سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، حکومەتەکەی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت، ئەگەر ئیسرائیل "هەنگاوی کرداری" لە غەززە نەنێت و ئاگربەستێکی درێژخایەن لەو ناوچەیە رانەگەیێنێت.
هەفتەی رابردوو، زیاتر لە 250 پەرلەمانتار کە دەکەنە سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا، نامەیەکیان بۆ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان نارد و داوایان لێکرد کە هەنگاو بۆ ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین بنێت.
سەرەتا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دژی داواکارییەکە وەستایەوە و گوتی، پێویستە دانپێدانانەکە بەشێک بێت لە پلانێکی فراوانتری ئاشتی و چەند مەرجێکی دیاریکرد، بەڵام هەڵوێستی خۆی گۆڕی.
قسەکانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای بڕیارەکەی ئەم دواییەی فەرەنسا هاتن بۆ داننان بە فەلەستین وەکو دەوڵەت و بووە یەکەم وڵاتی کۆمەڵەی G7 کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەنێت.
بەپێی رێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆی ساڵی 1933، چەند پێوەرێک هەن کە پێویستن بۆئەوەی وڵاتێک بە سەربەخۆ بناسێندرێت.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەر ناوچەیەک بۆ سەربەخۆبوونی، دەبێت خاکێکی دیاریکراوی هەبێت، دانیشتووانێکی هەمیشەیی تێدا بژین، حکومەتی هەبێت و توانای ئەوەی هەبێت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان ببەستێت.
لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا 147 وڵات دانیان بە فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناوە، لەنێویاندا رووسیا، چین و هیندستان و 12 وڵاتی ئەورووپی.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، ئێستا کاتی داننانە بە دەوڵەتی فەلەستین، چونکە زۆرترین کاریگەریی دەبێت.
ستامەر ئاماژەی بەوەش دەکات، ناساندنی فەلەستین وەک وڵاتێكی سەربەخۆ، بەشێکە لە "پلانێکی 8 خاڵی،" کە پێشتر لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیا گفتوگۆی لەسەر کراوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش چەندین جار رایگەیاندووە، دەیەوێت فەلەستین وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ بناسێنێت.
چارەسەری دوو دەوڵەتی چییە؟
چارەسەری دوو دەوڵەتی بریتییە لەوەی کە وڵاتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لە تەنیشت ئیسرائیلەوە دابمەزرێت و هەردوولا خاکێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەختی لێدەکاتەوە ئەوەیە، فەلەستین دوو شوێنی سەرەکی بگرێتەوە، کە بریتین لە کەرتەکانی رۆژئاوای فەلەستین و غەززە و رۆژهەڵاتی قودس - ئورشەلیمیش پایتەختەکەی بێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەشێکی زۆری سیاسییەکانی ئیسرائیل ماوەیەکی درێژە دژی دامەزراندنی فەلەستینن بەو جۆرە.
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم چارەسەرەکە بڕیاردانە لەسەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە.
فەلەستینییەکان داوا دەکەن وڵاتەکەیان لەسەر بنچینەی سنوورەکانی پێش جەنگی ساڵی 1967 دابمەزرێندرێت، بەڵام لەو کاتەوە ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر کۆمەڵگەی جوونشینی لە کەرتی رۆژئاوا دروستکردووە، ئێستا نزیکەی 600 هەزار ئیسرائیلی لەو ناوچەیە دەژین.
پرسی قودس - ئورشەلیمیش یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان.
ئیسرائیل و فەلەستین چۆن لە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڕوانن؟
وەکو چاوەڕوان دەکرا، ئیسرائیل سەرکۆنەی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای کرد و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکس نووسی، "گۆڕانکاری لە هەڵوێستی حکومەتی بەریتانیا لەم کاتەدا، دوای هەنگاوەکەی فەرەنسا و گوشارە سیاسییە نێوخۆییەکان، پاداشتێکە بۆ حەماس و زیان لە هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و چوارچێوەیەک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەدات."
نەتەنیاهوو بە تووندی سەرکۆنەی فەرەنسای کرد و گوتی، داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ئێستا "رێخۆشکەرێک دەبێت بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل، نەوەک بۆ ژیانکردن لە تەنیشتییەوە بە ئاشتی."
لە لایەکی دیکەوە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، "سوپاس و پێزانین"ی خۆی بۆ سەرۆکی فەرەنسا دەربڕی.
وەک وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی فەرەنسا، حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرلین هێشتا پشتگیری لە چارەسەری دوو وڵاتی دەکات، بەڵام ئێستا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نانێت.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیران کەنەداش پشتگیریی خۆی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی دووپاتکردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا خۆی لە داننان بە فەلەستین وەکو وڵاتی سەربەخۆ بەدوور گرتووە.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، دۆخی غەززەی بە "کارەساتی مرۆیی" ناوبرد و گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی "پابەندە بە داهاتوویەک کە تێیدا هەردوو گەلی ئیسرائیلی و فەلەستینی بتوانن بە ئاشتی و سەلامەتی لەنێو سنووری پارێزراو و دانپێدانراوی نێودەوڵەتیدا بژین."
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتی، داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەبێت داننان بە ئیسرائیلیش وەکو دەوڵەت لەخۆبگرێت.
ئەنتۆنیۆ تایانی لە رۆما گوتی، "دەوڵەتێکی فەلەستینی کە دان بە ئیسرائیلدا نەنێت، واتای ئەوەیە کێشەکە چارەسەر نابێت."
ئیسپانیا، کە پێشتر وەک وڵاتی سەربەخۆ دانی بە فەلەستیندا ناوە، پێشوازیی لە راگەیاندنەکەی ماکرۆن کرد.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس نووسی، "پێکەوە، دەبێت ئەوە بپارێزین کە نەتەنیاهوو هەوڵی لەنێوبردنی دەدات. چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە چارەسەرە."
وەزارەتی دەرەوەی سعودیەش رایگەیاند، "پێشوازی لەم بڕیارە مێژووییە دەکات" و داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد، "هەنگاوی ئەرێنیی هاوشێوە" بنێن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق