پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز 25 هەزار کەسی تێپەڕاند

ليست هناك تعليقات


حکومەتی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 25 هەزار کۆچبەر بە شێوەیەکی نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە و گەیشتوونەتە وڵاتەکەیان.

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ بەریتانیا، تەنیا رۆژی چوارشەممە 898 کەس بە 13 بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا، بەوەش کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی ئەم ساڵ گەیشتوونەتەوە ئەو وڵاتە بۆ 25 هەزار و 436 کەس بەرزبووەوە.

ئەم ساڵ زووتر لە ساڵانی پێشوو ژمارەکە گەیشتە ئەو ئاستە، ساڵی 2022 تاوەکو 27ی ئاب، ژمارەی کۆچبەران نەگەیشتبووە ئەو ژمارەیە.

حکومەتی بەریتانیا لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییان بەردەوامە و رایگەیاندووە، لەگەڵ فەرەنسا زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکات و هاوئاهەنگیی نێوانیان بەهێزتر دەکەن.

رۆژی پێنجشەممە، ئاژانسی نیشتمانیی تاوان لە بەریتانیا رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی بولگاریا دەستیان بەسەر 25 بەلەمی بچووکدا گرتووە، کە قاچاخچییەکان ویستوویانە لە نۆکەندی ئینگلیز کۆچبەرانی پێ بپەڕێننەوە.

بەشێک لە کۆچبەران بە تەنیا و بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیز دەپەڕنەوە.

کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەسەر پلانێک رێککەوتن کە تێیدا هەندێک لەو کۆچبەرانەی لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە دەستبەسەر دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە فەرەنسا.

لە بەرامبەردا، رێگە بە کەسانی دیکە دەدرێت لە فەرەنساوە لە رێگەیەکی یاسایی و کۆنترۆڵکراوەوە بچنە نێو بەریتانیا.

ستامەر گوشار دەکات رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بەو هیوایەی ببێتە هۆی بێئومێدکردنی کۆچبەران لەو پەڕینەوە مەترسیدارە لە نۆکەندی ئینگلیز

پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز کێشەیەکی لەمێژینەیە بۆ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەریتانیا و فەرەنسا. هەرچەندە بەریتانیا بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا ژمارەیەکی کەمتری داواکارانی مافی پەنابەری وەردەگرێت، بەڵام ساڵانە هەزاران کۆچبەر بە بەلەمی بچووک و پڕ سەرنشینەوە لە باکووری فەرەنساوە دەپەڕنەوە.

حکومەتی پێشووی بەریتانیا پلانی ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا هەبوو، بەڵام پلانەکە کە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە، لەلایەن ستامەرەوە هەڵوەشێندرایەوە دوای ئەوەی لە تەممووزی 2024 پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif