ئەشرەف حەکیمی بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی 15 ساڵ زیندانی دەکرێت

ليست هناك تعليقات


راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان سزای چاوەڕوانکراویان دژی ئەشرەف حەکیمیی مەغریبی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ئاشکرا دەکەن، لە ئەگەری تاوانبارکردنی بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی.

داواکاری گشتیی فەرەنسا داوای کردووە یاریزانە مەغریبییەکەی پاریس سانجێرمان، ئەشرەف حەکیمی، رەوانەی دادگای تاوانەکان بکرێت بەتۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک لە ماڵەکەیدا لە نزیک پاریس.

وردەکارییەکانی کەیسەکە و سزای چاوەڕوانکراو

رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 25ـی شوباتی 2023، کاتێک خانمێکی تەمەن 24 ساڵ بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە مانگی یەکی هەمان ساڵدا لەڕێگەی ئینستاگرامەوە حەکیمی ناسیوە، دواتر لە کاتێکدا هاوژین و منداڵەکانی لە ماڵەوە نەبوونە، بانگهێشتی کردووە بۆ ماڵەکەی لە ناوچەی بۆلۆن - بیانکۆر.

بەپێی گێڕانەوەی ئەو، حەکیمی سەرەڕای رەتکردنەوە و ناڕەزایەتییەکانی، هەوڵیداوە ماچی بکات و دەست بۆ جەستەی ببات، پاشان بەبێ رەزامەندیی خۆی دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر.

هەروەها گوتیشی کە توانیویەتی بە قاچی پاڵی پێوە بنێت و هەڵبێت، پێش ئەوەی داوا لە هاوڕێیەکی بکات بیباتەوە، هەر لە هەمان رۆژدا چووەتە بنکەی پۆلیس بۆ ئەوەی وتەی خۆی بدات و شۆک بووە.

لە 3ـی ئاداری 2023 دادوەری لێکۆڵەر تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی ئاراستەی حەکیمی کرد و چاودێریی دادوەری بەسەردا سەپاند کە بریتی بوو لە قەدەخەکردنی پەیوەندیکردنی بە سکاڵاکارەوە.

ئێستا داواکاری گشتی نووسراوی تۆمەتبارکردنی واژۆکردووە و داوای رەوانەکردنی دەکات بۆ دادگاییکردن، ئەگەر تاوانبار بکرێت، لەوانەیە رووبەڕووی سزایەک ببێتەوە کە بگاتە 15 ساڵ زیندانیکردن.

هەڵوێستی ئەستێرە مەغریبییەکە

حەکیمی بەتەواوی تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوەی روویداوە هەوڵێکە بۆ پارەسەندن لێی.

لە لێدوانێکی پێشووتردا حەکیمی دەڵێت "سەرکەوتنەکانی کردوویەتی بەئامانجێکی ئاسان بۆ هەندێک کەس و سکاڵایەکی پێچەوانەی تۆمارکردووە".

فانی کۆلین، پارێزەرەکەی ئەشرەف داواکارییەکەی داواکاری گشتیی بە "نالۆژیکی" وەسف کرد و گوتی کە لێکۆڵینەوەکان بەپشتبەستن بە راپۆرتە دەروونییەکان ئاشکرایانکردووە کە سکاڵاکار لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە درۆ دەکات.

جەختیشی کردەوە کە تیمی بەرگری لە ئەگەری قبوڵکردنی بڕیارەکەدا تانە لە بڕیارەکە دەدەن.

ئێمباپێ بەرگری دەکات

کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری فەرەنسی، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، بەرگری لە حەکیمی دەکات، کە نزیکترین هاوڕێیەتی.

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لیکێپی فەرەنسیدا، ئێمباپێ سەبارەت بەو بابەتە گوتی "ئەو ئێوارەیە، لەکاتێکدا لە چێشتخانەیەک بووین، ئەشرەف بەتەواوی داڕما بوو، گریا و هیچ هەستی بەباشی نەدەکرد، پێیگوتم کە دەستگەمەی لەگەڵ کچەکەدا کردووە، بەڵام هەرگیز هەستی بەوە نەکردووە کەو ئەو پێیناخۆش بووە".

هێرشبەرەکەی یانەی ریال مەدرید ئاماژەی بەوەشکرد "حەکیمی پێیگوتم لە کۆتاییدا هیچ پەیوەندییەکیان نەبووە، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی هۆکارەکەی بدات".

ئێمباپێ جەختی لەسەر پاکیی ئەشرەف حەکیمی هاوڕێکەی کردەوە و بەتووندی بەرگری لێکرد. باسی لەوە کرد کە بەردەوام خۆی و ئەشرەف گفتووگۆ لەسەر ئەو پرسە هەستیارانە دەکەن و گوتی "ئەمە بابەتێکە کە بەردەوام باسی دەکەین و زۆر وریاین لەسەری. یەکەم، ئێمە دڕندە نین. دووەم، ئێمە لە سەرەتای کارکردنمانەوە بۆ ئەمە ئامادە بووین".

لەدرێژەی قسەکانیدا کیلیان گوتی "حەکیمی رێز لە ژنان دەگرێت، تەنانەت کاتێک سەرخۆشیش بێت، هەرگیز نەمبینیوە رەفتارێکی نەشیاو بکات، هەروەها هیچ کۆمێنتێکم لەلایەن هاوڕێکانمەوە پێ نەگەیشتووە کە پێمبڵێت ئەشرەف هەڵسوکەوتی خراپی کردووە یان سنوورەکانی بەزاندووە".

ئەشرەف هاوژینەکەی لەدەستداوە

دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار هەواڵی ئەو ئابڕوچوونەی حەکیمی بڵاوبووەوە و بە ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی تۆماتبارکرا، هیبە عەبوکی هاوژینی ئەشرەف حەکیمی داوای جیابوونەوەی لێکرد و جیابوونەوە.

ئەوکات میدیاکان رایانگەیاند "هیبە عەبوک، خانمە ئەکتەری بەڕەچەلەک ئیسپانی، دوای پێنج ساڵ هاوسەرگیریکردن لە ئەشرەف حەکیمی جیابووەوە".

هیبە عەبوک ئەوکات رایگەیاند "سەرەڕای ئەوەی ئەشرەف چەند ساڵێکە لە ژیانمدایە و دوو منداڵم لێی هەیە، بەڵام هەمیشە لەگەڵ کەسانی قوربانی دەبم. هیوادارم رێز لە تایبەتمەندیی خۆی و منداڵەکانم بگرن".

ئەشرەف و هیبە عەبوک

ئەشرەف فێڵی لە هیبەش کرد

کاتێک هیبە لە حەکیمی جیابووەوە تووشی شۆک بوو کاتێک زانی یاریزانە مەغریبییەکە هەموو سامان و سەروەتی خۆی ەبناوی دایکی کردووە و بەو هۆیەوە هیبە هیچ شتێکی لە سامانی ئەو وەرنەگرت.

ئەشرەف حەکیمی ئەوکات دانی بەو رەفتارەیدا نا کە ژنەکەی تووڕە کردووە و دەڵێت "بەڵێ دایکم سەروەت و سامانم بەڕێوە دەبات".

ئەشرەف لێدوانی لەسەر ئەو هەواڵانە دا کە پێشتر باسیان لەوە کردووە کە پارە و موڵکەکانی خۆی بەناوی دایکی کردووە، کە ئەو بابەتە بووەتە هۆی تووڕەبوونی هاوژینی پێشووی، خانمە ئەکتەر هیبە عەبوک.

هیبە عەبوک دوای پەیوەندییەکی 5 ساڵە لە حەکیمی جیابووەوە و لەو ماوەیەدا دوو منداڵیان بوو، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵی تێوەگلانی ئەو ئەستێرە مەغریبییە لە دۆسێیەکی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک لە پاریسدا بڵاوبووەوە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لەوە کرد، هاوژینەکەی حەکیمی سەری سوڕماوە لەوەی ئەشرەف هەموو پارە و موڵکەکانی بەناوی دایکییەوە کردووە، چونکە دوای دەستپێکردنی رێوشوێنەکانی جیابوونەوە، کاتێک هیبە ویستوویەتی هەندێک لە سامانی مێردەکەی وەربگرێت، بۆی دەرکەوتووە کە ئەستێرەکەی پاریس سانجێرمان هیچ سامانێکی بەناوی خۆیەوە نەبوو.

ئەو یاریزانە لەو بارەیەوە گوتی "لە گەنجییەوە پارەیەکی زۆرم لە تۆپی پێدا دەستکەوتووە، بەڵام نەمتوانیوە ئەو کارە بەڕێوەببەم، بۆیە دایکم کارەکانمی بەڕێوەبردووە".

ئەشرەف زیاتر دەڵێت "کاتێک دەمەوێت خانوویەک یان ئۆتۆمبێلێک بکڕم یان کاتێک پارەیەکی زۆرم دەست دەکەوێت پرس بە دایکم دەکەم".

ئەو روونیشیکردەوە کە بەڕێوەبردنی سامانەکەی لەلایەن دایکییەوە لە راستیدا هیچ پەیوەندی بە هاوسەرگیری یان جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی نەبووە.

ئاماژەی بەوەش کرد "دایکم ئەو کەسەیە کە هەموو شتێک بەڕێوەدەبات، هەر دایکیش ئەو کەسەیە کە تۆی خۆشدەوێت پارەت هەبێت یان نەبێت، ئەو کەسەیە کە دەتوانێت پارەکەت بپارێزێت".

حەکیمی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دایکیدا هەیە و زۆر خۆشی دەوێت و زۆر رێزی دەگرێت، و لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ زۆر لە رێوڕەسمەکانی رێزلێنان و بۆنە وەرزشییەکان و تەنانەت زۆر لە یارییەکانی تۆپی پێش.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif