ئۆپێک پڵەس بڕیاری دا لە چارەکی یەکەمی 2026 دەستکاریی بەرهەمهێنانی نەوت نەکات

ليست هناك تعليقات




نوێنەرانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن کە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ چارەکی یەکەمی 2026 وەک ئێستا بمێنێتەوە، کە رۆژانە بەرهەمهێنانی 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوتیان کەم کردووەتەوە، پشکى بەرهەمهێنان رۆژانەى عیراق لەو ماوەیەدا 4.2 ملیۆن بەرمیل دەبێت.

ئەو بڕیارەی ئۆپێک پڵەس لە کۆبوونەوەیەکدا بووە،کە ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025 کردوویەتی.

بڕیارەکە وایە، کە بڕی کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت وەک خۆی بمێنێتەوە، کە رۆژانە 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوتە و بەسەر وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە دابەش بووە.

ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە 23 وڵاتن، بەڵام 8 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە بڕیاردەرن، کە بریتین لە: رووسیا، عێراق، ئیمارات، کوێت، کازاخستان، جەزائیر، عومان و سعودیە.

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات و ئاداری 2026 دەگاتە چوار ملیۆن و 237 هەزار بەرمیل، زۆرترین بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە پشکی سعودیە کە 10 ملیۆن و 103 هەزار بەرمیلە.

هاوپەیمانێتیی ئۆپێک پڵەس بڕیاری دا، ئەگەر بازاڕی نەوت پێویستی کرد، ئەو بڕە نەوتە بگێڕنەوە بۆ بازاڕەکان کە کەمی کردووە.

کەمکردنەوەی خۆویستانەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بۆ رێگری بوو لە ناسەقامگیریی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا، تاوەکو نەوت زیاتر بەرهەم بهێنن و هەناردەی بکەن، نرخەکەی کەم دەبێتەوە.

ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت نزیکەی 62 دۆلارە و نرخی نەوتی سووکی تێکساسیش بە 58.55 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif