سەرۆککۆماری تورکیا لە باسی رێگەی گەشەپێداندا دەڵێ: "ئێمە، عێراق و وڵاتە دۆستەکانیشمان سوودی زۆری لێ دەبینین"؛ باسی لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و داخستنی ئاسمانی وڵاتان لە ئەنجامی جەنگەکان کرد و گوتی، لەسەر ئەو بنچینەیەیە "رێڕەوەی گواستنەوەی نوێ و ئارام زۆر پێویستن."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "گرژییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکەمان، ئەو نادیارییانەی تایبەت بە گەرووی هورمز و گەشتە ئاسمانییەکان سەریانهەڵدا، وەبیریان هێناینەوە کە رێڕەوی گواستنەوەی نوێ و ئارام زۆر بەنرخن".
سەبارەت بە رێگەی گەشەپێدان، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، زۆر بایەخی پێدەدەن، چونکە "پرۆژەیەکە تەنیا سوودی بازرگانی نییە، بەڵکو رێگەی ئاشتییە و جوگرافیای باکوور بە باشوور، رۆژئاوا بە رۆژهەڵات و هەمووان بەیەکەوە گرێ دەدات".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "عێراق دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی لەم پڕۆژەیەدا. هەربۆیە خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ عێراق دەگەڕێتەوە و پێگە جیهانییەکەی سەنگینتر دەکات. گواستنەوەی بار لە بەندەری فاوەوە بۆ ئۆڤاکۆ و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا کارێکی زۆر ناوازە دەبێت. لە سایەی پرۆژەکە، بەندەری فاو زۆر زیاتر گەشە دەکات و بە رووی جیهاندا دەکرێتەوە."
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، پڕۆژەی گەشەپێدان کاریگەرییەکی گەورەی دەبێ، بە جۆرێک دوای تەواوبوونی 63 هەزار کەس لە ساڵێکدا هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێندرێ.
درێژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەترە و پێکدێت لە هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیاران و هێڵی ئاسن، لە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نێو خاکی تورکیا.
خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی کۆتایی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق