پیشەسازیی وێران بووە و مەترسیی کارەساتی ژینگەیی هەیە

ليست هناك تعليقات


دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ و نیو بەسەر شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF)، وێرانکاریی گەورە بەر پیشەسازیی ئەو وڵاتە کەوتووە؛ دزەکردنی مادەی کیمیایی و تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ بە رووباری نیل، ژیانی ملیۆنان کەسی خستووەتە مەترسییەوە و نەخۆشیی گواستراوە بڵاوبووەتەوە.

لە سەرتاسەری سوودان، بەتایبەتی لە ناوچەی پیشەسازیی ئومدورمان لە نێوەڕاستی وڵاتەکە، شوێنەوارەکانی وێرانکاری بە روونی دەبینرێن. زۆرینەی کارگەکان لەکارکەوتوون یان سووتێندراون.

"کۆنترۆڵی مادە کیمیاییەکانمان لەدەستداوە"

مامون جیلی، خاوەنی یەکێک لە کارگەکان باس لە زیانە گەورەکان دەکات و دەڵێت: "کارگەکەمان بەرکەوت و کۆنترۆڵی مادە کۆگەکراوەکانمان لەدەستدا. هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بەشێکی زۆریان سووتاند و نیگەرانی دزەکردن بووین، بەڵام هیچ رێگەیەک بۆ چاککردنەوە و هیچ دەسەڵاتێک بۆ بەڕێوەبردنی شوێنەکە بە سەلامەتی نەبوو."

لە خەرتوومی پایتەخت، ژێرخانی گرنگی پیشەسازی و وزە بووەتە وێرانە. هەندێک لەم شوێنانە هێشتا مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدا ماوە و بەهۆی نزیکییان لە ماڵی هاووڵاتییانەوە، پیسبوونەکە راستەوخۆ تێکەڵ بە ژیانی خەڵک بووە.

داڕمانی کەرتی تەندروستی

شەڕەکە گورزێکی کوشندەی لە کەرتی تەندروستیی سوودان داوە. تەها بەدەوی، شارەزای ژینگە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "پایتەخت بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلایەن میلیشیاکانی پشتیوانیی خێراوە داگیرکرا. دامەزراوە تەندروستییەکانیش کرانە سەربازگە و بوونە ژینگەیەکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی."

بە گوتەی ئەو شارەزایە، دۆخی جەنگ رێگری لە هەموو هەوڵێک دەکرد بۆ لەناوبردنی پەتایەکان، تەنانەت کارمەندانی پزیشکی کرانە ئامانج و کوژران و ئەمبووڵانسەکانیش تاڵان کران.

مەترسیی ئاوی نیل و مادەی "ئەزبێست"

وێرانکارییەکە تەنیا لەسەر زەوی نەماوەتەوە، بەڵکو باڵەخانە رووخاوەکان مادەی مەترسیداری وەک "ئەزبێست"ـیان بڵاوکردووەتەوە، کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی درێژخایەنی کۆئەندامی هەناسە.

هاوکات وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو و ئاوەڕۆ وێران بوون، ئەمەش بووەتە هۆی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە شوێنە کراوەکاندا و تێکەڵبوونی بە رووباری نیل، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی وڵاتەکەیە.

"پیسبوون لە هەموو شوێنێکە"

بۆ ئەو خێزانانەی لە نزیک ناوچە پیشەسازییەکان دەژین، ئاوی پیس بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک مەلاریا، کۆلێرا و گرانەتا.

ئینساف محەممەد، یەکێک لە قوربانییانی پیسبوونی ژینگەی ناوچەکەیە و دەڵێت: "چەند رۆژێک دوای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە نەخۆش کەوتم؛ تووشی تا و گرانەتا بووم. زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەم نەخۆشن. پیسبوون لە هەموو شوێنێکە."

کارمەندانی تەندروستی داوای دەستوەردانی بەپەلە دەکەن، بەوپێیەی سوودان رووبەڕووی زیانێکی ژینگەیی بووەتەوە، کە رەنگە چاککردنەوەی چەندین ساڵ یان تەنانەت دەیان ساڵی پێویست بێت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif