دوور نییە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 4000 دۆلار

ليست هناك تعليقات



پسپۆڕێکی بازاڕەکان دەڵێت، ئاراستەی زێڕ بەرزبوونەوەیە و هەفتەی داهاتووش نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. دەشڵێت، ترەمپ نرخی دۆلار دادەبەزێنێت.

وەزارەتی کاری ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە مانگی رابردوودا 73 هەزار هەلی کاری نوێ لە کەرتی تایبەت [جگە لە کشتوکاڵ] رەخسێندراون. ئەمە کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان، بۆیە نرخی زێڕی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 3362 دۆلار.

کاروان فەتحی، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکردووە، بەتایبەتی دوای داتاکەی دوێنێ. ئەمە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و دراوەکانی دیکەیە.

ئەو پسپۆڕە پێی وایە، هۆکاری سەرەکیی ئەو دابەزینەی دۆلار و بەرزبوونەوەکەی زێڕ کابینەکەی دۆناڵد ترەمپی ئەمریکایە، چونکە بڕیارەکانی زۆر خێران.

بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، "ترەمپ دەیەوێت باج زیادبکات و لەوەش دوو مەبەستی هەیە. یەکەمیان، زیادکردنی داهاتی ئەمریکا. دووەم، ترەمپ دەیەوێت وەکو کارتێکی گوشار بەرامبەر وڵاتان لە دانوستاندنە بازرگانییەکان بەکاری بێنێ".

کاروان فەتحی دەشڵێت، "ترەمپ پێچەوانەی سەرۆکەکانی دیکە، وەک ململانێیەک لەگەڵ چین، دەیەوێت و پلانی هەیە نرخی دۆلار دابەزێنێت، لە بەرامبەریشدا باج زیاد دەکات. مەبەستیشی ئەوەیە هەناردە زیادبکات و لەو رێگەیەوە رکابەریی چین بکات".

رۆژی 30-7-2025، بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی وەک خۆی لە 4.25٪ بۆ 4.50٪ هێشتەوە. جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکەش گوتی، مەرج نییە لە مانگی ئەیلوولیشدا رێژەکە کەمبکەنەوە و بڕیاری پێشوەختە لەمبارەیەوە نەدراوە.

بەڵام داتاکەی دوێنێ گەشبینییەکی گەورەی دروستکردووە بەوەی بانکەکە لە مانگی داهاتوودا رێژەی سوود کەم بکاتەوە.

بە گوتەی کاروان فەتحی، ئێستا 75٪ بۆ 85٪ـی ئابووریناسان پێشبینی دەکەن لە مانگی ئەیلوولدا ئەمریکا رێژەی سوود کەمبکاتەوە.

لەبارەی رێژەکەش، ئەو پسپۆڕە پێی وایە ئەگەر هەیە لە نێوان 0.25٪ بۆ 0.50٪ رێژەکە کەمبکاتەوە. ئەگەری نزیکتر ئەوەیە بە رێژەی 0.50٪ کەمی بکاتەوە.

لەبارەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەش، پسپۆڕەکە دەڵێت، گەیشتنی زێڕ بە 4 هەزار دۆلار دوور نییە. تەنیا کات پێویستە بۆ گەیشتن بەو نرخە.

پێشیوایە، لە رووی بەها و گرنگییەوە، ئێستا بەهای ئەو کانزایە 5 هەزار دۆلارە. نرخەکەشی بە پلە دەگاتە ئەو ئاستە.

بۆ هەفتەی داهاتوو، کاروان فەتحی دەڵێت: "ئەگەر هەیە نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی زۆر بکات. هەندێک لە شارەزایان دەڵێن، رەنگە نرخەکەی کەمێک دابەزێ و پاشان بەرزبێتەوە، بەڵام من ئەوەش بە دوور دەبینم".

روونیشی دەکاتەوە کە "ئێستا ئاراستەی زێڕ بەرزبوونەوەیە، بۆیە هەر دابەزین و خۆڕاستکردنەوەیەک مانای پێچەوانەبوونەوەی ئاراستەکە نییە و دوور نییە لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا ئاستی مێژووی و پێوانەیی نوێ تۆماربکات".

لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی هەر بیتکۆینێک نزیکەی 4 هەزار دۆلار دابەزیوە و بە کەمتر لە 114 هەزار دۆلارە. نرخی ئیسیریۆمی دووەم گەورەترین دراویش 300 دۆلار دابەزیوە و بە کەمتر لە 3500 دۆلارە.

کاروان فەتحی لەبارەی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە دەڵێت، ئەگەری دابەزینی زیاتر هەیە، بەڵام دواتر ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاترە. بۆ ئێستا، دوور نییە نرخی بیتکۆین بۆ ئاستی 112 هەزار دۆلار دابەزێت.

گوتیشی، دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ ئەوەن هەڵبگیرێن، نەک رۆژانە مامەڵە و بازرگانییان پێوە بکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif