فارس نەوڕۆڵی
-
ناوچەکە لە دۆخی نە شەڕ، نە ئاشتیدایە و دیار نیە جەنگ کۆتایی دێت یان ڕێککەوتن دەکرێت یان جەنگ دەستپێ دەکاتەوە ،لە هەر ئەگەرێکدا، دەرئەنجام و لێکەوتەکانی دوای جەنگەکە کاریگەریی سیاسی، ئابوری و ئیداری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. بۆیە پێویستە ماڵی کورد و هەرێمی کوردستان لەخۆ ئامادەکردندا بوایە بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک کە بەردەرگامان لێ دەگرێت، کەچی وەک دەڵێن (مێش میوانمان نیە)، کورد لە هەرێمی کوردستان لە دۆخی ڕقی هەموان دژی هەمواندا بەڕێوە دەچێت. وەک دەڵێن، کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە.
ئەگەر ئەم ڕەوشە بەردەوام بێت، دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ ئێستا و ئایندەمان. نەبونی وتاری هاوبەش و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هێزە دەرەکییەکان، ناوماڵی کوردی توشی سەرلێشێواوی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردوە.
بەڵام دەتوانین ئەم واقیعە تاریکە بگۆڕین، لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ئەقڵ و لۆژیک و یەکگرتویمان. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت هەمو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، چونکە مەترسییەکان چاوەڕوا نکرا ون ، بۆیە ئەگەر بە پەلە نەگەڕێینەوە بۆ لۆژیک و بە هۆش نەیەینەوە، ئەوا ئەو دۆخە لێکەوتەی قورس و نەڕێنی لە جەستەی هەرێمدا بەجێ دەهێڵێت.
کەواتە پێویستە بە خێرایی بگەڕێینەوە بۆ:
1- گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی جدی و ڕاستەقینە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و وەلانانی ڕق و کینە و بەرژەوەندیی حیزبی و کەسییەکان.
2- پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و دامەزراندنی سیستەمێکی ڕون و کارا بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، سامان و داهات، بۆ ئەوەی تا ئاستێکی مامناوەندیش بێت دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەستە بەر بکەین ،چونکە تەنها دادپەروەری دەتوانێت ئینتیما بۆ هاوڵاتی دروست بکاتەوە.
3- بەرزکردنەوەی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی؛ هەرچەندە سەر بە لایەنێکیش بن یان سێبەری لایەنێکیش بن، بەڵام ئیتر ئەوە واقیعە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکەین. چونکە لەم دۆخەدا کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا دەتوانن کۆدەنگی دروست بکەن و بە پێچەوانەشەوە دەتوانن ئاشوب دروست بکەن. بۆیە پێویستە ئاراستەکە بەو شێوەیە بێت بەشێک لە بۆشایی پڕ بکەنەوە، بە مەرجێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەن، بێ لایەنگیری بۆ هیچ لایەنێکی حیزبی، تەنها بەرژەوەندی ئەم قۆناغەی کورد لە بەر چاو بگرن ئەمەش بە کۆ کردنەوەی بیر و کردار دەبێت.
4- بۆ هێورکردنەوەی گرژی نێوان لایەنەکان، پێویستە لێدوانی نابەرپرسانە ڕابگیرێت و قسەکردن نەدرێتە کەسانێک لە کاریگەریی وشە تێناگەن و بۆ نمایش کردن بەلایانەوە ئاسایی بێت گرژی و ناتەبایی بەردەوام بێت و بێچارەسەر بمێنێتەوە. چونکە هەندێ کەس نانەکەیان لەوەدایە؛ ئیتر گرنگ نیە بەلایانەوە میللەت بێ نان دەبێت یان سەرگەردان دەبێت. بۆیە پێویستە ئەحزابی کوردی بە خۆداچونەوەیەک بە خۆیاندا بچنەوە، کە بتوانن هێرشی میدیایی و لێدوانی نابەرپرسانە ڕاگرن. ئەگەر ناتوانن کۆتایی پێبهێنن، ئەوا سنورداریکەن، چونکە لێدوانی ئیستفزازی هێندەی دیکە ماڵی کوردی هە لا هەلا دەکات.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین هەرچەندە ئەم دۆخە نالەبار و ئاڵۆز و سەختە، بەڵام ئەگەر ویستمان هەبێت بۆ چاکەی گشتی و پاراستنی هەرێمی کوردستان، ئەوا ناچار نابین ئەم دۆخە ببێتە چارەنوسمان بەڵکو بە وتارێکی هاوبەش و بە جوڵەیەکی کارا و کارامە دەتوانین ئەم واقیعە پێچەوانە بکەینەوە بۆ دەرفەت. خۆ ئەگەر بەردەوامی بەم دۆخە بدەین، ئەوا دەبێتە چارەنوسمان هەر شکست و پاشە کشەیەک ئەحزابی کوردی بەر پرسیارە هەر حیزبێک بە پێی هێزو توانای خۆی و کردارە کانی خۆ ئەگەر لەم هەلو مەر جە سەختەدا ، هەر لایەنێک و سەرکردەیەک دەسپێشخەرییەک بکات و قوربانی بە بەشێک لە بەرژەوەندی خۆی بدات بۆ ڕێککردنەوەی ئەو هەلومەرجە خوارو خێچەی ماڵی کورد، ئەوا مێژو بە درەوشاوەیی ناوی تۆمار دەکات.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق