شارێکی چین 250 کۆمپانیای کوردی تێدایە

ليست هناك تعليقات


شارۆچکەیەكی سێ ملیۆن کەسی لە هەرێمی ژێجانگی چین، سەنتەری بازرگانیی کاڵای بچووک و هەرزانە، بازرگانانیی بیانی ئێرەیان تەنیوە، 400 کۆمپانیای عێراقی و 250 کۆمپانیای کوردی ئاڵای خۆیان لەم ناوچە بازرگانییە هەڵداوە.

ئالان تاڵب، بازرگانە و باس لەوە دەکات، "ژمارەیەکی زۆر کورد هەیە لێرە و رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە، لێرە هەلی زۆر گونجاو بۆ بازرگانی کردن هەیە، ئێمە هەموومان وەک خێزانێکی گەورەین پێکەوە، هەوڵدەدەین پەیوەندییەکی گەورەی بازرگانی دروست بکەین لەنێوان چین و عێراقدا، ئامۆژگاریم بۆ گەنجەکانی خۆمان ئەوەیە بێنە ئێرە و نەترسن، ژینگەیەکی زۆر گەورەیە و دوونیایەکی جیاوازە و کۆمەڵێکی زۆر خەڵکی کوردی لێیە."

نووسینگەیەکی راوێژکاری کوردی بەرچاوڕوونی بە بازرگان و خوێندکارەکان دەدات، ئامانجیان راکێشانی سەرمایەی خۆماڵییە بۆ ئەو وڵاتەی بە هەزاران کیلۆمەتر دوورە، بەڵام کاڵاکانی بازاڕی کوردستانیان کۆنترۆڵ کردووە.

کامیل ئەحمەد حەمە رەشید، سەرۆکی نووسینگەی راوێژکاری بازرگانیی کوردی لە شاری ئیۆ ئاماژە بەوە دەدات، "نووسینگەی راوێژکاری وەک سەنتەرێكی بازرگانییە بۆ هەموو کۆمپانیاکان، بۆ راوێژکاری و هەموو پێشهاتە بازرگانییەکانە، وەکو ماڵێکی کوردی بەکارمان هێناوە بۆ پەیوەندی بارزگانی، ئابوری، کولتووری و خوێندن لەهەموو بوارەکان.

کاتی ژەمەکان، کۆمەڵگەی کوردی ناوچەکە روو دەکەنە ئەو چێشتخانەیەی بۆن و بەرامی خواردنەکەی تەواو کوردییە.

خالید ‌محەمەد، خاوەن چێشتخانەی میوان لە ئیۆ لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت، "14 بۆ 15 ساڵە لەم وڵاتە خەریکی کاری چێشتخانەین، ماڵێکی گەورەی کوردەکانە و خواردنی کوردیمان هەیە، خۆم و خێزانم شێفی ئەم چێشتخانەیەین، ستافێکی باشی چینیم لەگەڵدایە، بازرگانە کوردەکان و خاوەن کۆمپانیاکان رۆژانە سەردانمان دەکەن."

ئیۆ گەورەترین بازاڕی کاڵای بچووک و ناوماڵ و کاری رۆژانەی هەیە، نزیکەی 10 هەزار دووکانە، پشکی شێری ئەو کاڵایانەی لە چینەوە هاوردەی کوردستان دەکرێن لەم شارەوەیە. هەندێکجار کواڵیتی کاڵاکان باش نین.

توانا بابۆڵی، بازرگانە و دەڵێت، "کاکە بە خوای سووچی بازرگان نیە، سووچی میللەتەکەیە، شتی هەرزانی دەوێت، 50٪ـی میللەت شتی گرانی ناوێت، ئێستا بەخۆت تیشێرتێک ناکڕی بە 50 یان 60 هەزاری بۆ منداڵان، بەڵام ئەگەر بە 5 یان 6 هەزار بێت، لەجیاتی یەک قڵ، دوو و سێ قلی بۆ دەکڕی."

بەشی زۆری کاڵاکان لەرێی دەریاوە دەگوازرێنەوە هەرێمی کوردستان، رێگەیەکی هەرزانە، بەڵام خاوە، بارەکان نزیکەی 40 رۆژیان پێویستە تاوەکو سەر لە هەرێمی کوردستان دەردەکەن.

ئەم تابلۆ کوردییانەی لە وێنەکەدا دەیبینن نە شەقامی سەهۆڵەکەیە نە بازاڕی لەنگەیە، بەڵکو یەکێک لە شەقامەکانی چینە و کۆمپانیای بازرگانی بازرگانانی کوردەکانە، کەش و هەوای وڵاتەکە و بەتایبەت شاری ئیۆ بۆ بازرگانی ئەوەندە گونجاوە کە رۆژ لە دوای رۆژ کۆمپانیاکانی بازرگانی کوردی لە زیادبووندایە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 کۆمپانیای کوردی لێرە تۆمارکراون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif