وەزارەتی نەوتی عێراق پەرەپێدانی کێڵگەیەکی گاز لە پارێزگای ئەنبار دەداتە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆ ئەوەی بەرهەمی بگەیێنێتە 100 ملیۆن پێ سێجا.
بڵاوکردنەوەى وردەکاریى ئەو گرێبەستە لە کۆبوونەوەیەکی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بوو لەگەڵ دەستەی راوێژکاری وەزارەتەکەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئابی 2025 کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی رایگەیاندووە، گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای شلەمبەرگر واژۆ کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی عەکاس لە ئەنبار بۆ 100 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
کۆمپانیای شلەمەرگر ئەمریکییە و لە بواری خزمەتگوزاری کێڵگەکانى نەوت کاردەکات و لە زیاتر لە 85 وڵات لقی هەیە.
کێڵگەی عەکاس کە ئەو کۆمپانیایە پەرەی پێدەدات، لە شاری قائیم لە پارێزگای ئەنبارە، یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی گاز لە عێراق کە یەدەگەکەى بە 5.6 تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، رێککەوتنێکی سەرەتاییان لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی واژۆ کردووە بۆ پەرەپێدانی چوار بلۆکی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی زیقار کە پشکنینیان بۆ کراوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق