لێرەوە بزانە پیتاندنی یۆرانیۆم چۆنە

ليست هناك تعليقات


ئەمڕۆ بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئەو ململانێیەی لەسەری دروستبووە، کەس نییە لە ئێمە رۆژانە گوێی لە دەستەواژەی پیتاندنی یۆرانیۆم نەبێت. رەنگە هەندێکمان کە گوێمان لە وشەی یۆرانیۆم دەبێت، بیر لە تەقینەوەی ئەتۆمی و جەنگی سارد بکەینەوە.

بەڵام یۆرانیۆم زۆر لەوە زیاترە تەنیا ببێتە سەرچاوەی ترس و دڵەڕاوکێمان، بەڵکو مادەیەکی زۆر باوە و رۆڵێکی گرنگی هەیە لە وزەی سەردەم، بواری پزیشکی و جیۆسیاسەتدا.

ئەم مانگە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، جارێکی دیکە یۆرانیۆم بووە بابەتێکی گەرمی جیهانی.

لە زۆر لە هەواڵەکاندا دەبیستین کە ئێران بە رێژەی 60٪ یۆرانیۆمی پیتاندووە، بەڵام ئایا ئەوە چ واتا و مەبەستێکی هەیە؟

سەرەتا با پێکەوە بزانین یۆرانیۆم چییە

یۆرانیۆم مادەیەکی کیمیاییە. 92ـەمین توخمە لە خشتەی خوولیدا.

مادەیەکی کانزایی تیشکدەرە. تیشکدان چییە؟

تیشکدان بریتییە لە چالاکییەکی خۆڕسکی گەردیلەکانی وەک یۆرانیۆم، تۆریۆم و رادیۆم، کە خۆڕسکانە شیدەبنەوە و وزە دەردەن.

مارتین هێنریک کلاپرۆت، کیمیاگەری ئەڵمانی لە ساڵی 1789 یۆرانیۆمی بۆ یەکەمین جار دۆزییەوە و مادەکەی بەناوی هەسارەی ئۆرانوسەوە کرد کە ئەویش تازە دۆزرابووەوە. تاوەکو سەدەی بیستەم، زانایان لە بایەخ و گرنگی و هێزی یۆرانیۆم تێنگەیشبوون، تاوەکو ئەو کاتەی بۆیان دەرکەوت گەردیلەکانی یۆرانیۆم دەتوانن لە رێگەی پڕۆسەیەکەوە کە پێی دەگوترێت ناوکەکەرتبوون، ببنە دوو پەرت.

لە پڕۆسەی ناوکەکەرتبووندا، ناوکی گەردیلەکان پەرت دەبێت و دوو ناوکۆڵە یان زیاتری لێ دروست دەبن، پڕۆسەکە وزەیەکی یەک جار گەورە دەردەپەڕێنێت.

یۆرانیۆم لە زۆربەی شوێنەکان هەیە. لە بەرد، خاک و ئاو. شوێنەواری یۆرانیۆم تەنانەت لە رووەک و گیانەوەرانیشدا هەیە، هەڵبەتە بە بڕێکی کەم.

بەشی هەرە زۆری یۆرانیۆم لە چینی سەرەوەی زەویدا دەدۆزرێتەوە (ئەو چینەی بەسەریدا دەڕۆین).

یۆرانیۆمەکە بە خاوی دەدۆزرێتەوە و دواتر بە پڕۆسەی پیتاندن دەکرێتە یۆرانیۆمی تیشکدەری مەترسیدار کە ناوی یۆرانیۆم-235ـە.

یۆرانیۆم-235، بریتییە لە زڕتوخمێکی یۆرانیۆم. زڕتوخم بریتییە لە جۆرێکی هەمان توخم، بەڵام کێشێکی کەمتر یان زیاتری هەیە. بیر لە دارسێوێک بکەوە کە چەندین سێوی پێوەیە. هەندێکیان بچووک و هەندێکیان گەورەن، بەڵام هەموویان هەر سێون، ئەگەرچی کێشیان جیاوازە لە یەک. بە کورتی و بە کوردی، زڕتوخم بریتییە لە هەمان توخم، بەڵام بە کێشێکی جیاواز.

زۆربەی یۆرانیۆمە خاوەکە، لە یۆرانیۆم-238 پێکدێت کە یۆرانیۆمێکی لاوازی بێ تیشکە. تەنیا 0.7٪ی یۆرانیۆمی خاو لە یۆرانیۆم -235 پێکدێت، کە بریتیە لەو زڕتوخمەی توانای ناوکەکەرتبوونی هەیە. بۆیە، وەک چۆن ئارد لە (بێژنگ) دەکرێت، پێویستە یۆرانیۆمیش لە ئامێری تایبەت بدرێت بۆ ئەوەی یۆرانیۆمی 235 خەست بکرێتەوە و لە یۆرانیۆمە لاوازەکە جیابکرێتەوە. بەم پڕۆسەیە دەگوترێت، پیتاندنی یۆرانیۆم.

پیتاندن وا دەکات یۆرانیۆمەکە سوودی زیاتری هەبێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، چونکە یۆرانیۆمی سرووشتی، وەک پێویست یۆرانیۆم-235ی تێدا نییە تاوەکو لە کوورەکان یان بۆمبەکاندا بە باشی کاری خۆی بکات.

پیتاندنی یۆرانیۆم لە سێ قۆناخ پێکدێت:

قۆناخی یەکەم گۆڕینی یۆرانیۆمە بۆ گازێک کە پێی دەگوترێت شەشەم ۆفلۆریدی یۆرانیۆم (uranium hexafluoride).

لە قۆناخی دووەمدا، گازەکە دەخرێتە نێو ئامێرێکەوە کە پێی دەگوترێت سەنتەرفیوج. ئامێرەکە بە خێراییەکی یەک جار زۆر دەخوولێتەوە. لەبەر ئەوەی یۆرانیۆم-235 کەمێک سووکترە لە یۆرانیۆم-238، یۆرانیۆم-235 هێواشتر بۆ سەرەوە بەرزدەبێتەوە، بەم جۆرەش هەردوو زڕتوخمەکەی یۆرانیۆم، لە یەک جیادەبنەوە. وەکو ئەوە وایە، جل بە جلۆشۆر وشکبەیتەوە، کە جلەکان بە خێرایی زۆر دەخوولێنێتەوە بۆ ئەوەی ئاوەکەی لێ جیابێتەوە.

بەڵام خوولانەوەیەک بە تەنیا بەس نییە. بۆیە ژمارەیەکی زۆری سێنتریفیوج بە ریز دادەنرێن و بە یەکەوە دەبەسترێنەوە بۆ ئەوەی یەک لە دوای یەک، گازەکەیان پێدا بڕوات، تاوەکو ئەو کاتەی یۆرانیۆم-235 بە تەواوی خەست دەبێتەوە و لە زڕتوخمەکەی دیکە جیادەبێتەوە.

سێنتریفیوجی ئێران.

بۆ ئەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دەست بدات، پیویستە بە رێژەی 3٪ تاوەکو 5٪ بپیتێنریت، واتە دەبێت 3٪ تاوەکو 5٪ی یۆرانیۆمەکە یۆرانیۆم-235 بێت.

ئەگەر یۆرانیۆمەکە بە رێژەی 20٪ بپیتێنرێن، واتە 20٪ی مادەکە یۆرانیۆم-235ـە. رێژەی پیتاندنی ئەم یۆرانیۆمە بە بەرز دادەنرێن.

ئەگەر بە رێژەی 90٪ یان زیاتر بپیتێنرێت، دەتوانرێت مادەکە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت.

رێژەی بەرزی پیتاندن وا لە یۆرانیۆمەکە دەکات بە کەڵکی چەکی ئەتۆمی بێت، چونکە یۆرانیۆم-235 دەبێتە هۆی پەرتبوونی زنجیرەیی ناوکی گەردیلەکانی یۆرانیۆمەکە، ئەوەش لە شێوەی تەقینەوەی گەورەدا بڕێکی گەورەی وزەی لێ دەردەپەڕێت.

هێزە جیاجیاکانی یۆرانیۆم

ئەگەرچی زۆربەی مانشێتەکان بایەخ بە لایەنی سەربازیی یۆرانیۆم دەدەن، ئەم توخمە لە بوارەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤی سەردەمدا، رۆڵێکی گرنگ دەبینێت. ئەو یۆرانیۆمەی بە رێژەی کەم پیتێنراوە، نزیکەی 10٪ی کارەبای جیهان دابین دەکات.

لە ئەمریکا، ژمارەیەکی زۆری وێستگەکانی کارەبا بە سووتەمەنیی یۆرانیۆم کاردەکەن، بەو شێوەیەش بێ ئەوەی هیچ کاربۆن یان گازێکی زیانبەخش دەربدەن، کارەبا بەرهەمدێنن. جگە لەوە، چەند جۆرێک تەکنەلۆجیای چارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە، پشت بە یۆرانیۆم دەبەستن.

لە تەکنەلۆجیای دەریاییدا، چەندین ژێر دەریایی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، پشت بە یۆرانیۆم دەبەستن بۆ ئەوەی بە بێدەنگی و بۆ ماوەی چەندین ساڵ، کاربکەن بێ ئەوەی پێویستیان بە سووتەمەنیی دیکە بێت.

یۆرانیۆم دەکرێت دەرد بێت یان دەرمان

کانزایێکە دەکرێت لە بەردی کۆن دەربهێنرێت و شارێکی پێ رووناک بکرێتەوە یان شارێکی پێ لەسەر رووی زەوی بسڕدرێتەوە. ئەم مادەیە شتێک نییە تەنیا پاشماوەی جەنگی سارد بێت یان ئەندێشەی زانستی. راستەقینەیە، بەهێزە و کاریگەریی لەسەر تەواوی جیهان هەیە، لە ململانێی جیهانییەوە، تاوەکو دەگاتە نۆرینگەکانی شێرپەنجە، لە هێڵەکانی کارەباوە تاوەکو دەگاتە مێزەکانی دانوستاندن و دیپلۆماسی.

لە کۆتاییدا، هێزە راستەقینەکە لەو وزەیەدا نییە کە لێی دەردەچێت، بەڵکو لەوەدایە کە مرۆڤ چۆن بەکاریدەهێنێت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif