خۆر عەبدوڵڵا عێراقییە یا كوەیتییە

ليست هناك تعليقات



خۆر عەبدوڵڵا دەكەوێتە بەشی باكووری كەنداو لەگەڵ خۆر زوبێری عێراقی سنووریان تێكەڵاوە، بەتاكە ڕێرەوی ئاوی هەژماردەكرێت كە كەشتیەكانی عیراق بەكاری دەهێنن بۆ جیهانی دەرەوە.

سەبارەت بەڕەهەندی مێژوویی ئەم ململانێی نێوان كوەیت و عیراق لەسەر ئەم بەشە جوگرافیە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەیەك لەمەوبەر، بەجۆرێك دەیان ڕێككەوتن و پەیمان لەنێوان هەردوو ووڵات كرا لەوانە: پەیماننامەی (ئەنجلۆ – عوسمانی ساڵی 1913) و ڕێككەوتنی (العقیر ساڵی 1922) كە لەهەردوو ڕێككەوتن ڕەسمی سنووری هەردوو وڵات كرا و ناوچەی (خۆر عەبدوڵڵا) بووە ناوچەیەكی كێشەلەسەر و بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە تا ڕێككەوتنی ساڵی 1963 كەخاڵێك و قوچەكێكیان بۆ ئەو بابەتە دانا بەتایبەتی ئەو كاتەی كێشەكە چەند ناوچەیەكی دەوروبەری خۆر عەبدوڵڵاشی گرتەوە لەوانە: (ربە و بۆبیان و مەسكان) كەئەوسا لەلایەن عیراقەوە دانی بەو ناوچانە نەنرابوو كەبەشێكە لەخاكی كوەیت، بەڵام بەپێی فەقەرەی 3ی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 687 ساڵی 1991 پاش كۆتایی هاتنی جەنگی كەنداوی دووەم جارێكی تر ڕەسمی نەخشەی سنووری هەردوو ووڵات كێشرایەوە تا ئەو كاتەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەساڵی 1993 بەپێی بریاری ژمارە (833) كۆتایی بەنەخشەی سنووری ووشكایی هەردوو ووڵات هێنا بەڵام سنووری ئاوی نێوانیان بەتایبەتی كێشەی (خۆر عەبدوڵڵا) جارێكی تر بەهەڵپەسێرداوی ماوەوە لەنێوان هەردوو ووڵات.

ئەم كێشەیە دڕێژەی هەبوو تا ڕێككەوتنامەی (خۆر عەبدوڵڵا) لەڕێكکەوتی 25ی 10ی ساڵی 2013 كەلەڕۆژنامەی وەقائیعی عیراقی بەژمارە (4299) لەسەردەمی حكوومەتی (نوری مالیكی)سەرۆك وەزیران و (هادی عامری) وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو ئەم ڕێككەوتنەیان لەگەڵ ووڵاتی كوەیت واژووكرد بەمەبەستی ڕێكخستنی هاتوچۆ و گواستنەوەی ئاوی بەجۆرێك ئەم ڕێككەوتنە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە (833) سالی 1993 نەبێت.

بەپێی ئەم ڕێككەوتنە هەردوو ووڵات ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی ناوچەی (خۆر عەبدوڵڵا)بۆ دووبەش: بەشی باكوورەكەی درا بەعێراق و بەشی باشوورەكەی درا بەكوەیت، بەشەكەی عێراق ڕووبەرەكەی تەسكە و زۆر فراوان یە بۆ هاتوچۆی كەشتیەكان، ئەوسا عێراق دەستی كرد بەبنیادنانی بەندەری تر لەزوبێر.

هەڵوێستی لایەنەكان لەسەر ئەم كێشەیە:

· لایەنە عێراقیەكان: لەسەر ئاستی ناوەخۆی عێراق ناڕەزاییەكانی شەقام لە لووتكە دایە لەهەمبەر ئەو بابەتە لەسەر ئاستی لایەنە سیاسیەكان ئێستا كەلەهەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران نزیك دەبینەوە و دەبینین ناكۆكی لایەنەكان بەتایبەتی لایەنە شیعەكان لەسەر ئەم كێشەیە بوونەتە دووبەرە كەبەرەی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی، حكوومەتەكەی مالیكی پێشوو تاوانبار دەكات لەسەر ئەم ڕێككەوتنەو بەجۆرێك (نوری مالیكی ) سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا و (هادی عامری) سەرۆكی لیستی 'فەتح'ـی حەشدی شەعبییە كەدوو ڕكابەری سەرسەختی سوودانین ئەم دوانەش (مالیكی و عامری) كەلە 2013 سەرۆك وەزیران و وەزیری گواستنەوە بوونە بەئەندازیاری ئەم ڕێككەوتنە دادەنرێن.

· ڕۆلی دادگای فیدراڵی عێراقی لەدەستووری بوون و نادەستووری ئەم ڕێككەوتنەی خۆر عەبدوڵڵا كەلەساڵی 2013 لەنێوان هەردوو وڵاتدا مۆركرا بەجۆرێك لەڕێکكەوتی 4ی 9ی 2023 ئەم دادگایە بڕیاری نادەستووری بوونی ئەم ڕێككەوتنەی دا، ئەمەش پاش سكاڵای هەریەك لەپەرلەمانتارانی عیراق ڕائد مالیكی و سعوود عەلی الساعدی دێت لەسەر ماددەی (2) ڕێككەوتنەكە تانەیان گرت كەئەم ماددەیە دژی ماددەی (1) دەستووری عێراقە كەباسی سەروەری خاكی عێراق دەكات و ئەم ماددەیەش پێچەوانەی دەستوور بووە و هەروەها پێچەوانەی ماددەی (8) دەستووریشە، بۆیە بەپێی بڕیاری ئەم دادگایە ئەم ڕێككەوتنە پوچەڵە ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە دادگاكە ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە بەوەی كەساڵی 2013 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لەكۆی 329 پەرلەمانتار تەنها 200 ئەندام ئامادەی دانیشتنەكە بوونە و 120 دەنگی داوە بەڕێككەوتنەكە و 80ی تر یش دژی ڕێككەوتنەكە بوونە ئەمەش واتا زۆرینەی پەرلەمانی دەنگی نەداوە و سەرۆكی دادگاكەش نادەستووری بوونی ئەم ڕێككەوتنەكەی ڕاگەیاند.

· هەڵوێستی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو هەموو وولاتان هاتنە ناو كێشەكە ودڵنیاییان دووپاتكردەوە كەئەم ناوچەیە بۆ كوەیت و دەبێت بەغدا ڕێز لەڕێككەوتن و پەیمانامە نێودەوڵەتیەكان بگرێت و نابێت زیان بەبەرژەوەندییەكانی كوەیت بگەینێت.

· هەڵوێستی وڵاتانی جیهان لەسەرووی هەموویانەوە ئەمەریكا ڕایگەیاند كەپاڵپشتی هەڵوێستی ووڵاتانی هاریكاری كەنداو دەكەن و هاوهەڵوێستن لەهەمبەر بڕیار و ڕێككەوتنە نێودەولەتیەكان و داواشیان لەعیراق كرد ڕێز لە سەروەری كوەیت بگرێت و پابەندی پەیماننامە و بریارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بێت بەتایبەتی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە (833) تایبەت بە رەسمی سنووری كوەیتی و عیراقی، ئەو پاپشتیەی ئەمەریكا بۆ وولاتانی كەنداو دەگەڕێتەوە كەهەموو وولاتانی كەنداو لەگەڵ هاوپەیمانی ئەمەریكادان جگە لەعێراق نەبێت كەدژی پلان و بەرنامە و پڕۆژەی ئەمەریكا و ئیسرائیلە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

· سەرهەڵدانی ئەو كێشەیە لەم كات و ساتەدا یەكێك لەهۆكارەكانی دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو پڕۆژەی ئەمەریكا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی لەلایەك و ڕووسیا و چین و ئێران و هاوپەیمانەكانی لەلایەكی دیکەوە، كەهەردوو لایەن خاوەن پڕۆژەن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەم چەند ڕۆژە سەرۆك وەزیرانی عێراق قۆناغی دووەمی پرۆژەی ڕێگای پەرەپێدانی كەلەبەندەری فاو دەست پێ دەكات تا سنووری توركیا و لەوێشەوە بۆ ووڵاتانی ئەورووپا كە ئەم ڕێگایە دەبێتە بەیەكبەستنەوەی وڵاتانی رۆژهەلات و باشووری ئاسیا بەئەورووپا، لەملاوەشەوە ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئەم پرۆژەیە بەرنامە و پلانی خۆیان هەیەو بۆیە لەم كاتەدا پشتگیری كوەیتی هاوپەیمانی خۆیان دەكەن تاوەكو پرۆژەی ڕێگای ئاوریشم سەركەوتوو نەبێت و بابەتی خۆر عەبدوڵڵا زیاتر زەق بكرێتەوە و تاكار بگاتە ئەوەی كردەی سەربازیش لەم ناوچەیە ڕووبدات.

لەكۆتاییدا هەموو ئاماژە نێودەوڵەتی و ڕای گشتی و وڵاتانی ناوچەكە ئەوەیە كە ناوچەی (خۆر عەبدوڵڵا) دەبێتە بەشێك لەوڵاتی كوەیت و ئەم كارەش بەگەورەترین لێدان هەژمار دەكرێت لەسەر بەرژەوەندی ئابووری و جوڵەی بازرگانی عێراق بەوڵاتانی جیهانەوە.

د.سیروان حوسێن

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif