بەغدا و هەولێر لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت "گەیشتوونەتە رێککەوتنی بەرایی"

ليست هناك تعليقات



هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی بەرایی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و پشکی بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام پرسی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت ماوە. بە گوتەی بەرپرسی یەکێک لەو کۆمپانیایانە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان یان سێ قۆڵی بە بەشداریی نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو پرسە بکرێت.

تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوویش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەبارەی پرسی رادەستکردن و هەناردەکردنەوەی نەوت لە کۆبوونەوەدا بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا گوتی: "هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی بەرایی لەبارەی رادەستکردن و هەناردەی نەوت و رادەستکردنى 50%ى داهات. بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە بە بەشداریی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیریی ئابووری لەسەر هەمان پرس بکرێت."

شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی کۆبووەتەوە.

ڕێککەوتنە بەراییەکە وایە رۆژانە هەرێمی کوردستان 280 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات و 120 هەزار بەرمیلی دیکەش لە نێوخۆدا بەکاربهێندرێت. لەبەرامبەردا بڕیارە تاوەکو کۆمپانیایەکی راوێژکاریی نرخی بەرهەمهێنانی هەر کێڵگەیەک دەخەمڵێنێت، کۆمپانیاکان بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلاریان پێ بدرێت، بەڵام رەزامەندیی کۆمپانیاکان لەسەر ئەو رێککەوتنە ماوە.

لە 25ى ئاداری 2023 ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. ئەم ساڵ یاسای بودجەی گشتی هەموارکرا و لە 17ـی شوباتەوە چووه‌ واری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان رێککەوتنەکەى پشتڕاست کردەوە و بە رووداوى گوت:" رێککەوتنەکە پەسندکردنى کۆتایی ماوە. ئەگەر کێشەى بۆ دروست نەبێت، لە کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسەند دەکرێت".

کۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رۆژانى سێشەممە دەکرێت، بەو پێیە بڕیارە یەکى حوزەیران ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت.

بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی، رازین بە شێوەیەکی کاتی و بۆ دوو مانگ 16 دۆلاریان بۆ خەرج بکرێت بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، بەڵام داوای چارەسەرکردنی سێ پرسیان کردووە بۆ ئەوەی بە بەردەوامی و لەدوای ئەو دوو مانگەش، بەردەوام بن لەسەر هەناردەی نەوت.

کۆمپانیاکان داوایان کردووە دەستکاریی گرێبەستەکانیان نەکرێت و پێیان وایە نرخی جێگیر بۆ بەرهەمهێنانی نەوت جۆرێکە لە گۆڕینی گرێبەستەکان. داواکارییەکی دیکەیان چارەسەرکردنی کێشەی قەرزە کەڵەکەبووەکانیانە کە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلارە و دەبێت بزانن لە ئەستۆی هەولێر یان بەغدا دەبێت. سێیەم داواکارییشیان یەکلاییکردنەوەی پڕۆژەکانی داهاتوویانە لەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکەن.

ئەو بەرپرسەی کۆمپانیاکە گوتیشی: "بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان، دەبێت بیری نوێ بەپێی گرێبەستەکانمان لێ بدەین کە لە هەندێک ناوچە یەک بیر 17 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. دەبێت بزانین کێ ئەو پارەیە دەدات و چۆن قەرەبوو دەکرێینەوە."

کێشەی کۆمپانیاکان لەگەڵ ئەو نرخە ئەوەیە کە بڕیارە لەلایەن کۆمپانیایەکی راوێژکارییەوە دیاری بکرێت. ئەوان پێشتر وەبەرهێنانیان لە کێڵگەکاندا کردووە و پارەکەیان بە رێژە لە فرۆشتنی نەوت وەردەگرتەوە، نەوەک پارەیەکی جێگیر. ئەوە وا دەکات پارەی دیاریکراو بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ئەوان گونجاو نەبێت.

بە گوتەی ئەو بەرپرسی کۆمپانیایە "بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان یان سێقۆڵی بە بەشداریی نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتانە بکرێت."
سەرجاوە رووداو

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif