سەرەڕای شەڕ، هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی

ليست هناك تعليقات


شرۆڤەکارێکی باڵای دامەزراوەی کپلەر هۆشداری دەدات لەوەی دەکرێت کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بکرێنە ئامانج.

هومایون فەلەکشاهی، شرۆڤەکاری باڵا لە دامەزراوەی کپلەر بۆ توێژینەوە لە بواری وزە دەڵێت، لە هێرشەکانی سەرەتا لە هەفتەی رابردوو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ناوچەکە پەلەیان بوو و هەناردەی نەوتیان زیاد کرد، چونکە لە سەرەتای شەڕەکە مەترسی هەبوو.

فەلەکشاهی گوتیشی، دواتر ئەوە روون بووەوە کە هێرشەکان ژێرخانی نەوت و گاز [ـی ئێران] ناکەنە ئامانج. ئەوەش روون بووەوە کە ئێران لە هێرشەکانی تۆڵەکردنەوەیدا، وڵاتانی ناوچەکە ناکاتە ئامانج. بۆیە دواتر شەپۆلی خێرایی هەناردەی نەوتی وڵاتان قۆناخ بە قۆناخ دابەزی و ئاسایی بووەوە.

لە دوو رۆژی رابردوودا دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە، گوایە بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەکە و جەنگی ئیسرائیل و ئێران، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە بۆ ماوەی 9 رۆژ و لە 5 تاوەکو 15ـی ئەم مانگە راگیرابێت.

هومایون فەلەکشاهی دەڵێت، "هەناردەی نەوتی عیراق نەتەنیا کەمنەبووەتەوە، بەڵکو لە چەند رۆژی رابردوودا زیادیشی کردووە."

بە گوتەی فەلەکشاهی، داتاکانیان لەبارەی زیادبوونی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگە دەستکردەکان و ئەو بەندەرانەوە سەرچاوە دەگرن کە نەوتەکەیان لێوە هەناردە دەکرێت. جگە لەو پەیام و ئاماژانەی کە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەینێرن.

قسەکانی هومایون فەلەکشاهی لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ی رۆژی دووشەممە 23-06-2025ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.

لەبارەی هەناردەی نەوتی ئێرانەوە فەلەکشاهی گوتی، داتاکان لەسەر ئاستی رۆژانە کەمترن، چونکە ئەو کەشتییانەی نەوتی ئێران دەگوازنەوە، ئاماژەکانیان دەکوژێننەوە. بۆیە تەنیا پشت بە وێنە و داتای مانگە دەستکردەکان کە هەفتانە دوو بۆ سێ جار بۆمان دەنێردرێت.

گوتیشی، لەدوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، ئێران رۆژانە یەک کەشتیی نەوتی بارکردووە، چەند رۆژێکی کەمیش هەبووە کە هیچی هەناردە نەکردبێت.

بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە باڵایە، هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئایاردا بە تێكڕا رۆژانە ملیۆنێک و 800 هەزار بەرمیل نەوت بووە، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لەدوای سەپاندنەوەی سزاکانی رۆژئاوا لە 2018ـەوە.

لە مانگی حوزەیرانیشدا تاوەکو ئێستا، ئێران رۆژانە بە تێكڕا ملیۆنێک و 650 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی بووە. تاوەکو ئێستاش ئەو بڕە جێگیرە و کەمنەبووەتەوە.

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی نەوت لە ئەگەری پچڕانی هەناردەی نەوتی ئێرانەوە فەلەکشاهی دەڵێت، سعودیە توانای هەیە؛ ئەو وڵاتە بۆرییەکی نەوتی گەورەی هەیە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا. ئێستاش رۆژانە نزیکەی 9 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، کە ملیۆنێک و 900 هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوتن و بەکارهێنانی نێوخۆ و زیاتر لە 7 ملیۆن و 600 بەرمیلی هەناردە دەکات.

شرۆڤەکارەکەی کپلەر دەڵێت، ئێران هەمیشە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات، بەڵام داخستنی گەرووەکە زەحمەتە و ئەگەرێکی دوورە، ئەوەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار؛ بڕیارێکی لەم شێوەیە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی ناوچەکە، وەک عێراق، ئیمارات هەراسان دەکات و کاریگەریی نەرێنیی گەورەی لەسەریان دەبێت.

هۆشداریشی دا لەوەی دەکرێت کەشتییەکان کە لە گەرووەکە بەئامانج بگیرێن، یان دەستیان بەسەردا بگیرێت، ئەمەش بەس دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif