لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵیی وڵاتەکەیدا کە رۆژی شەممە لە ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی ئەو بەرپرسانەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـی کرد کە بە تۆمەتی گەندەڵی لە شارەوانییەکان گیراون و گوتی، "ئەو هاوڕێیانەی ساڵانێکە هاوڕێبازیانن، بەیەکەوە کاریان کردووە و لە شارەوانییەکاندا پلەی باڵایان پێداون، ئیدی وا دان بەوە دادەنێن کە چۆن داهاتی شارەوانیی ئیستەنبووڵ تاڵان دەکرێت و بە کەسانێک دەدرێت".
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان کە بەرپرسانی جەهەپە ئەو هەنگاوەی حکومەت بە سیاسی ناو دەبەن و دەڵێن، هیچ دۆسیەیەکی گەندەڵی لەسەر پارتەکەیان ساخ نەبووەتەوە و دادگەییکردنەکەش سیاسییە.
ئەردۆغان ئەو گوتانەی جەهەپەی رەتکردەوە و گوتی، "دانە بە دانە ئەوەش ئاشکرا دەبێت کە چۆن ئەو سەرچاوە داراییەی پێویستە بۆ خەڵک خەرج بکرێت، بە شێوەیەکی بێ ئامان لە مەرامی دیزاینکردنی سیاسەت بەکاردەهێندرێت".
رۆژی 19ی ئاداری 2025 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی 'گەندەڵی و ساختەکاری' دەستگیرکرا.
رۆژی 23-3-2025 بە بڕیاری دادگە خرایە گرتووخانە. هەمان رۆژ لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی تورکیاوە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق