت ریکلامی هەڵبژاردن بۆ خۆت بکەیت."

گەرمترین دیالۆگی دانیشتنەکە:

سیناتۆر گاری پیتەرز (دیموکرات): "ستراتیجیی ئێوە لەم شەڕەدا شکستخواردوو بووە. ئێوە هیچ پلانێکی درێژخایەنتان بۆ بردنەوەی ئەم جەنگە نییە. سەربازەکانمان سەرکەوتوون، بەڵام ئێوەی سەرکردە شکستتان هێناوە."

پیت هێگسەس: "شەرمە بۆ تۆ و ئەوانەی دیکەش کە دەڵێن ئەمە شکستە. دیموکراتەکان تەنیا نەخۆشیی شێتبوون بە ترەمپـیان هەیە و نایانەوێت ئەو پارەیەم بدەنێ کە پێویستمە."

ئایا حووسییەکان دەتوانن بابولمەندەب دابخەن؟


راگەیاندنی گەمارۆ لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە دژی سعودیە، ئەگەری ئەوەی هەیە شەڕی ئێران فراوانتر بکات و دابینکردنی نەوت و بازرگانیی جیهانی زیاتر پەکبخات.
حووسییەکان دەڵێن، وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆی سعودیە بۆ سەر یەمەن و هێرشەکەی ئەم دواییە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا، تەنگەی بابولمەندەبیان بەڕووی ئەو کەشتییانەدا داخستووە کە پەیوەندییان بە سعودیەوە هەیە. تەنانەت حووسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە رۆژی سێشەممە شەش کەشتیان ناچار کردووە رێڕەویان بگۆڕن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بۆچی بابولمەندەب گرنگە؟

تەنگەی بابولمەندەب دەکەوێتە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە، کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن دەبەستێتەوە و یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.

نزیکەی 12٪ـی بازرگانیی جیهانی، لەنێویاندا چارەکێکی جموجووڵی کۆنتەینەرەکانی جیهان، بەنێو ئەم تەنگەیەدا تێدەپەڕن بۆ گواستنەوەی کاڵاکان لەنێوان ئەورووپا و ئاسیا لە رێگەی نۆکەندی سوێسی میسرەوە.

گرنگیی ئەم تەنگەیە بۆ هەناردەی نەوتی سعودیە زیاتر بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی ئێرانەوە تەنگەی هورمز داخرا و هاتووچۆی کەشتییەکان لە کەنداوەوە سنووردار بوو. بۆیە داخستنی ئەم تەنگەیەش مەترسییەکی گەورە لەسەر بازرگانی و وزەی جیهانی دروست دەکات.

ئایا حووسییەکان بە راستی دەتوانن تەنگەکە دابخەن؟

هەرچەندە حووسییەکان کۆنترۆڵی ئەو بەشەی کەناراوەکانی یەمەن ناکەن کە دەکەوێتە سەر بابولمەندەب، چونکە بەدەست نەیارەکانیانەوەیە لە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن، بەڵام ناوچەیەک کۆنترۆڵ دەکەن کە کەمتر لە 100 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.

سێ بەرپرسی حووسییەکان بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاندووە، مانگانێکە پلانیان داناوە چۆن رێگری لە کەشتییەکان بکەن. بە گوتەی ئەوان، پلانەکان بەکارهێنانی مینی دەریایی، بەلەمی بۆمبڕێژکراو، درۆن و هێلیکۆپتەر لەخۆدەگرن بۆ ئەوەی رێگە بە چەکدارەکانیان بدەن بچنە سەر کەشتییەکان.

هەرچەندە حووسییەکان دەڵێن، تەنیا کەشتییەکانی سەر بە سعودیە یان ئەوانەی دەچنە بەندەرەکانی دەریای سوور رادەگرن، بەڵام پێشتر لە کاتی شەڕی غەززەدا هێرشیان کردووەتە سەر چەندین کەشتی کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو ململانێیەوە نەبووە. ئێرانیش لە تەنگەی هورمز سەلماندی کە تەنانەت هێرشی پچڕپچڕیش بۆ سەر کەشتییەکان بەسە بۆ داخستنی تەنگەیەک، ئەویش لە رێگەی بەرزکردنەوەی مەترسییەکان و نرخی دڵنیایی (تەئمینات).

ئەگەر دابخرێت، کاریگەرییەکانی چی دەبن؟

کلیۆنا رالی، دامەزرێنەری (ACLED) کە دەزگایەکی چاودێریکردنی ململانێکانە، دەڵێت: "ئەگەر لە یەک کاتدا گوشار بکەوێتە سەر بابولمەندەب و کەشتیوانی لە کەنداو، ئەوا لە یەک کاتدا دوو گرنگترین رێڕەوی دەریایی جیهانت پەکخستووە."

ئالیسن مایدنەر، لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی دەڵێت، لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە زیاتر لە 7 ملیۆن بەرمیل نەوت بە بابولمەندەبدا تێپەڕیوە، لە کاتێکدا پێش شەڕی ئێران تەنیا 4 ملیۆن بەرمیل بووە. سعودیە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی داخستنی هورمز، رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بەندەری یەنبووعەوە لە دەریای سوور هەناردە کردووە.

ئەگەر بابولمەندەبیش دابخرێت، سعودیە هێشتا دەتوانێت رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بە دەریای سووردا بنێرێتە میسر و لەوێشەوە بە بۆری (SUMED) بیگەینێتە دەریای نێوەڕاست، هەروەها ملیۆنێک بەرمیلیش بە نۆکەندی سوێسدا بنێرێت.

بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی ناچار دەبن رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا (کەیپ ئۆڤ گود هۆپ) بسووڕێنەوە، کە ئەمەش یەک بۆ دوو هەفتە کاتی گەشتەکە درێژ دەکاتەوە و تێچووش بەرز دەکاتەوە.

ئایا ئەمریکا و سعودیە وەڵامیان دەبێت؟

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر گرنگیی بەم هەڕەشە نوێیە نەدا و رۆژی سێشەممە گوتی: "تاوەکو ئێستا رووینەداوە. پێموایە ئەگەر شتێکی وا رووبدات، ئێمە چارەسەری دەکەین." پێشتر لە سەرەتای ساڵی 2025دا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتاییان بە هێرشەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور هێنا.

بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە حووسییەکان بەم کارەیان شەڕ لەگەڵ سعودیە دەستپێدەکەنەوە کە لە ساڵی 2022ـەوە بە ئاگربەست کۆتایی هاتووە. سوپای سعودیە جەخت دەکاتەوە کە بابولمەندەب بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. تورکی مالیکی، گوتەبێژی سوپای سعودیە گوتی: "بە تووندی و بەخێرایی وەڵامی هەموو هەڕەشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان دەدەینەوە، چونکە ئەمە چەتەگەریی دەریاییە و یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات."

بۆچی حووسییەکان ئێستا ئەمە دەکەن؟

حووسییەکان دەڵێن، سعودیە ئەم مانگە هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا بۆ ئەوەی رێگری بکات لە گەڕانەوەی سەرکردەکانیان لە ئێران دوای بەشداریکردنیان لە پرسەی عەلی خامنەیی. دوای ئەمە، حووسییەکان بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها لە سعودیە، کە گەورەترین پێکدادانی نێوانیان بوو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا.

ئێستا حووسییەکان دەڵێن داخستنی بابولمەندەب بە رووی کەشتییەکانی سعودیەدا، ئامانج لێی شکاندنی گەمارۆی سەر یەمەنە.

بەڵام ئەحمەد ناجی، شرۆڤەکار لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، ئەم گەمارۆیە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە کە ئێستا رووبەڕووی هێرشی رۆژانەی ئەمریکا بووەتەوە. ناجی گوتی: "لە تێڕوانینی ئێرانەوە، کردنەوەی بەرەی نوێی گوشار لە سەرانسەری ناوچەکە هێزی زیاتری پێدەدات. حووسییەکان کۆنترۆڵ و هەژموون بەسەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان دەدەنە تاران."

گرژییەکانی ئێران و تەنگەی هورمز هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەکەن


گەورە ئابووریناسی رێکخراوی فاو هۆشداری دەدات گرژی و ململانێکان لە ناوچەکە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی خۆراکی تەندروست لە جیهاندا. دەشڵێت، تەنگەی هورمز دەرچەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ گواستنەوەی کەرەستە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک.
ماکسیمۆ تۆرێرۆ، گەورە ئابووریناسی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەگەری داخستن یان دروستبوونی ئاستەنگ لە تەنگەی هورمز مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی.

تۆرێرۆ دەڵێت: "تەنگەی هورمز یەک لەسەر چوار بۆ یەک لەسەر سێی کەرەستە سەرەکییەکانی تەواوی سیستمی خۆراک دەگوازێتەوە، لەوانەش گازی سروشتی، کبریت و ئەو ترشانەی بۆ دروستکردنی پەین بەکاردێن، لەگەڵ وزە. هەر پچڕانێک لەو ناوچەیە دروستببێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو کەرەستانە و لە ئەنجامدا نرخی خۆراکیش گرانتر دەبێت."

75%ی نرخی خۆراک بۆ گواستنەوە و کۆگاکردنە

بەگوێرەی ئامارەکانی راپۆرتی نوێی "فاو"، تێچووی خۆراک تەنیا پەیوەست نییە بە کێڵگەکانەوە. گەورە ئابووریناسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، 75%ی ئەو نرخەی بەشداربووان (کڕیاران) بۆ خۆراکی دەدەن، دوای جێهێشتنی کێڵگەکان زیاد دەکات، ئەویش تێچووی گواستنەوە و کۆگاکردنە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت ناسەقامگیریی رێڕەوە ئاوییەکان و گرانبوونی وزە چەندە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بژێوی خەڵک هەیە.

 سەبارەت بەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، ماکسیمۆ تۆرێرۆ گوتی: "ناوچەی ئەمریکای لاتین و بەتایبەتی دەریای کاریبی، خراپترین دۆخیان هەیە لە رووی بەرزیی تێچووی خۆراکی تەندروستەوە. پارادۆکسەکە لێرەدایە کە ئەمە کیشوەرێکە خۆی خۆراکێکی زۆر هەناردەی جیهان دەکات، کەچی خەڵکەکەی بە زەحمەت دەستیان بە خۆراکی تەندروست دەگات."

خۆراکی تەندروست و مافی مرۆڤ

لەلایەکی دیکەوە، ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی بەرپرسیارێتی حکومەتەکان بۆ دابینکردنی خۆراکی تەندروست رایگەیاند: "حکومەتەکان ئەرکی سەرشانیانە دڵنیابنەوە لەوەی گەلەکەیان بە ئازادی و تەندروستی بژین."

هەرچەندە ستێفان راستەوخۆ وشەی "ماف"ی بۆ دەستڕاگەیشتن بە خۆراک بەکارنەهێنا، بەڵام پرسی دابینکردنی خۆراکی بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ ژیانی ئازادانەی مرۆڤ دانا.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، رێکخراوی فاو ووردەکاریی زیاتر لەبارەی دۆخی خۆراک و نرخەکان لە راپۆرتێکی گشتگیردا لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بڵاو بکاتەوە.

بانکی ناوەندیی عێراق بڕی دۆلاری گەشتیارانی کەمکردەوە؛ رێکارە نوێیەکان راگەیێندران



بانکی ناوەندیی عێراق رێنمایی نوێی لەبارەی پشکی دۆلاری گەشتیاران دەرکرد و بڕەکەی لە 3000 دۆلارەوە بۆ 2000 دۆلار کەمکردەوە. بانکەکە دەڵێ، "ئامانجمان رێکخستنەوەی بازاڕ و هاندانی سیستمی ئەلیکترۆنییە."
رۆژی چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، رێنماییە نوێیەکان تایبەتن بە رێکخستنی میکانیزمی دابینکردنی دراوی بیانی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن.

بەپێی رێنماییەکان، پشکی هەر گەشتیارێکی سەروو 18 ساڵ، مانگانە بووەتە 2000 دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا پێشتر 3000 دۆلار بوو.

بانکی ناوەندی روونی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پرۆسەی فرۆشتنی نەختینەی بیانی و بەرزکردنەوەی کارایی دابەشکردنی سەرچاوەکانە، بە جۆرێک کە لەگەڵ باشترین پەیڕەوە بانکییە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم رێکارە بەشێکە لە زنجیرەیەک چاکسازی بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی دۆلار بە دەستی هاووڵاتییان، ئەمەش رۆڵی دەبێت لە سەقامگیرکردنی بازاڕی دراو و بەرزکردنەوەی توانای بانک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان."

بانکی ناوەندیی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم رێکارانە تەنیا رێکخستنن و ئامانج لێیان هاندانی هاووڵاتییانە بۆ بەکارهێنانی کارتە ئەلیکترۆنییەکان وەک رێگەیەکی سەرەکی و پارێزراو بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان لە دەرەوەی وڵات.

ئەم بڕیارە وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی ئابووریی عێراق بۆ ئابوورییەکی دیجیتاڵی و هاوتەریببوونی لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان دەبینرێت.

هەڕەشەکانی ترەمپ و گرژییەکانی تەنگەی هورمز نرخی نەوتیان بەرزکردەوە


هەرچەندە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سنوورداربووە، بەڵام پێدەچێت بازرگانان سەرنجیان لەسەر کەمبوونەوەی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لادابێت و زیاتر بابەتی دابینکردنی نەوت و خواست بۆ ئەو بەرهەمە ستراتژییەیان بەلاوە گرنگ بێت.


لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 38 سەنت یان 0.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 72.37 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 30 سەنت یان 0.4% بەرزبووەوە بۆ 68.85 دۆلار.

بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت ئەمڕۆ لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە نرخەکان بۆ ئاستەکانی پێش جەنگی ئێران و ئەمریکا دابەزین.

تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە دەڵێت: "دابینکردنی نەوت بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات، بەڵام هێشتا بازرگانان بە تەواوەتی دڵنیا نین لەوەی کە رێککەونی ئێران و ئەمریکا بە تەواوەتی بەردەوام دەبێت و نیگەرانییان لەو بارەیەوە هەیە."

ئەو شارەزایە دەڵێت: "بازاڕ ئێستا چاودێری قەبارەی خواست بۆ نەوت بەتایبەتی لەلایەن چینەوە دەکات."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، وڵاتەکە یان لەگەڵ ئێران رێکدەکەوێت، یانیش کارەکە تەواو دەکات، بەمەش هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێکردەوە، لە کاتێکدا تاران دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، داواکارییەکانی زیاتر کردووە.

وەبەرهێنەران بە وردی چاودێریی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن لەسەر چارەنووسی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز. ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، شەوی دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران لانیکەم دوو مووشەکی ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان کردووە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا. بەپێی راپۆرتەکە، کەشتییەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

 

رێڕەوێکی نوێی گواستنەوەی جیهانی



تورکیا و سعودیە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2026دا دوو دوو یاداشتی لێکتێگەیشتنی نوێیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی گواستنەوە و لۆجیستی واژۆ کرد. بەپێی یەکێک لە یاداشتەکان کە رۆژی سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026 لە ریازی پایتەختی سعودیە واژۆ کرا، هێڵی مێژوویی شەمەندەفەری نێوان هەردوو وڵات دووبارە زیندوو دەکرێتەوە.
عەبدولقادر ئۆڕاڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، لە ریازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ ساڵح بن ناسر ئەلجاسر، وەزیری گواستنەوە و خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکانی سعودیە کۆبووەوە. ئۆڕاڵئۆغڵو لەم بارەیەوە رایگەیاند: "لەو قۆناخە هەستیارەی ناوچەکەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەردەوامیی بازرگانی و زنجیرەی لۆجیستی لە هەموو کات گرنگترە."

وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی گۆڕانکارییە لۆجیستی و ئابوورییەکان لەسەر رێڕەوەکانی سووریا، ئوردن و عێراق لە نزیکەوە دەبینێت و پێویستی و جێبەجێکردنی ئەم هێڵەی ئاسنینەی سەلماندووە.

ئەم هێڵە کە لە تورکیاوە دەستپێدەکات و بە ئوردن و سووریادا تێپەڕ دەبێت تاوەکو دەگاتە سعودیە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز و پچڕانی سیستمی دابینکردنی جیهانی، چاوەڕواندەکرێت ئاسانکارییەکی گەورە بۆ بازرگانیی نێوان ئاسیا، ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو دابین بکات.

لە 3ی حوزەیرانی 2026 ئوراڵئۆغڵو لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو: "بۆ پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هاوچەرخی حیجاز، لە قۆناخی یەکەمدا هێڵێک لە تورکیاوە بۆ حەلەب دەبەستینەوە." ئەوەش لە رێگەی گەیاندنی تۆڕی هێڵەکانی ئاسنینی تورکیا لە ئیسڵاحیەی باکووری کوردستان بۆ سەر سنورری نێوان تورکیا و سووریا و بەستنەوەی بەو هێڵە کە لە حەلەبەوە بۆ سەر سنوور دەهێندرێت.

هێڵی حەلەب-شام-ئوردن خۆی لە بنەڕەتدا هەیە. ئۆراڵئۆغلو رایگەیاند :" کە ئامانجی کۆتاییمان ئەوەیە هێڵەکە تاوەکو بەندەری سوحار لە عومان درێژ بکرێتەوە بگەینە سەر کەنداوی عومان و جێگرەوەیەک بۆ تەنگەی هورمز دروست بکەین."

لەلایەکی دیکەوە چاوەرواندەکرێت ئەو هێڵە بە پڕۆژەی تۆڕی شەمەندەفەری کەنداو ببەسترێتەوە، کە ئامانجی دروستکردنی هێڵێکی یەکگرتووە بۆ بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بەیەکەوە. ئەمە رێگە خۆش دەکات بۆ دروستکردنی هێڵێکی ئاسنینی بەردەوام کە لە تورکیاوە بۆ تەواوی وڵاتانی کەنداو درێژ دەبێتەوە؛ بەمەش رێڕەوێکی وشکانیی ستراتیژی بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەورووپا دروست دەبێت.

ساڵح ئەلجاسر، وەزیری گواستنەوە و خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکانی سعودیە، لە تشرینی یەکەمی 2026 لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەر لەگەڵ تورکیا، لە رێگەی ئوردن و سووریاوە، پێش کۆتاییهاتنی 2026 بە تەواوی کۆتاییان دێت. ئەلجاسر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەواوکاریی هەرێمی، پشتگیریکردنی جووڵەی بازرگانی و گەشەپێدانی سیستمی گواستنەوەی وشکانیی بەردەوام لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.

تاوەکو ئێستا تێچووی ئەو پرۆژەیە دیار نییە و هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن وڵاتانی بەشداربوو دیاری نەکراوە. بەگوێرەی گوتەکانی وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەی تەکنیکین و رووپێوێکی مەیدانی بۆ پرۆژەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هێڵە کۆنەکە لە کوێ نۆژەنکردنەوەی پێویستە یان پێویستی بە دووبارە دروستکردنەوە هەیە.

ئۆراڵئۆغڵو رایگەیاند: "هێشتا زووە بۆ راگەیاندنی ژمارەیەکی دیاریکراو بۆ تێچووی گشتی. ئامانجی سەرەکیمان ئێستا روونکردنەوەی پێداویستییە وردەکانە لەسەر درێژایی رێڕەوی هێڵەکە و ئەو کارە تەکنیکییانەی کە پێویستن بۆی. پێداویستییەکانی وەبەرهێنان و دابینکردنی دارایی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ روونتر دەبێتەوە. دوای ئەوە، لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار دەست دەکەین بە کارکردن لەسەر پرۆگرامی وەبەرهێنانی هاوبەش و پلانی وردی جێبەجێکردن".

بەپێی گوتەی ئوراڵئۆغڵو، ژێرخانی بەشێک لەهێڵەکە کە لە ناوخۆی سووریادا ماوە دروست بکرێت، بە پاڵپشتیی تورکیا تەواو دەکرێت. وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێیوایە لە حەلەب بۆ تورکیا رێڕەوێکی 100-110 کیلۆمەتری ماوە بۆ پرۆژەکە کە نزیکەی 110 ملیۆن دۆلاری پێویستە، تورکیا کار بۆ تەواوکردنی ئەو بەشە دەکات. ئوردنیش لێکۆڵینەوە لە توانا تەکنیکییەکان بۆ چاککردنەوە و کارپێکردنی شەمەندەفەرەکان لە سووریا دەکات.

ئۆراڵئۆغلو ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لە هێڵەکە دەکەوێتە نێوان سووریا و ئوردن و دەبێت کاری لەسەر بکرێت. وەزیری گواستنەوەی تورکیا رایگەیاند، سێ وڵاتەکە لە 11ی ئەیلوولی 2025 لە عەممانی پایتەختی ئوردن لەسەر رەشنووسی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەم بارەیەوە رێککەوتوون.

تورکیا لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە دەگاتە دەریای سوور

پرۆژەکە تەنیا هێڵی ئاسن ناگرێتەوە، بەڵکو دەروازەیەکی نوێی ئابووری بۆ تورکیا دەکاتەوە. وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، کار لەسەر پەرەپێدانی رێڕەوی گواستنەوە دەکرێت بۆ ئەوەی تورکیا لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە بگاتە دەریای سوور؛ هاوكات کار دەکرێت بۆ گەیاندنی سووریا و ئوردن بە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوە لە رێگەی خاکی تورکیاوە. هێڵی شەمەندەفەر هاوچەرخی حیجاز کە لە ئوردن بە بەندەری وشکانی (مەعان)ەوە تێپەڕ دەبێت، لەوێ لەگەڵ هێڵی ئاسنینی نێوان مەعان – عەقەبە دەبەسترێتەوە، تورکیا لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە دەگەیێنێتە سەر دەریای سوور.

عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی نێوان تورکیا، سووریا و ئوردندا لە 11ی ئەیلوولی 2025، پرسی دروستکردنی رێڕەوی نوێی گواستنەوە کە بەستنەوەی تورکیا بە دەریای سوورەوە لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە خراوەتە کارنامەی گفتوگۆکانەوە.

خەونە نیوەچڵەکەی سوڵتان عەبدولحەمید

ئەم پرۆژەیە بە زیندووکردنەوەی یەکێک لە کۆتا پڕۆژە گەورەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دادەنرێت، بڕیار بوو ئەنقەرە و ئەستەنبووڵ بە مەککە ببەستێتەوە. ئەم هێڵە کە لە یادەوەرییەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا وەک "خەونی کۆن" ناوزەد کراوە و بە "هێڵی شەمەندەفەری حەمیدیەی حیجاز" دەناسرێت، لە 2ـی ئایاری 1900ـدا بە فەرمانێکی فەرمیی پادشا راگەیەندرا و کارەکانی لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا لە شام دەستیپێکرد.

بڕیار بوو درێژیی هێڵەکە 1400 کیلۆمەتر بێت و بگاتە مەککە و مەدینە، بۆ ئەوەی گەشتی حەج بۆ موسڵمانان ئاسان بکات. بەڵام شارەزایان پێیانوایە عوسمانییەکان ئامانجێکی دیکەشیان هەبوو، ئەویش بەهێزکردنی کۆنترۆڵی ناوەندی و ئاسانکاریی گواستنەوەی سەربازی بوو بۆ ئەو ناوچانە. هێڵەکە لە ئەیلوولی 1908 تاوەکو مەدینە (1322 کم) تەواو بوو، بەڵام هەرگیز نەگەیشتە مەککە و لە جەنگی جیهانی یەکەمدا پەکیکەوت

ئێران و عومان "باجی خزمەتگوزاری" لە تەنگەی هورمز پێکدەهێنن



ئێران و عومان دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانە دەکەن کە پێشکێش بە کەشتییەکان دەکرێ لە تەنگەی هورمز؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، مافی سەروەریی تەواویان بەسەر ئەم رێڕەوە ئاوییەدا هەیە.
رۆژی سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هەردوو وڵات ئاماژەیان بەوە کرد، لیژنەیەکی کاری هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەیان پێکدەهێنن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر "بەڕێوەبردنی ئایندەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێش دەکرێن لەگەڵ تێچووەکانیان بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەکان."

ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هات لەگەڵ هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان و بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.

تاران چەندین جار رایگەیاندووە، دەیەوێ "رسووماتی خزمەتگوزاریی دەریایی" لەو کەشتییانە وەربگرێ کە بە رێڕەوەکەدا تێدەپەڕن، نەوەک "سەرانە و باج". محەممەدباقر قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم باجە دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە 60 رۆژییەی لە نێو رێککەوتنەکەی ئەمریکادا هاتووە، دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.

ئەم پلانەی ئێران و عومان رووبەڕووی دژایەتیی تووندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەتەوە. دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابووە عومان کە ئەو کارە نەکات. هەروەها سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر مەسقەتدا کردبوو ئەگەر هاوکاریی تاران بکات بۆ سەپاندنی "سیستمی باج" وەرگرتن.

لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئەم گوشارانە، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، دوای کۆبونەوەکە لە ئێکس نووسی، وڵاتەکەی پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و "تێپەڕبوونی سەلامەت و بێ-سەرانە" لە تەنگەکەدا.

تەنگەی هورمز کە رێڕەوی 20٪ی نەوت و گازی جیهانە، لەوەتەی 28ی شوبات و دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە ژێر گوشارێکی زۆری سەربازیدا بووە.

هەرچەندە تاران وەک بەشێک لە رێککەوتنەکەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ واشنتن گەمارۆکەی هەڵگرتووە، بەڵام ئەم هەنگاوە نوێیانە نیشانەی ئەوەن کە تاران دەیەوێ دۆخێکی نوێ لە تەنگەکەدا بسەپێنێت.

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif