تاقیگەی رۆبۆتەکانی زانکۆی نیشتمانیی تەکنەلۆژیای بەرگری (NUDT) لە ناوچەی هونانی ناوەڕاستی چین، درۆنێکی پەرەپێداوە کە بە قەبارەی مێشوولەیەک دەبێت و بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نهێنییەکان بەکاردەهێندرێت.
توێژەرانی زانکۆکە چەندین جۆری جیاوازی رۆبۆتیان خستەڕوو، لە ئامێرە هاوشێوەکانی مرۆڤەوە تاوەکو درۆنی بچووک کە بە ئەستەم بە چاو دەبیندرێت.
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی (CCTV 7)، لیانگ هێکسیانگ، خوێندکار لە زانکۆی نیشتمانیی تەکنەلۆژیای بەرگری، لە کاتێکدا درۆنەکەی لەنێوان پەنجەکانیدا گرتبوو، گوتی، "ئەوەتا لەنێو دەستی مندا رۆبۆتێکە کە لە مێشوولە دەچێت.. رۆبۆتە بایۆنیکییە بچووکەکان بەتایبەتی گونجاون بۆ گەڕان بەدوای زانیاری و ئەرکە تایبەتەکان لە گۆڕەپانی جەنگدا."
دروستکردنی درۆنی لەو شێوەیە کارێکی سەختە کە دوو باڵی بچووک و سێ قاچی زۆر باریکی هەیە.
لە 2021دا، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا پەرەپێدانی درۆنی بچووکی تایبەت بە خۆی راگەیاند، بەڵام دواتر هیچ هەواڵێکی دیکە لەمبارەیەوە بڵاونەکرایەوە.
سەربازەکان درۆنی بچووک کە کامێرا و ئامێری هەستەوەریان هەیە، بۆ پشکنینی دەوروبەریان بەکاردەهێنن.
بەپێی ماڵپەڕی پەیمانگەی وایسی سەر بە زانکۆی هارڤارد، لە 2019ـدا، زانایانی هارڤارد ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێیان لەبارەی درۆنی (رۆبۆبی- Robobee) بڵاوکردەوە، کە لە درۆنە بچووکەکەی (NUDT) دەچێت. هەندێک لە مۆدێلەکانی رۆبۆبی "دەتوانن لە مەلەکردن لەژێر ئاوەوە بۆ فڕین بگۆڕێن".
پەیمانگاکە ئاماژەی بەوە داوە، ئامانجی ئەوەیە درۆنێکی خۆکار دروست بکات کە بتوانێت کۆمەڵێک رۆڵ ببینێت، لە چاودێرییەوە بگرە تاوەکو چاودێریی کشتوکاڵی و ژینگەیی.
بەکارهێنانی رۆبۆتە بچووکەکان، تەنیا بۆ مەبەستی سەربازی نییە، چونکە توێژەرانی بواری پزیشکی روو لەو جۆرە رۆبۆتە دەکەن بۆ بەکارهێنانی لە چارەسەر و نەشتەرگەری و دەستنیشانکردنی نەخۆشی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق