سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر سەرۆکی بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی تووندتر دەکاتەوە و داوا دەکات جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە لە پۆستەکەی لابدرێت و رێژەی سوود دابەزێندرێت.
رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە زنجیرەیەک پۆستدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ماوەی چەند مانگێکە داوای دابەزاندنی رێژەی سوود دەکات، هێرشی تووندی کردە سەر جێرۆم پاوڵ و بە "گەمژە" ناویبرد.
ترەمپ نووسیویەتی، "جێرۆم زۆر دواکەوتووە. پاوڵ گەمژەیەکی کەلـلەڕەقە، دەبێت دەستبەجێ و بە شێوەیەکی بەرچاو رێژەی سوود دابەزێنێت. ئەوەش ئێستا."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها دەشڵێت، "ئەگەر بەردەوام بێت لە رەتکردنەوە، دەبێت ئەنجوومەنی بانکی ناوەندی کۆنترۆڵ بگرێتە دەست و ئەوە بکات کە هەمووان دەزانن پێویستە بکرێت!"
ترەمپ باس لەوە دەکات، پاوڵ "دەبێت خانەنشین بکرێت و لەبەرچاو نەمێنێت."
ئەم هێرشانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە چوارشەممەی رابردوو، بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی کەمنەکردەوە.
دوای بڕیارەکەش جیرۆم پاوڵ گوتی، مەرج نییە لە مانگی ئەیلوولیشدا رێژەکە کەم بکەنەوە.
مەبەستی ترەمپ لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود، کەمکردنەوەی قەرزەکان و راکێشانی وەبەرهێنانە و دەڵێت، بە کەمکردنەوەی رێژەکە، ساڵانە 3 تریلیۆن دۆلار پاشەکەوت دەکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق