بەکارهێنانی تاکسی لە پەناخوازان قەدەخە دەکات

ليست هناك تعليقات



حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، لە مانگی شوباتەوە بەکارهێنانی تاکسی بۆ گواستنەوەی پەناخوازان بۆ چاوپێکەوتنی پزیشکی قەدەخە دەکات و تەنیا لە "حاڵەتی زۆر تایبەتدا" رێگەی پێدەدرێت. ئەم بڕیارە دوای لێکۆڵینەوەیەک دێت کە ئاشکرای کردبوو، حکومەت ساڵانە ملیۆنان پاوەندی لە گواستنەوەی پەناخوازاندا خەرج کردووە، لە کاتێکدا لایەنەکان یەکدی بە "بەفیڕۆدانی پارەی باجدەران" و "بێتوانایی لە بەڕێوەبردندا" تۆمەتبار دەکەن.

لێکۆڵینەوەیەکی تۆڕی BBC ئاشکرای کردووە، هەندێک پەناخواز بۆ چاوپێکەوتنی پزیشکی گەشتی دوورودرێژیان بە تاکسی کردووە، بۆ نموونە، پەناخوازێک گەشتێکی 402 کیلۆمەتری بە تاکسی بۆ لای پزیشک کردووە کە 600 پاوەند (795 دۆلار) لەسەر وەزارەتی ناوخۆ کەوتووە.

لە وەڵامدا، حکومەت پێداچوونەوەیەکی بەپەلەی بە بەکارهێنان و تێچووی تاکسییەکاندا کرد و دواتر پشتڕاستی کردەوە کە ساڵانە بە تێکڕا 15.8 ملیۆن پاوەندی (20.9 ملیۆن دۆلار) لە گواستنەوەی پەناخوازاندا خەرج کردووە.

شۆفێرێکی تاکسی راگەیاند، کۆمپانیاکەی رۆژانە تاوەکو 15 گەشتی لە هۆتێلێکەوە لە باشووری رۆژهەڵاتی لەندەن بۆ نۆرینگەیەکی دوور کردووە، کە بە تەنیا ئەمانە رۆژانە 1325 دۆلار لەسەر حکومەت کەوتووە.

شۆفێرێکی دیکە، بە ناوی ستیڤ، ئاشکرای کرد کۆمپانیاکان بە ئەنقەست دووریی گەشتەکانیان زیاد کردووە. بۆ نموونە، ئەو لە فڕۆکەخانەی گاتویکەوە نێردراوە بۆ شاری رێدینگ (گەشتێکی 177 کیلۆمەتری کە زیاتر لە 132 دۆلاری تێچووە) تەنیا بۆ ئەوەی پەناخوازێک لە هۆتێلەکەیەوە بگەیەنێتە پزیشکی ددان، کە تەنیا 2.4 کیلۆمەتر دوور بووە. ستیڤ گوتی، رۆژانە بە تێکڕا 442 کیلۆمەتر شۆفێریی کردووە، کە نیوەی بەبێ سەرنشین بووە.

وەزارەتی ناوخۆ: کۆتایی بە بەفیڕۆدان دەهێنین

شابانا مەحمود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند: "کۆتایی بە بەکارهێنانی بێسنووری تاکسی لەلایەن پەناخوازانەوە دەهێنم بۆ چاوپێکەوتنی پزیشکی، تەنیا لە حاڵەتی زۆر تایبەتدا رێگەی پێدەدەم. بەردەوام دەبم لە بنبڕکردنی بەفیڕۆدان لە کاتێکدا هەموو هۆتێلێکی پەناخوازان دادەخەین."

ئەو گوتی، حکومەتەکەی گرێبەستی گرانبەهای لە حکومەتی پێشووی پارتی پارێزگاران بۆ ماوەتەوە.

ئینڤەر سۆلۆمۆن، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی پەنابەران گوتی، بەکارهێنانی ئێستای تاکسی "نیشانەی سیستمێکی پەنابەرییە کە رێگە بە بەڵێندەرە تایبەتەکان دەدات قازانجێکی زۆر لەسەر گیرفانی باجدەران بکەن. ئەمە زیاتر دەرئەنجامی بێتوانایی حکومەت و خراپیی بەڕێوەبردنی گرێبەستەکانە، نەک خراپبەکارهێنانی لەلایەن پەناخوازانەوە."

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە هێشتا 36,273 پەناخواز لە هۆتێلەکانی بەریتانیادا دەژین، کە ژمارەیان لە چاو مانگی حوزەیراندا زیادیکردووە.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif