شەفافیەت چــیە؟

ليست هناك تعليقات


دێرین عیزەدین
-
شەفافیەت یەكێكە لە بەها گەورەكانی پەیوەست بە ڕەفتاری بەرپرسانی دەسەڵاتەوە یانی نەشاردنەوەی واقیع و خستنەڕوی ڕاستیەكانی كار و جوڵەی لەتەواوی ڕەهەندەكانی بڕیاری ئابوری و سیاسی و دارایی و یاسایی، بۆ ئەوەی هاوڵاتی كە سەرچاوەی دەسەڵاتە متمانەی زیاتر بەحكومەت بكات و پشتیوانی هەنگاو و بڕیارەكانی بكات.

یەكێَك لە قەیرانەكانی دەسەڵات و حكومەت لەهەرێمی كوردستاندا قەیرانی بەهای شەفافیەتە لە ڕەفتار و كاركردنی بەرپرسانی حكومەتدا، شەفافیەت سەرچاوەی دەستەبەركردنی متمانەیە بە عادیلانەبوونی دەسەڵات لەكار و بەرنامەكانیدا، ڕێگای سەرەكی ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵیە.

شەفافیەت تەنها ڕاگەیاندنی ژمارەی گوژمەی تێچوون و خەرجی نیە، تەنها دروستكردنی پێناسی سەرتابلۆی پرۆژەكان نیە، بەڵكو دەبێ‌ شەفافیەت ببێتە بەهایەكی گشتی كاركردنی حكومەت لە سەرجەم دامودەزگە ودامەزراوە گشتیەكانیدا و ببێتە بەشێك لەڕەفتاری بەرپرسان و كارمەندان و فەرمانبەرانی لەهەموو پلە ئاستەكاندا، وببێتە بەشێك لەهۆشیاری گشتی كۆمەڵگە.

شەفافیەت بەواتای (ڕوونی و ئاشکرایی) دێت بەجۆرێک نوخبە و دەسەڵاتی حکومڕان زانیاری وورد و دروست پێشکەش بەهاوڵاتیان و ڕای گشتی کۆمەڵگا بکەن لەکاتی پێویستدا،چەمکی شەفافیەت و گەندەڵی هاودژ و ناکۆکی یەکترن ،چونکە خودی گەندەڵی بەواتای شاردنەوە و کاری نهێنی و ناڕوونی دێت.

لەتەواوی کۆمەڵگا دیمووکراتیەکاندا کەهاوڵاتی بەشداری کارا و کاریگەری هەیە لەتەواوی بوارەکانی کۆمەڵگە،هاوڵاتی مافی زانین و ئاگاداربوونی هەیە لەزانیاریەکان و ڕاستیەکان،بەڵام بەپێچەوانەوە لەو کۆمەڵگایانەی کەدیموکراسیەتی ڕاستەقینە تیایدا بەرجەستە نەبووە کەمتر کار بە بنەماکانی شەفافیەت و پێدانی زانیاری و خستەڕووی ڕاستیەکان ئەکەن.

تەنانەت ئەو دامەزراوانەشی کەکاریان بەدواداچوونکردنە زۆربەی کات ڕێگریان لێئەکرێت لەوەی زانیاری پێویست بەدەستبهێنن،چونکە لەلایەک پەیوەندی بەو عەقڵیەتە هەیە کەحوکمڕانی ئەکات ،لەلایەکی دیکە پەیوەندی بەخراپ بەکارهێنانی ئەو زانیاریانەوە هەیە،چونکە زۆربەی کات وەرگرتنی ئەو زانیاریانە بۆ ململانێی تەسکی حزبایەتی بەکارئەهێنێت جیاواز لەوەی کەهۆکارێک بێت بۆ خزمەتی گشتی.

بێگومان بۆ ئەوەی شەفافیەت پەیڕەوبکرێت پێویستە ڕۆڵی دامودەزگاکانی چاودێری لەوڵات کارابکرێت و بواریان پێبدرێت ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

بەشێوەیەکی گشتی پێویستە شەفافیەت لەبوارەکانی بودجەی گشتی وڵات و داهات و سەرچاوەکان و خەرجی لێپرسراوی دامودەزگاکان هەبێت،بەتەنها شەفافیەت بواری داهات و خەرجی ناگرێتەوە بەڵکو بەشێکی زۆری پەیوەندی بەلایەنی ئیجرائاتەکان و ڕێکارەکان هەیە لەکاتی بڕیاردان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و پلانەکان و جێبەجێکردنی کاروبارە گشتیەکان.

تا حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجە نەکاتە پرۆژە یاسا و نەینێرێتە پەرلەمان و خەلک نەزانێت داهات و خەرجی چەندە و چۆنە،هەر باسکردنێکی شەفافیەت جگە لە قسە هیچیتر نیە،ئەوە چ حکومەتێکە کە بێ یاسا داهات و خەرجی ئیدارە ئەدا و باسی سەروەری یاساش ئەکات شەفافیەت بە یاسا بەرجەستە ئەبێ نەک قسە!

♦بەشێوەیەگشتی دەبێت شەفافیەت ئەم بوارە سەرەكیارانەی خوارەوە بگرێتەوە:

1-شەفافیەت لە بوجەی گشتی و بوجەی هەربەرنامە و پرۆژەیەكی حكومەت و ڕونیەتی بڕگەكانی وئاشكرایی ئەو بوارانەی كە خەرجی بۆ تایبەت دەكرێت.

2- شەفافیەت لە داهات و سەرچاوەكانی: دەبێت هیچ داهاتێك لە دەرەوەی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمدا نەبێت و بڕ وسەرچاوەیان لەیاسای بوجەدا دەسنیشانكراوبن.

3- شەفافیەت لە دەسەڵاتی فەرمان لەلایەن بەرپرس و لێپرسراوی دامودەزگە وفەرمانگە ودامەزراوە گشتیەكانی حكومەتەوە و دەسنیشانكردنی سنورەكانی.

4- شەفافیەت لە ڕێكارەكان- ئیجرائات- و میكانیزمەكانی ئیشكردن و وەرگرتنی بڕیارەكان لەهەر فەرمانگە ودامەزراوەیەكی حكومیدا. بۆنموونە: لادانی بەڕێوەبەرێك یان دەركردنی كارمەندێك بۆ؟ جێبەجێكردنی پرۆژەیەك بەم شێوەیە و بەم كۆمپانیایە بۆ؟ ئەم فەرمانگەیە سود و كەڵكی چیە و بۆ دامەزراوە؟

5-شەفافیەت لەئامانجی بڕیارە گشتیەكان و پلانەكان وسیاسەتگوزاریە گشتیەكانی حكومەت لەهەموو جومگە وبڕگەكانیدا.

6-شەفافیەت لەئەنجامەكان: ئەنجامی بڕیارەكان، پلانەكان، سیاسەتگوزاریەكان، ئەنجامی پرۆژە حكومەت.

7-شەفافیەت ڕۆڵ و كەڵكی هەرپرۆژە و بەرنامەیەك بۆ داهاتی گشتی و خزمەتگوزاری گشتی و پەرەپێدانی كۆمەڵگە.

بەدڵنیاییەوە ئێستا وەک جاران نەماوە دەسەڵاتدار بەئاسانی لەشکرێکی بێئاگای دەستکەوێت ئیتر لەژێر ناوی زل و زەبەلاحدا ئەوەی بیەوێ ئەنجامیبدات باش بێ یان خراپ بۆی بچێتەسەر!

ئێستا لەدۆخێکداین، تەنانەت گەنجانیش تێدەگەن، لەپەنای تاڵانی و بڕۆو قۆڵبەستکردنی یاساو دیموکراسیدا هۆنینەوەی سرودەکانی ئازادی بێ فایدەیە!


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif