چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنی نوێی وزە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دابڕێژرێت، کە تەنیا گواستنەوەی نەوت ناگرێتەوە، بەڵکو بوارەکانی گازی سرووشتی، کارەبا و پاڵاوگەکانیش لەخۆدەگرێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی خاو لە 27ی تەممووزی 2026، کە لە ساڵی 1973ـەوە لەنێوان تورکیا و عێراقدا کاری پێدەکرێت، ئەنقەرە دەستیکردووە بە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە هاوبەشییەکی وزەی گشتگیرتر.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی تورکیا بڵاویکردوونەتەوە، پێشبینی دەکرێت رێککەوتنی نوێ تەنیا گواستنەوەی نەوت نەگرێتەوە، بەڵکو پڕۆژەکانی گازی سرووشتی، پەرەپێدانی کێڵگە هایدرۆکاربۆنییەکان، وەبەرهێنان لە پاڵاوگە و پترۆکیمیایی، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا و هاوبەشیی فرەلایەنە لە بواری بازرگانیی وزەدا لەخۆبگرێت.
بەپێی زانیارییەکان، رێککەوتنی نوێی وزە لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە چوارچێوەی ئەو دەرفەتانەدا دادەڕێژرێت کە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەیڕەخسێنێت، ئەوەش ئەگەر پڕۆژەکە بە سەرکەوتوویی تەواو بکرێت و کاراییەکەی بە شێوەیەکی بەردەوام مسۆگەر بکرێت.
"پەیوەندییەکان بەهۆی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانەوە دەرگای نوێیان کردووەتەوە"
سەرکان چاڵشکان، توێژەر لە کاروباری عێراق لە سەنتەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوەی ستراتیژی (ORSAM) رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری وزەدا بەرەو ئاستێکی ستراتیژی هەنگاوی ناوە و ئەم پڕۆسەیەش پەیوەستە بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانەوە.
چاڵشکان جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان نەک تەنیا بۆ تورکیا و عێراق، بەڵکو بۆ وڵاتانی ناوچەکەش بە واتای کردنەوەی هێڵی نوێی وزە دێت و گوتی، "دەکرێت بڵێین هەردوو لایەن ئیرادەیەکیان هەیە بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بکەن و هەنگاوەکانی داهاتوو فراوانتر بکەن. بۆیە ئەو پەیوەندییە دوولایەنەی کە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان پشتیوانی دەکات، زەوینەیەکی لەباری رەخساندووە بۆ کردنەوەی دەرگای نوێ لە بوارە جیاوازەکاندا."
ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستاندنەکان لەبارەی رێککەوتنی نوێوە نەک تەنیا گواستنەوەی نەوت، بەڵکو زەوینە بۆ هاوکارییەکی گشتگیر و درێژخایەن خۆش دەکات کە رێگری لە ناکۆکییە یاساییەکانی نێوان هەردوو لا بکات.
چاڵشکان گوتیشی، "توانای شاراوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لەوە زیاترە کە تەنیا لە نەوتدا قەتیس بکرێت، بەڵکو دەرگا بۆ هاوکاری لە بوارەکانی گازی سرووشتی، کارەبا و بوارەکانی دیکەی وزەش دەکاتەوە. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەرجەستەبوونی ئەم توانایە، ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییە چڕانەیە کە لەسەر ئاستی سەرکردەکانی هەردوو وڵات بە شێوەیەکی تەندروست و بەردەوام بەڕێوەچووە."
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرباری ئەوەش، توانای ستراتیژیی بەرزی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، رێگەی بۆ هاوکاریی فرەلایەن لە بواری وزەدا خۆشکردووە و رێککەوتنێکی نوێی وزەی کردووەتە پێویستییەکی حەتمی کە دەبێت لە رووی ناوەڕۆک و چۆنیەتییەوە سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە."
چاڵشکان روونیکردەوە کە ئەگەر رێککەوتنەکان ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت، دەستپێکردنەوەی هەناردەی وزە مانای ستراتیژیی درێژخایەنی دەبێت و گوتی، "مسۆگەرکردنی هەناردەیەکی وزەی بێ پچڕان و سەلامەت دوای رێککەوتنێکی نوێ، بەتایبەتی لە سێبەری ململانێ هەرێمییەکان و مەترسییە ئەمنییەکاندا، نیشاندەری توانای تورکیا و عێراق دەبێت بۆ بنیاتنانی زەمینەیەکی سەقامگیر."
"پەرەپێدانی هێڵی نەوتی تورکیا-عێراق، پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی وزە بەهێز دەکات"
یەشار مالیکی، شارەزای کاروباری کەنداو لە گۆڤاری (MEES) دەڵێت، تورکیا و عێراق خواستیان هەیە هاوکاریی ئابووری لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێداندا فراوان بکەن و گوتی: "ئەگەری هەیە نەوتی خاوی وڵاتانی دیکەش لە رێگەی هێڵی نەوتی تورکیا- عێراقەوە بگوازرێتەوە، ئەمەش پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی هەرێمیی وزە لەنێوان ئاسیا و ئەوروپادا بەهێزتر دەکات. گرنگتر لەوەش بۆ ئەنقەرە، دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت کە ئەو نەوتەی لە ئەنجامی چالاکییەکانی تەکنەلۆژیای شکانەوەی هایدرۆلیکی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (باکووری کوردستان) بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەدەست دێت، بخاتە نێو سیستەمەکەوە."
مالیکی ئاماژەی بەوەشکرد، ململانێی ئێران و ئیسرائیل جارێکی دیکە گرنگیی رێڕەوەکانی هەناردەکردنی جێگرەوەی دەرەوەی کەنداوی دەرخست. گەیاندنەوەی نەوتی کەرکووک بە پاڵاوگەکانی دەریای سپی، بۆ عێراق و ئەو کۆمپانیایانەی وەک (BP) کە لە پەرەپێدانی کێڵگەی کەرکووکدا بەشدارن، گرنگییەکی زۆری هەیە.
یەشار مالیکی روونیکردەوە، پلانەکانی هاوکاری بۆ پەرەپێدانی فرەلایەنەی بازرگانیی گازی سرووشتی و کارەبا، دەرفەتی گرنگ بۆ عێراق دەڕەخسێنن و گوتی، "لەسەرەتادا، ئەو گازەی لە تورکیاوە دابین دەکرێت، دەتوانێت قەرەبووی ئەو گازە بکاتەوە کە لە ئێرانەوە دێت و زۆرجار دەبڕدرێت. لە ماوەی درێژخایەنیشدا، کاتێک عێراق بەرهەمی خۆی زیاد دەکات، دەتوانێت ئەو گازە هەناردەی ئەورووپا بکات."
گوتیشی، بۆ تورکیا گواستنەوەی گازی رووسیا، ئازەربایجان و سەرچاوەکانی دیکە بۆ عێراق، پێگەی ئەو وڵاتە وەک ناوەندێکی گاز پتەوتر دەکات.
مالیکی بیرهێنایەوە کە تورکیا ئێستادا کارەبا بە عێراق دەدات و جەختی کردەوە کە بە فراوانکردنی سیستمی پەیوەستبوونی ئێستا، کۆمپانیا تورکییەکانی وزە دەتوانن شوێنی زیاتر لە بازاڕی عێراقدا بگرن.
"نزیکەی 50 ساڵە نەمانتوانی تەواوی توانای ئەو بۆریی نەوتە بەکاربهێنین"
رۆژی 30-7-2025 بەڕێوەچوو، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، بڕیاریان داوە رێککەوتنی تایبەت بە بۆریی نەوت لە نێوان تورکیا و عێراق نوێ نەکەنەوە، بەڵام رەشنووسێکی دیکەیان بۆ بەغدا لەبارەی چۆنیەتیی رێککەوتنەکە ناردووە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار گوتی: "رێککەوتنی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1970. رێککەوتنێک هەیە ساڵی 1973 کراوە. ساڵانی 1976-1977 کاری هیڵی بۆرییەکە تەواو بوو، بەڵام لەو کاتەوە کە نزیکەی 50 ساڵە، بەداخەوە ئێمە نەمانتوانی تەواوی توانای ئەو بۆریی نەوتە بەکاربهێنین".
بە گوتەی بایراکتار، "ئەم بۆرییە توانای هەیە رۆژانە ملیۆنێک و 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت بگوازێتەوە. ئینجا ئەو بەشەی لە سلۆپییەوە بۆ جەیهان دەچێت، درێژییەکەی 650 کیلۆمەترە".
گوتیشی، "جگە لە هەموو ئەمانە، ئەو هێڵی بۆرییە هیچ کات بە تەواوی توانای خۆی کارا نەبوو. هیڵەکە لە سلۆپییەوە بۆ جەیهان کە مەوداکەی 650 کیلۆمەترە، دوو بۆرییە کە یەکێکیان 40 ئینج و ئەوەی دیکەیان 46 ئینجە".
وەزیری وزەی تورکیا باسی لەوەشکرد، "ئێمە ئەمە بە عێراق دەڵێین؛ وڵاتەکەتان رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات، کە هەمووی لە رێگەی بەسرەوە دەکرێت. لێرەدا 1.5 ملیۆن بەرمیل بە ئاراستەیەکی جیاوازدا دەڕوات. واتە ئێوە بە ئاسوودەییەوە دەتوانن نزیکەی 40٪ی نەوتەکەتان بە ئاراستەیەکی دیکە بگەیەننە بازاڕەکانی جیهان".
بایراکتار لەبارەی عێراقەوە گوتیشی، "هەروەها دەتوانن بگەنە شوێنێک و بازاڕێکی جیاوازتریش؛ بۆ نموونە دەریای نێوەڕاست و ئەورووپا".
"ساڵێک پێشتر عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە لە نوێنەکردنەوەی رێککەوتنەکە بۆ ئەوەی نیگەران بن"
ئەو وەزیرە دەشڵێت، "ئەم رێککەوتنەمان [رێککەوتنی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا] کە تەمموزی 2026 ماوەکەی تەواو دەبێت"، بەڵام ئەوان ساڵێک پێشتر عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە [لە نوێنەکردنەوەی] بۆ ئەوەی نیگەران بن.
بە گوتەی بایراکتار، ئەوان دەیانتوانی خودکارانە ئەو رێککەوتنە درێژبکەینەوە. بەڵام "ئەوکات رێککەوتننامەیەکمان درێژدەکردەوە کە بە تەواوی توانای خۆی کاری نەدەکرد؛ رێککەوتننامەیەکمان درێژدەکردەوە کە بەداخەوە لە 2024ــەوە هەردوولای خستووەتە نێو گێژاوێکی یاساییەوە".
بایراکتار رەتیکردەوە نیازێکی نەرینییان لە بابەتەکە هەبێت و جەختیکردەوە کە ئەنقەرە چەندین پێشنیازی باشی بۆ هاوئاهەنگی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی عێراق و گوتی: "ئێمە گوتمان، ئەم رێککەوتنە لەڕووی بازرگانی و یاساییەوە سوودبەخش نییە و با درێژی نەکەینەوە. بەڵام راستەوخۆ دوای ئەمە من رەشنووسی رێککەوتنێکم بۆ وەزیری نەوتی عێراق بە نامە نارد".
لە بارەی نێوەڕۆکی ئەو نامەیە بایراکتار دەڵێت، "لە نامەکەدا گوتمان ئێمە بەمشێوەیە ئامادەین بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا کارا بکەین. لە دەقی رەشنووسەکەشدا داوامان کردووە کە توانای تەواوەتیی ئەو بۆرییە نەوتە بەکاربهێنین، ئەمە بەجۆرێکە کە هیچ ناکۆکییەکی یاساییش لە نێوانمان دروست نابێت، واتە رۆژانە ملیۆنێک و 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە بنێردرێت. ئامانجەکەمان ئەمەیە".
بایراکتار باس لەوەش دەکات، "لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێ رێگەی گەشەپێدانیش بکرێتە رێگەی وزە. ئەمڕۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل بە واتای داهاتی 40 ملیار دۆلاری ساڵانە دێت. ئێمە بە عێراق دەڵێین وەرن لە جەیهان پرۆژەی پاڵاوگە و پێترۆکیمیا جێبەجی بکەین. ئێوە کە ئەوەندە نەوتەتان هەیە، دەتوانن ئەم کارە بکەن. لەڕاستیدا کاری زۆر باش هەیە بکرێت".
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئاداری 2023ەوە لە رێگەی بۆری جەیهانەوە راگیراوە. ئەوەش بە بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس و لەسەر سکاڵای عێراق.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق