لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران: جەنگەکە بە کاتی وەستێنراوە

ليست هناك تعليقات


ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رەتیکردەوە ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەبێت و گوتی، "ئەوەی کراوە ئاگربەست نییە، بەڵکو جەنگەکە بە شێوەیەکی کاتی وەستێنراوە."

رۆژی یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، ئیسماعیل کووسەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ئاماژە بە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرد کە 12 رۆژی خایاند و رایگەیاند، ئەوان دەستپێشخەریی جەنگەنە نەبوون و جەنگەکە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەسەریاندا سەپێنرا.

ئیسماعیل کووسەری گوتی: "لە چەند هەفتەی رابردوودا، زۆرداری جیهانی (ئەمریکا) لەگەڵ زایۆنییەکان، جەنگیان بەسەر ئێمەدا سەپاند و فەرماندە سەربازییەکان، زانایانی ئەتۆمی و خەڵکی سڤیلیان لێ شەهید کردین."

سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران گوتی، "ئەوەی کراوە ئاگربەست نییە، بەڵکو جەنگەکە بە شێوەیەکی کاتی وەستێنراوە." گوتیشی: "ئێمە ئێستا لە ئاگربەستدا نین، بەڵکو لە قۆناخی وەستانی کاتی جەنگەکەداین، ئەوەش پەیوەستە بە لایەنی بەرامبەرەوە کە چ کاتێک دەیەوێت جەنگەکە دەستپێبکاتەوە."

هۆشداریش دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەگەری هەر رووبەڕوونەوەیەک ئامادەن و دەڵێت: "کاربەدەستانی ئەمریکا، سەرۆکی ئەمریکا و زایۆنییەکان دەبێ بزانن کە هێزە چەکدارەکان وەڵامێکی تووندی هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی دەدەنەوە."

لێدوانی ئەم بەرپرسەی ئێران لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران و عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران رایانگەیاند، گومانیان لە پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست هەیە.

محەممەدڕەزا عارف رایگەیاندووە، "ئاگربەست بە واتای کۆتایی هاتنی جەنگ نییە و نابێت متمانە بە رژێمی زایۆنی بکەین." جەختیشی کردەوە، "پێویستە لەمەوپاش بۆ هەر جوڵەیەکی دوژمنکارانە لە لایەن دوژمنەوە ئامادە بین."

سوپاسالاری ئێرانیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەل خالد بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە گوتوویەتی: "ئێمە گومانمان هەیە لە پابەندبوونی دووژمن بە بەڵێنەکانی، لەوانەش ئاگربەست، ئامادەین وەڵامێکی تووندی بدەینەوە ئەگەر دەستدرێژییەکە دووبارە بکاتەوە."

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif