ئێران:کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز لای ئێمەیە و رێگە نادەین تەنیا ئێران لێی بێبەش بێت

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز لە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و هۆشداری دەدات ئەگەر لایەنی بەرامبەر بەردەوام بێت، هاتووچۆی دەریایی لەو رێڕەوەدا سنووردار دەکرێت.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، شەوی شەممە، 18ـی نیسانی 2026، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بە رووبەڕووبوونەوەیەکی هێزی دەریایی سوپای پاسداران و سوپای ئەمریکا کرد کە هاوکاتی دانوستاندنەکانی پاکستان روویداوە.

قالیباف گوتی، ئێران لە بەرامبەر جووڵەی کەشتییەکی مینڕێژی ئەمریکا وەستاوەتەوە و ئەو کارەی بە "پێشێلکردنی ئاگربەست" وەسفکرد.

بە گوتەی قالیباف، دوای هۆشدارییەکەی ئێران، لایەنی بەرامبەر [ئەمریکا] پاشەکشەی کردووە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەروەها لەبارەی ئەو گەمارۆیەی ئەمریکا رایگەیاندووە گوتی: "رێگە نادەین بارودۆخێک دروست بێت کە وڵاتانی دیکە بە تەنگەکەدا تێپەڕ بن، بەڵام ئێران لەو رێڕەوە بێبەش بێت."

ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی تەنگەی هورمز دوای ئەوە دێت کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران وەستاوە و لە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی دایە کە تەنیا چوار رۆژی ماوە.

هەفتەی رابردوو، بە نێوەندگیریی پاکستان، هەردوولا لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی 2 هەفتەیی رێککەوتن بۆ ئەوەی دەرفەت بە دیپلۆماسی بدەن. بەڵام دانوستاندنە رووبەڕووەکانی ئیسلامئاباد لەنێوان شاندەکانی تاران و واشنتن بەهۆی پرسی ئەتۆمییەوە بە بنبەست گەیشتن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران ئامادە نییە واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی بهێنێت، بۆیە فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد تەنگەی هورمز گەمارۆ بدەن و رێگری لە هەر کەشتییەک بکەن کە نەوتی ئێران دەگوازێتەوە یان سەرانە بە تاران دەدات.

تەنگەی هورمز کە رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئێستا بووەتە چەقی ململانێیەکی جیهانی. ئێران کە پێشتر هەڕەشەی داخستنی تەواوەتیی تەنگەکەی کردبوو، ئێستا رووبەڕووی گەمارۆیەکی دەریایی ئەمریکا بووەتەوە کە داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەی گەیاندووەتە "سفر".

ئەم دۆخە نەک تەنیا مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕی لێ دەکرێت، بەڵکو نرخی نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو 120 دۆلار بەرزکردووەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif