لە 6 مانگدا دەستەى گومرگى عێراق زیاتر لە سێ ملیار دینارى گەڕاندووەتەوە کە لە "فێڵکردن" لە زانیارییەکانى گومرگدا ئاشکرا بوون، دەستەى دەروازە سنورییەکانیش دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ خاوەنى کۆمپانیایەکى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل راگەیاند، کە گوایە "پرۆسەیەکى گواستنەوەى دارایی نایاسایی گەورە"ى کردووە.
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق راگەیاند، پرۆسەیەکى نایاسایی "گەورە"ى گواستنەوەی دارایی ئاشکرا کراوە بە مەبەستی خۆدزینەوە لە گومرگ و سپیکردنەوەی پارە، کە لەلایەن یەکێک لە کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەوە کرابوو.
عەلائەدین قەیسی گوتى، "دوای رێکارەکانی لێکۆڵینەوە، بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردنى دارایی تیرۆر، دەست بەسەر چەند پسوولەیەکی بازرگانیدا گیراوە کە بۆ گواستنەوەی دارایی نایاسایی بەکارهاتبوون. دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، دۆسیەکە خرایە بەردەم دادوەر، فەرمانی گرتن و بەدواداچوون بۆ تۆمەتباران دەرکرا."
بەگوێرەى رێکارەکانى بانکى ناوەندیی عێراق، کاتێک دۆلار بە نرخى فەرمى بە کۆمپانیاکان دەدرێت بۆ هاوردەکردنى کاڵا، دەبێت هەمان جۆرى کاڵا و بڕەکەى هاوردە بکەن.
گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاند، رێکاری وردبینیی بەردەوام بۆ پسوولە بازرگانییەکان دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو کۆمپانیاکان پابەندی یاسا و رێنماییەکان دەبن و گەڕان و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو چالاکییانەى گواستنەوەی گوماناوی پارە دەکەن، کە کۆمپانیا بازرگانییەکان دەیکەن، ئەویش لە رێگەی هاوکاری، هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ دامەزراوە حکومییە پەیوەندیدارەکان.
لە راگەیێندراوێکى دیکەدا دەستەی گشتیی گومرگى عێراق رایگەیاند، بڕە پارەیەکی "زۆر"یان لە جیاوازیی باجی گومرگی وەرگرتووەتەوە کە بەهۆی فێڵکردن لە وەسف و کێشی کاڵا هاوردەکراوەکانەوە هەبوون.
دەستەکە رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی لە جیاوازیی باجەکان وەرگیراونەتەوە لە ماوەی نێوان یەکی کانوونى دووەمى 2025 تاوەکو 30ى حوزەیرانی ئەم ساڵ، سێ ملیر و 420 ملیۆن و 216 هەزار دینار بوون، ئەمەش دواى رێکارەکانى وردبینیی لە زانیارییە گومرگییە پێشکێشکراوەکاندا ئاشکرا بووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق