adv/https://www.facebook.com/MayorcaCity|https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEgJT9fbiornOXHkXrGZUVrpdv-Lczq8UDHymSAG1FLaN3n3jZFWnu0it9lpwJHYd0VcIDtwocuKlnssNY-cCZ3HvTh1DeTd7PtbwtHmL9ZiETil6lUcWgNm_7AgC-oX565gM8BVnz-CZQPd-vR0u6WRRSDS2jgBBTJ1nV-3rFE-2XOJeKsNB82lQDVj/w631-h89/327891321_889983905377070_4693388700391347137_n.gif

بیروڕا

5/cate1/بیروڕا

ئابووری

6/cate2/ئابووری

ڕاپۆرت

6/cate3/ڕاپۆرت

چاوپێکەوتن

5/cate4/چاوپێکەوتن

گەلەری

3/cate6/گەلەری

هەمەڕەنگ

5/cate5/هەمەڕەنگ
adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif

وەرزش

5/cate1/وەرزش

ڤیدیۆ

3/cate6/ڤیدیۆ

نوێترین بڵاوکراوەکان

پلانێکی سێقۆڵی بۆ دابەشکردنی دیکەی خاکى کوردستان


عارف قوربانی
-
ماوەیەک دواى ئازادکردنى شنگال لە دەستى داعش، لەناو ئێزدییەکاندا مەیلى ئەوە پەرەیسەند کە شارەکەیان جۆرێک لە سەربەخۆیى خۆبەڕێوەبەرێتیى بدرێتێ. بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵى 2016 پڕۆژەى بەپارێزگاکردنى شنگالیان پێشکێش کرد، بەڵام هەر زوو لەلایەن ناوەندى دەسەڵاتى بەغداوە، داواکارییەکەیان رەتکرایەوە.
دواى رەتکردنەوەى داواى بەپارێزگاکردنى شنگال، بیرۆکەى ئەوە هاتە ئاراوە کە بەهۆى فرەڕەنگیى دەشتى نەینەوا کە پێکهاتەى جیاجیاى نەتەوەیى و ئایینیى وەک (کورد و تورکمان و عەرەب، سریانى و کلدانى و ئاشوورى و ئەرمەنى) هەروەها ئیسلام، کریستیان، ئێزدى، کاکەیى و سابیئە لێی دەژین، وەک نموونەى پێکەوەژیان پارێزگایەکى نوێ لە دەشتى نەینەوا دروستبکرێت.

بەڵام بەغدا بۆئەوەى کۆتایى بەو پرس و بابەتە بهێنێت، بە پاساوى ئەوەى دەستوور رێگە بەوە نادات دەستکاریى یەکە ئیدارییەکانى هیچ پارێزگایەک بکرێت کە مادەى 140 دەیگرێتەوە، سەرۆککۆمار راگەیێندراوێکى تووندى بڵاوکردەوە و لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقیش لە کۆتایى ئەیلوولى 2016 یاسای پارێزگاریکردن لە یەکە ئیدارییەکانى موسڵى دەرکرد.

دواى ئەم دوو رووداوە، بە پاساوى ئەوەى خەڵکى ناحیەی ئامرلى لە دژى داعش جەنگاون، پڕۆژەى بەقەزاکردنى شارۆچکەکەیان لەناو ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدینەوە بەرزکرایەوە بۆ بەغدا. لە کاتێکدا ئامرلى هاوشێوەى شنگال و شار و شارۆچکەکانى دیکەى دەشتى نەینەوا، لە سنوورى ئەو یەکە ئیدارییانە بوو کە دەکەونە ناوچەکانى مادەى 140ی دەستوورى عێراقەوە، بەڵام ناوەندى دەسەڵات کە هەمووى چەند مانگێکى کەم بوو داخوازیى شنگال و پێکهاتەکانى دەشتى نەینەواى رەتکردبووەوە، بێ هیچ گرفت و ناڕەزایەتییەک لە رۆژى 9-2-2017 پڕۆژەى بەقەزاکردنى ئامرلیى پەسند کرد.

هەر ئەوکاتە گوتارێکم نووسى و لە رۆژى 13-02-2017 لە ژمارە 445ی رۆژنامەى رووداو بڵاوکراوەتە، لەوێ ئاماژەم بە مەترسیی ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە کردووە کە جیاکردنەوەى ناحێى ئامرلى لە قەزاى دوزخورماتوو، دەستپێکى ئامانجێکى مەترسیدارە و سەرەتاى هەنگاونانە بۆ دروستکردنى پارێزگایەک بۆ تورکمانى شیعە لە قەرەتەپەوە بۆ ئامرلى و دوزخورماتوو و داقووق. دواتریش ئەم پارێزگا تورکمانییە و کەرکووک و تاوەکو تەلعەفەر پێکەوە وەک پشتوێنەیەکى تورکمانى لەسەر خاکى کوردستان دەکەنە ئەمرى واقیع.

بەداخەوە سەرکردە و هێزە سیاسییەکانى کورد، ستراتیژییانە بیر لە دەرهاویشتە و لێکەوتەى رووداوەکان ناکەنەوە. لە بەرانبەر پلان و پیلانگێڕیى سەر کوردستان دا، هیچ پڕۆژەیەکى بەدیلیان نییە کە بتوانن بەهۆیەوە پلانى بەرانبەرەکانى کورد پەک بخەن.

ئەوەى لەو گوتارەى نزیک بە 10 ساڵ لەمەوبەر بە شرۆڤەى رووداوەکان و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنى دیوە نادیار و ئامانجە شاراوەکانى پشت پرۆسەکە وەک مەترسى خستبوومەڕوو، ئێستا بە زانیاریى ورد و پشتڕاستکراوە پێتان دەڵێم، لەسەر ئەرزى واقیع هەنگاو بە هەنگاو کار بۆ ئەوە دەکرێت. لە (قەرەتەپەوە بۆ تەلعەفەر) هێڵێک جا لەژێر هەر ناوێکى ئیداریدا بێت، کە بژاردەکەیان (هەرێمى تورکمان)ە لەسەر جوگرافیاى کوردستان بۆ تورکمان دروستبکرێت.

دەتوانم لە رێگەى میدیاوە و بۆ راى گشتى لە ئێستادا هەر ئەوەندە بدرکێنم کە تورکیا، عێراق و ئێران پێکەوە لە پڕۆژەیەکى هاوبەشدا خەریکى جێبەجێکردنى ئەو نەخشە رێگەیەن. بەدوورى نازانم کوردى لەخشتەبراویش بکرێتە دەستکەلا و ئامرازى جێبەجێکردنى. پێشتر ئامرلییان کردە قەزا، هەوڵەکانى جیاکردنەوەى قەرەتەپە لە ساڵى رابردووەوە دەستیپێکردووە، لە ئێستاشدا سەرقاڵى ئامادەکردنى پڕۆژەیەکن داقووق و تازەخورماتوو لە کەرکووک جیابکەنەوە. هەنگاوى دواتریش پێکەوە بەستنەوەى قەرەتەپە، دوزخورماتوو، ئامرلى، داقووق و تازەن لە پێکهاتەى ئیدارەیەکى نوێدا وەک پارێزگایەکى زۆرینە تورکمانى. پاشان ئەم پارێزگا تازەیە، کەرکووک و تەلعەفەر پێکەوە وەک هەرێمى تورکمان رابگەیێنن، کە ئامانج لێى دەستبەسەرداگرتنى خاکى کوردستان و دوورخستنەوەى کوردە لەو جوگرافیا بەپیتەى نیشتمانەکەى. هەروەها دروستکردنى لەمپەر و لێکجیاکردنەوەى سێگۆشەى سونییە (دیالە، موسڵ، تکریت). چەسپاندنى تەشەیوع و گەیاندنیەتى بە کەرکووک و دەشتى نەینەوا.

مەترسییە ستراتیژی و دوورمەوداکانى ئەم پڕۆژەیە، لە داگیرکردنى خاکى کوردستان و دروستکردنى کێشە لەنێوان کورد و تورکمان، بێئەندازە مەترسیدارە. بۆیە پێویستە کورد پێشوەختە هەوڵ بدات بۆ رێگریکردن لێى. هەرچەندە بەشێک لە هەنگاوەکانى نەخشەکە پێشتر جێبەجێکراوە و کورد هیچ هەوڵێکى نەداوە رێى لێبگرێت. بە هیوام نوخبەى رۆشنبیر و میدیا گوشار بخەنە سەر حیزبە سیاسییەکان بۆ یەکخستنى تواناى کورد دژ بەم پیلانگێڕییە.

بە تێڕوانینى من، ئەرکى هەر تاکێکى کوردە لە هەرکوێیەکى سەر ئەم زەمینە بژی و لەدایکبووى هەر پارچەیەکى کوردستان بێت، بەبێ جیاوازى، وەک کوردێک ئەرک و بەرپرسیارێتیى ئەوەى دەکەوێتە ئەستۆ بەشداربێت لە هەوڵى شکستپێهێنانى ئەم پیلانگێڕییە مەترسیدارە، بەڵام لە پێش هەر کەسێکى دیکەوە ئەرک و بەرپرسیارێتیى سەر شانى گرووپى کەرکووکییەکانە لەناو حیزبە سیاسییەکانى کوردستان، بەتایبەتیش گرووپى کەرکووک لەناو (ی. ن. ک)، چونکە ئەوان لە دوو دەیەى رابردوو تێزێکیان داهێنا وەک جۆرێک لە خۆخاوەنى کە ماف بە کەسانى دەرەوەى کەرکووک نەدات خۆیان لە کاروبارى شارەکەى ئەوان هەڵقورتێنن. لەم تێڕوانینەوە ماوەیەک بوونە مایەى سەرئێشەى ناو یەکێتى و هەروەها کێشەى گەورە لەنێوان پارتى و یەکێتى. بۆیە ئەگەر ئاگادارى ئەو پیلانانە بن و لێى بێدەنگ بن، خیانەتە. ئەگەر درکیان پێنەکردووە، بە هیوام ئیدی بەدەنگ بێن.

هەروەها بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەکانى کوردستان ئەرک و بەرپرسیارێتى گەورەیە، بەتایبەتیش بۆ پارتى و یەکێتى. دەبێت هەموو لایەکیان ئەو راستییە بزانن بێدەنگ بوون بە واتاى رازى بوونیانە. هەر رەزامەندبوونێکیش بە پیلانگێڕییەکى لەم جۆرە دەبێتە خیانەتێکى گەورە بەسەریانەوە. لە مێژووى بزووتنەوەى سیاسیی ئێمەدا لاپەڕەى رەش زۆرە، جا هەر ناوێکى لێنرابێت (هەڵە، تاوان، خیانەت) یان هەر ناو و دەستەواژەیەکى دیکە، بەڵام هیچیان بە ئەندازەى بەشداربوون و بێدەنگ بوون لەم پڕۆژەیە، خیانەتى گەورە نییە.

جلوبەرگ وەک هێزی نەرم !!



محەمەد خۆشناو
-
چەند ساڵێکە باشووری کوردستان شاڵاوێکی مەترسیدار لە بەعەرەبوون لەسەر ئاستی نیشتەجێبوونیان لە شاروشارۆچکەکان کە دەسەڵات لێی بەرپرسە و ، لەسەر ئاستی جلوبەرگ و زمان کە پیاوانی بەناو ئایینی ئیسلامی سیاسی لێی بەرپرسن بەخۆوەدەبینێت ، من باسی بەعەرەبوون لە ڕووی نیشتەجێبوونیان ناکەم چونکە لێکۆڵەر و ئەکادیمیستی کورد کاک « بورهان یاسین » شرۆڤەیەکی جوان و بابەتی لەژێر سەردێری ( بەعەربکردنی بێدەنگ-ی هەرێمی کوردستان کارەساتێکی نیشتیمانی ) پێشکەشکردووە ، کە تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندەکانی بەعەرەبوون و هەڕەشەی لەسەر ئاستی نیشتیمانی و نەتەوەیی…..هەر لەدوای ساڵی نەوەدەکان و بەدیارکەوتنی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەعەرەبوون لەسەر هەردوو ئاستی جلوبەرگ و زمان-یش بەبیانۆی ئەوەی کە ئەو دوو کایەی موقەدەسن دەستیپێکرد، ئێستا بە ئاشکرا داوادەکرێت دشداشە لەبەربکرێت یان دەبینین هەندێک لەو بەناو دیندارانە دشداشە و چەفیە لەسەر و شەلواری کورتی ئەفغانی لەبەردەکەن و ، پێشتریش هەر لەڕێگەی ئەوانەوە لە خوێندنگە و زانکۆ و مزگەوتەکان داوای سەرپۆش و جوبە و نیقاب پۆشینیان دەکرد کە جلوبەرگی وەهابیەکانە و لە سعودیە بۆیان هاوردە کردین و ، هەر ئەوانن خەریکە زمانی کورد-یش دەشێوێنن و لەجیاتی سوپاس « جزاک اللە خیرا » و بەیانیت باش « السلام و علیكم » …تاد بەکاردەهێنن ، ئەمە جگە لە ناونیشانی تابلۆکان و مزگەفتەکان کە بە عەرەبی لەسەر حسابی زمانی کوردی-یە دا هەیە ، کەوا هەستدەکەیەت تۆ لە وڵاتێکی عەرەبی نەک لە کوردستان ، کە هۆکارەکەی ئەوەیە جێبەجێی ئەو قانونە ناکرێت کە بەکارهێنانی زمانی کوردی بسەپێنێت ، کاتی خۆی لەو هەرێمی کوردستانەدا قورئانی پیرۆز دەخوێنرا کەس سەرپۆشی لەسەر نەدەکرد و کچان و ژنان سەرکۆت بوون و لەماڵ- یش ژنان جلی کوردی و ئەگەر چوبانە دەرەوەش چارۆگەیان دەپۆشی و ، هەروەها بۆ موفرەداتی زمانیش کە ئاماژەی کلتووری-یە ، ئەو وشە و دەستەواژانەی کە پیاوانی ئیسلامی سیاسی بەکاریدەهێنن بوونی نەبوو ، بزانە چۆن کاریگەری هێزی نەرم زۆر بەهێزترە لە هێزی ڕەق بێ ئەوی ئاگات لێبێت !! 

 هێزی نەرم بریتیە لەو توانایەی کە دەتوانێت بێ ڕقلێنوونەوە ڕازیتبکات ، دەتوانێت بێ سەپاندن ڕاتبکێشێت ، بەجۆرێک حەزکردن لە لاساییکردنەوە بەهێزترە لە هەر فەرمانێکی ڕاستەوخۆ ، جلوبەرگ-یش لە ڕوونترین دەرکەوتەکانی ئەم دیاردەیەیە ، هێزی نەرم بە گرنگترین توخمی ئاسایشی نەتەوەیی نەتەوەکان و وڵاتان دادەنرێت ، هەموو گەلێک شانازی بە هێزە نەرمەکەی دەکات کە خۆی لە کلتوور و هونەر و دابونەریتدا دەبینێتەوە ، هەموو ئەمانە بەشێکی ڕەسەنن لە مێژووی هەموو گەلێک و هەروەها لە کەسایەتیەکەی کە جلوبەرگیش بەشێکە لەو هێزە و ، جلوبەرگ-ی کۆمەڵگاکان نیشانەیە بۆ ئاماژەکانی بیرکردنەوە و کلتوورەکانی جلوبەرگ ئاماژەکانی کۆمەڵایەتیشن ، لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا « کۆدی جلوبەرگ » دانراوە بۆ ڕێخستنی ڕەفتاری تاکەکەسی و ڕێکخستنی ڕەفتاری گشتی و هەر کەسێک ئەو کۆدە ببەزێنێت بە کەسێکی نامۆ و قبوڵنەکراو حسابی بۆدەکرێت ، لە ئەوروپا لەمیانی چەندان سەدە لە باڵادەستی کلتووری کە وایکرد چاکەت و پانتۆڵ ببێتە هێمای ڕەسمی جیهانی بۆ پیاو و ، تەنورەش بۆ هەموو مێینەیەک لە جیهان ، بڵاوبوونەوەی ئەمە لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی جیهانی نەبوو ، بەڵکە ئەنجامی سەرسامیەکی درێژ و لەسەر یەکی بە وێنەی ئەوروپا بوو ، بەسیفەتی ئەوەی ئەوروپا ناوەندی نوێگەر و شیکایەتیە و ، کە وایکرد جلوبەرگی ئەوروپی ببێتە زمانی ڕۆژانەی جەستە لە کار و لە شار و لە ڕاگەیاندا ، ئەمە لە بۆن « عگور » یش دووبارە دەبێتەوە کە چیتر نابێتە گوزارشتێکی ناوخۆ بۆ ژینگە ، بەڵکو بۆتە هەڵگری پەنجەمۆری خودی شارەکان ، وەک ئەوەی لووتیش فێری ئەوەبووە کە ئارەزووی ئەوە بکات کە ئەوەی تر کە لەڕووی کلتووری بەهێزە ئارەزووی دەکرد ، مەسەلەکە لە قوماش و شووشە قوڵترە ، ئەمە درێژ دەبێتەوە بۆ تەفاسیلی ژیانی ڕۆژانە و ئەو کاریگەریە ئیش لە قووڵایی دەروون دەکات پێش ئەوەی لە ڕووپۆش بەدیارکەوێت ، جلوبەرگ بەشێکە لە شوناس و ، ونبوونی ترسناکیەکی قڕوقپە لە داخورانی تایبەتمەندێتی کلتووری ، کاتێک جلوبەرگەکان وەک یەک بن و لەیەک بچن و شێوازی ژیان دووبارە بکرێتەوە و جیهان شتێک لە هەمەڕەنگیە داهێنانەکەی لەدەستدبدات ، لێرەدا تاکەکەس لەنێو ئەو لەیەکچوونەدا هەست بە دابڕان لە ڕەگوڕیشەکەی دەکات یان جۆرێک لە دووانە لەنێوان ئەوەی ڕۆژانە تێیدا دەژی و ئەوەی لە کلتوورە ڕەسەنەکەی بە میرات وەریگرتووە ، 

هێزی نەرم ئاوێنەیەکی دوولایەنەیە ، ڕەنگدانەوەی ئاوات و خواستی مرۆڤە بەرەو باشتر ، بەڵام لەوانەشە ئەگەر پارسەنگ لەدەستبدات ڕوخسارە ڕەسەنەکەی بشێوێت ، لەنێو سەرسامی و ڕەتکردنەوەدا ئەو تەحەدیە ڕاستەقینەی کە دەمێنێت ئەوەیە ، کە کۆمەڵگاکان فێربن چۆن پێشوازی بکەن بێئەوەی لەدەستی بدەن و ، چۆن دەگۆڕدرێت بێئەوەی لەبیری بکەی کە تۆ کێیت !!

وەزیری دارایی عێراق رەشنووسی یاسای قەرز رادەستی پەرلەمان دەکات


وەزیری دارایی عێراق رەشنووسی یاسایەک بۆ قەرزکردن دەداتە لیژنەی دارایی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجییەکانی ئەم ساڵ، بەگوتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی، ئامانجی یاساکە قەرزی دەرەکی و دابینکردنی پارەیە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

 جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: وەزیری دارایی رەشنووسی پڕۆژەیاسای قەرزی رادەستی لیژنەکەیان کردووە و ئێستا لە قۆناخی داڕشتنەوەدایە کە ئامانجی لێی بەدەستهێنانی قەرزی دەرەکییە.

ئەو پڕۆژەیاسایە بە رێککەوتن لەنێوان پەرلەمان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئامادە کراوە، بەبێ ئەوەی بە دەنگدانی ئەنجوومەنی وەزیراندا تێپەڕێت.

جەمال کۆچەر رایگەیاند، ئەو یاسایە دەبێتە پاڵپشتی بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت قەرز لە دەرەوە بکات، بەتایبەت کە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2032 قەرزکردنی دەرەکی راگیراوە. بەرپرسانی بانکی نێودەوڵەتی بە وەزارەتی داراییان راگەیاندووە، بەبێ بوونی ئەو یاسایە ناتوانن قەرزیان پێ بدەن.

کەمبوونەوەی داهات، کورتهێنانی لە خەرجییەکانی عێراق دروستکردووە، بەتایبەت خەرجیی وەبەرهێنان کە بۆ پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ تەنیا 3.5%ـی تێکڕای خەرجییەکانی بووە.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو یاسایە بۆ پاڵپشتیی خەرجیی وەبەرهێنانی ساڵی 2026 دەبێت، وەک جێگرەوەی یاسای بودجەی ئەم ساڵ و لە پڕۆژە یاساکەدا بڕى ئەو پارەیە دیاری نەکراوە، کە دەتوانرێت قەرز بکرێت..

تێچووی جەنگی ئێران گەیشتووەتە 37 ملیار دۆلار و ئەمریکا پارەی زیاتری دەوێت


پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێس رووبەڕووی پرسیاری قورس و ناڕەزایەتی بووەوە، دوای ئەوەی ئاشکرای کرد کە تێچووی جەنگی ئێران تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 37.5 ملیار دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمارییەکان دەیانەوێت 95 ملیار دۆلاری دیکە بۆ سوپا و چەند پڕۆژەیەکی کۆشکی سپی پەسند بکەن.

رۆژی سێشەممە لە دانیشتنێکی لیژنەی تەرخانکردنی بودجەی ئەنجوومەنی پیران، چەندین جار خۆپێشاندەرانی ئامادەبووی هۆڵەکە قسەکانی هێگسەسیان پێبڕی. ئەم دانیشتنە تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە پێنتاگۆن رایگەیاند 3 سەربازی دیکەی ئەمریکی لە شەڕەکەدا کوژراون و زیاتر لە 100 سەربازیش لە سەرەتای تەممووزەوە بریندار بوون.

کۆی گشتیی کوژراوانی ئەمریکا لەم جەنگەدا کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، گەیشتووەتە 18 سەرباز. 10 لەوانە بە هێرشی راستەوخۆی ئێران و 8ی دیکە بەهۆی رووداوی دیکەی وەک کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە و تەقەی دۆستانە کوژراون.

پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە ئەنجوومەنی پیران
هێگسەس: ئەگەر پارەمان نەدەنێ تووشی کێشە دەبین

وەزیری جەنگ داوای کرد، ئەو 95 ملیار دۆلارە بەپەلە پەسند بکرێت و گوتی:
ئەمە پارەیەکی زۆر پێویست و بەپەلەیە، لەگەڵ ئەو 1.5 ترلیۆن دۆلارەی کە ترەمپ بۆ بودجەی بەرگری داوای کردووە... ئەگەر ئەم پارانەمان نەبێت، رووبەڕووی کەمکوڕییەکی گەورە دەبینەوە.

لە بەرامبەردا، سیناتۆرە دیموکراتەکان ناڕەزاییی تووندیان نیشان دا. پاتی مۆرای گوتی: "ئەم شەڕە خەریکە لە دەست دەردەچێت. ترەمپ بەردەوام دەڵێت رێککەوتن نزیکە، بەڵام ئێستا داوای 70 ملیار دۆلاری دیکە دەکات و دەڵێت تەنیا متمانەم پێ بکەن هەموو شتێک باش دەبێت!"

جین شاهین، سیناتۆرێکی دیکەی دیموکرات لێی پرسی: "بۆچی داوا لە خەڵکی ئەمریکا دەکەن باجی شەڕێک بدەن کە پشتیوانیی ناکەن؟ ئێوە هێشتا نیوەی ئەو 150 ملیار دۆلارەتان خەرج نەکردووە کە ساڵی رابردوو پێمان دان!" هێگسەس لە وەڵامدا گوتی، تاوەکو مانگی ئەیلوول هەموو ئەو پارەیەی پێشوو خەرج دەکەن.
ترەمپ شەڕ راناگرێت

لە کاتێکدا راپرسییەکان دەریدەخەن زۆربەی ئەمریکییەکان دژی شەڕەکەن، هەروەها نرخی بەنزینیش بەرزبووەتەوە چونکە ئێران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی نەوت دەدات لە تەنگەی هورمز، ترەمپ هیچ نیشانەیەکی پاشەکشێی نیشان نەداوە. کۆمارییەکانیش کە پارتەکەی ترەمپن، رەتیدەکەنەوە رێگری لەم شەڕە بکەن.

لەو 95 ملیار دۆلارەی کۆمارییەکان داوای دەکەن، 72 ملیاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی و جەنگە، 10 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ئەو جووتیارانەیە کە بەهۆی باجەکانی ترەمپەوە زیانمەند بوون و 10 ملیار دۆلاریشی بۆ گۆڕینی یاساکانی هەڵبژاردنە.
شەڕە قسە لەنێوان وەزیر و سیناتۆرەکاندا

لە کۆتایی دانیشتنە 3 کاژێرییەکەدا دۆخەکە زۆر ئاڵۆز بوو.

سیناتۆر جۆن کێنەدی (کۆماری) پرسیاری لە جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکای کرد کە ئایا ئێران باج لەو کەشتییانە وەردەگرێت کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن؟ جەنەڕاڵەکە گوتی "نازانم"، کێنەدیش بە تووڕەیییەوە پێی گوت: "ئێمە وەڵامی روونمان دەوێت!"

سیناتۆر کرستن جیلیبراند لە هێگسەسی پرسی: "ئایا توانای ئەتۆمیی ئێرانتان لەنێوبردووە یان نا؟" هێگسەس لەبری وەڵامدانەوە گوتی: "تۆ تەنیا دەتەوێت ریکلامی هەڵبژاردن بۆ خۆت بکەیت."

گەرمترین دیالۆگی دانیشتنەکە:

سیناتۆر گاری پیتەرز (دیموکرات): "ستراتیجیی ئێوە لەم شەڕەدا شکستخواردوو بووە. ئێوە هیچ پلانێکی درێژخایەنتان بۆ بردنەوەی ئەم جەنگە نییە. سەربازەکانمان سەرکەوتوون، بەڵام ئێوەی سەرکردە شکستتان هێناوە."

پیت هێگسەس: "شەرمە بۆ تۆ و ئەوانەی دیکەش کە دەڵێن ئەمە شکستە. دیموکراتەکان تەنیا نەخۆشیی شێتبوون بە ترەمپـیان هەیە و نایانەوێت ئەو پارەیەم بدەنێ کە پێویستمە."

راپۆرتێک: ترەمپ رەزامەندیی پیتاندنی یۆرانیۆم بە سعودیە دەدات


ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس (AP)لە زاری دوو سەرچاوەوە ئاماژە بەوە دەکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رازیبووە کە رێککەوتنێک لەگەڵ سعودیە بکرێت، تاوەکو ئەو وڵاتە بتوانێت یۆرانیۆم بۆ بەرنامە ئەتۆمییە سڤیلەکەی بپیتێنێت.
ئەو دوو سەرچاوەیە، کە مۆڵەتی ئەوەیان نەبوو بە ئاشکرا قسە لەسەر ئەم بڕیارە رانەگەیێندراوە بکەن، ئاماژەیان بەوە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنەکە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بەفەرمی و بە ئاشکرا رابگەیێندرێت.

پێشبینی دەکرێت ماوەی ئەم رێککەوتنە 30 ساڵ بێت و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش بەشداری لە پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی سعودیەدا بکەن.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم رێککەوتنەش ئەوەیە، دوای ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و سعودیە، رەنگە رێگە بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاکی سعودیەدا بدرێت.

سەرەتا رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە و تاوەکو ئێستاش کۆشکی سپی بەفەرمی وەڵامی داواکارییەکانی نەداوەتەوە بۆ لێدواندان لەسەر ئەم بڕیارە.

ئایا حووسییەکان دەتوانن بابولمەندەب دابخەن؟


راگەیاندنی گەمارۆ لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە دژی سعودیە، ئەگەری ئەوەی هەیە شەڕی ئێران فراوانتر بکات و دابینکردنی نەوت و بازرگانیی جیهانی زیاتر پەکبخات.
حووسییەکان دەڵێن، وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆی سعودیە بۆ سەر یەمەن و هێرشەکەی ئەم دواییە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا، تەنگەی بابولمەندەبیان بەڕووی ئەو کەشتییانەدا داخستووە کە پەیوەندییان بە سعودیەوە هەیە. تەنانەت حووسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە رۆژی سێشەممە شەش کەشتیان ناچار کردووە رێڕەویان بگۆڕن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بۆچی بابولمەندەب گرنگە؟

تەنگەی بابولمەندەب دەکەوێتە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە، کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن دەبەستێتەوە و یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.

نزیکەی 12٪ـی بازرگانیی جیهانی، لەنێویاندا چارەکێکی جموجووڵی کۆنتەینەرەکانی جیهان، بەنێو ئەم تەنگەیەدا تێدەپەڕن بۆ گواستنەوەی کاڵاکان لەنێوان ئەورووپا و ئاسیا لە رێگەی نۆکەندی سوێسی میسرەوە.

گرنگیی ئەم تەنگەیە بۆ هەناردەی نەوتی سعودیە زیاتر بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی ئێرانەوە تەنگەی هورمز داخرا و هاتووچۆی کەشتییەکان لە کەنداوەوە سنووردار بوو. بۆیە داخستنی ئەم تەنگەیەش مەترسییەکی گەورە لەسەر بازرگانی و وزەی جیهانی دروست دەکات.

ئایا حووسییەکان بە راستی دەتوانن تەنگەکە دابخەن؟

هەرچەندە حووسییەکان کۆنترۆڵی ئەو بەشەی کەناراوەکانی یەمەن ناکەن کە دەکەوێتە سەر بابولمەندەب، چونکە بەدەست نەیارەکانیانەوەیە لە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن، بەڵام ناوچەیەک کۆنترۆڵ دەکەن کە کەمتر لە 100 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.

سێ بەرپرسی حووسییەکان بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاندووە، مانگانێکە پلانیان داناوە چۆن رێگری لە کەشتییەکان بکەن. بە گوتەی ئەوان، پلانەکان بەکارهێنانی مینی دەریایی، بەلەمی بۆمبڕێژکراو، درۆن و هێلیکۆپتەر لەخۆدەگرن بۆ ئەوەی رێگە بە چەکدارەکانیان بدەن بچنە سەر کەشتییەکان.

هەرچەندە حووسییەکان دەڵێن، تەنیا کەشتییەکانی سەر بە سعودیە یان ئەوانەی دەچنە بەندەرەکانی دەریای سوور رادەگرن، بەڵام پێشتر لە کاتی شەڕی غەززەدا هێرشیان کردووەتە سەر چەندین کەشتی کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو ململانێیەوە نەبووە. ئێرانیش لە تەنگەی هورمز سەلماندی کە تەنانەت هێرشی پچڕپچڕیش بۆ سەر کەشتییەکان بەسە بۆ داخستنی تەنگەیەک، ئەویش لە رێگەی بەرزکردنەوەی مەترسییەکان و نرخی دڵنیایی (تەئمینات).

ئەگەر دابخرێت، کاریگەرییەکانی چی دەبن؟

کلیۆنا رالی، دامەزرێنەری (ACLED) کە دەزگایەکی چاودێریکردنی ململانێکانە، دەڵێت: "ئەگەر لە یەک کاتدا گوشار بکەوێتە سەر بابولمەندەب و کەشتیوانی لە کەنداو، ئەوا لە یەک کاتدا دوو گرنگترین رێڕەوی دەریایی جیهانت پەکخستووە."

ئالیسن مایدنەر، لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی دەڵێت، لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە زیاتر لە 7 ملیۆن بەرمیل نەوت بە بابولمەندەبدا تێپەڕیوە، لە کاتێکدا پێش شەڕی ئێران تەنیا 4 ملیۆن بەرمیل بووە. سعودیە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی داخستنی هورمز، رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بەندەری یەنبووعەوە لە دەریای سوور هەناردە کردووە.

ئەگەر بابولمەندەبیش دابخرێت، سعودیە هێشتا دەتوانێت رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بە دەریای سووردا بنێرێتە میسر و لەوێشەوە بە بۆری (SUMED) بیگەینێتە دەریای نێوەڕاست، هەروەها ملیۆنێک بەرمیلیش بە نۆکەندی سوێسدا بنێرێت.

بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی ناچار دەبن رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا (کەیپ ئۆڤ گود هۆپ) بسووڕێنەوە، کە ئەمەش یەک بۆ دوو هەفتە کاتی گەشتەکە درێژ دەکاتەوە و تێچووش بەرز دەکاتەوە.

ئایا ئەمریکا و سعودیە وەڵامیان دەبێت؟

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر گرنگیی بەم هەڕەشە نوێیە نەدا و رۆژی سێشەممە گوتی: "تاوەکو ئێستا رووینەداوە. پێموایە ئەگەر شتێکی وا رووبدات، ئێمە چارەسەری دەکەین." پێشتر لە سەرەتای ساڵی 2025دا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتاییان بە هێرشەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور هێنا.

بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە حووسییەکان بەم کارەیان شەڕ لەگەڵ سعودیە دەستپێدەکەنەوە کە لە ساڵی 2022ـەوە بە ئاگربەست کۆتایی هاتووە. سوپای سعودیە جەخت دەکاتەوە کە بابولمەندەب بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. تورکی مالیکی، گوتەبێژی سوپای سعودیە گوتی: "بە تووندی و بەخێرایی وەڵامی هەموو هەڕەشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان دەدەینەوە، چونکە ئەمە چەتەگەریی دەریاییە و یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات."

بۆچی حووسییەکان ئێستا ئەمە دەکەن؟

حووسییەکان دەڵێن، سعودیە ئەم مانگە هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا بۆ ئەوەی رێگری بکات لە گەڕانەوەی سەرکردەکانیان لە ئێران دوای بەشداریکردنیان لە پرسەی عەلی خامنەیی. دوای ئەمە، حووسییەکان بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها لە سعودیە، کە گەورەترین پێکدادانی نێوانیان بوو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا.

ئێستا حووسییەکان دەڵێن داخستنی بابولمەندەب بە رووی کەشتییەکانی سعودیەدا، ئامانج لێی شکاندنی گەمارۆی سەر یەمەنە.

بەڵام ئەحمەد ناجی، شرۆڤەکار لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، ئەم گەمارۆیە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە کە ئێستا رووبەڕووی هێرشی رۆژانەی ئەمریکا بووەتەوە. ناجی گوتی: "لە تێڕوانینی ئێرانەوە، کردنەوەی بەرەی نوێی گوشار لە سەرانسەری ناوچەکە هێزی زیاتری پێدەدات. حووسییەکان کۆنترۆڵ و هەژموون بەسەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان دەدەنە تاران."

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif