دادپەروەری !؟

ليست هناك تعليقات

كوردپلات - بیروڕا
-
دیاری محمد
-
دادپەروەرى؛ ئەو چەمکەى زۆر بانگەشەى بۆ دەکرێت و کەم جێبەجێ دەکرێت بریتییە لەبێلایەنى لەکاتى دادگاییکردندا، هەروەها تێڕوانینێکى مرۆڤانەیە بۆ ئەو ژینگەیەى هەر تاکێک تیایدا دەژى. دادپەروەرى پێچەوانەى ستەم و توندڕەوییە، کەئامانج لێى یەکسانى و هاوسەنگی و دەستدرێژینەکردن و پاراستنى بەرژەوەندییەکانى تاک و کۆمەڵگایە.
لەفەلسەفەى یۆنانى کۆندا دوو هەزار ساڵ پێش هاتنی ئیسلام، باوەڕ وابووە کەدادپەروەرى پەیوەستە بەسیستمێکى سەروو سروشتى یان ئەودیو سروشت و دادپەروەرى پەیوەندیی هەیە بەفەزیلەتێکى خوداییەوە.
دادپەروەرى لەلاى ئەرستۆ ئاماژەبوو بۆ پەیوەندیی تاک بەدامودەزگا کۆمەڵایەتییەکانەوە و وەستان لەبەردەمى یاساکان و خۆڕازاندنەوە بەفەزیلەت، هەروەها ئەفڵاتون وا لەدادپەروەرى تێگەیشتبوو کەدادپەروەرى پەیوەستە بەدادپەروەریی گشتییەوە نەک دادپەروەریی تاک.
دادپەروەرى لەهەر کۆمەڵگەیەکدا نەبێت رق و کینەو حەزى تۆڵەسەندنەوە لەنێو تاکەکانیدا دروستدەبێت، هەروەک ئێستا لەکوردستانى خۆماندا بەئاشکرا هەستى پێدەکرێت کەهەژارەکان رقیان لەسەرمایەدارە بەناڕەوە هەڵکەوتووەکانەو گەل رقى لەچینى دەسەڵاتدارەو ئەمەش بۆ هەموو چین و توێژەکان و تاکەکان شۆڕبۆتەوەو لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەئاشکرا هەستى پێدەکرێت.
دادپەروەرى یاسایەکى خوداییەو بنەمایەکى کۆمەڵایەتییە بۆ بەردەوامیدان بەژیانى مرۆڤایەتى، چونکە بەبێ دادپەروەرى سەقامگیریی کۆمەڵایەتى بەدی نایەت و هاوکات ئاسایشى دەرونیی تاکەکانیش هەمیشە لەبەرزو نزمى و دڵەڕاوکێدا دەبێت بەوپێیەى کەدادپەروەرى نەما ستەم جێگاى دەگرێتەوەو هەمیشە تاکەکان ترسیان هەیە لەوەى ستەمیان لێبکرێت و مافەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارێکى سەروو خۆیانەوە زەوت بکرێت.
بەڵام کاتێ ئاینى پیرۆزى ئیسلام هات گرنگیی زۆر بەچەسپاندنى دادپەروەرى داو خواى گەورە دەفەرموێت (...وَإِذَا حَكَمْتُم بَيْنَ النَّاسِ أَن تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ...)، هەروەها ئیسلام لەسەردەمى دەسەڵاتیدا هەستاوە بەدانانى قازییەکان کەبنەمایەک بووە بۆ چەسپاندنى دادپەروەری لەنێوان تاکەکانى کۆمەڵگەداو خەلیفەى دووەمیش چەند مەرجێکى داناوە بۆهەر کەسێک کەدەبێتە قازى، لەوانەش مەرجى چەسپاندنى دادپەروەرى و پێداچوونەوە (تمیز)ى بڕیارەکەى ئەگەر بۆى دەرکەوت کەهەڵە بووە.
ئەوەى زەرەرمەندى یەکەم دەبێت لەچەسپاندنى دادپەروەرى تەنها ئەوانەن کەبەستەم و زۆردارى دەسەڵات یان پارەیان کۆکردووەتەوەو ئەگەر دادپەروەرى پیادەبکرێت رێگاى ستەمیان لێدەگیرێت، بۆیە هەمیشە دەسەڵاتدارو سەرمایەدارەکان ئەو دوو چینە بوون لەزۆربەى کۆمەڵگاکاندا دژى چەسپاندن و هاتنەئاراى دادپەروەرى بوون ئەگەرچى بەدروشم هەمیشە بیڵێنەوەو بانگەشەى بۆ بکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق