گوتەبێژی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی گەنمی ئەمساڵی بۆ نەناردوون. بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بازرگانی دەڵێت: "لە داهاتوویەکی نزیکدا پارە دەگات".
نزیکەی مانگێک بەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تێدەپەڕێت، بەگوێرەی ناوچەکان وەرگرتنەکە لە 10ـی حوزەیران دەستیپێکرد و 20ـی تەممووز دوایین رۆژ بوو، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕە پارەیەک بۆ جووتیاران خەرج نەکراوە.
هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی گشتیی یەكێتیی جووتیارانی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی: "جووتیاران تاوەکو ئەمڕۆ چاوەڕوانی پارەن و حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی نەناردووە".
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی 340 ملیار دینارە.
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگاکانی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن بوو. نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "هیچ بڕە پارەیەک بۆ جووتیاران نەنێردراوە و نازانین کەی دەنێردرێت".
پشکی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق نە پارەی ناردووە و نە دیاریشە کەی پارە دەنێرێت".
لەبارەی کاتی ناردنی پارەی گەنم، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق پارە دابەشکراوە و لە بەغداوە بەڵێندراوە، لە نزیکترین کاتدا و لەگەڵ دابەشکردنی پارەی ئەم جارەدا، پارەی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد: "بۆ پارەی گەنم بەردەوام لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین، بەڵام چونکە وەرگرتنی گەنم زووتر لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەستیپێکرد، سەرەتا لەوێ دابەشکراوە".
پاریش حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵام ئەمساڵ رێژەکەی کەم کردەوە و بە هەمان نرخ وەریگرت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق