ئەڵمانیا پێویستی بە زیاتر لە 700 هەزار کارمەندی پسپۆڕە

ليست هناك تعليقات


حکومەتی ئەڵمانیا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێزی کار و دەستخستنی سەدان هەزار کارمەندی پسپۆڕ، بڕیاریدا پلاتفۆڕمێکی تایبەت بە ناوی "کارکردن و مانەوە" دابمەزرێنێت.

گۆڕانی دیمۆگرافی و خانەنشینبوونی سەدان هەزار کارمەند، ئەڵمانیای رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری کردووەتەوە. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ساڵی 2027 ئەم وڵاتە پێویستی بە نزیکەی 728 هەزار کارمەندی پسپۆڕ دەبێت. تەنیا لە مانگی ئاداری 2025دا، زیاتر لە 387 هەزار هەلی کار بەتاڵ بوون.

لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا کە زیانی ملیاران دۆلاری بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندووە، کابینەی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە 5ی نۆڤەمبەری 2025 رەزامەندی لەسەر پلاتفۆڕمێکی ئۆنلاین بە ناوی "کارکردن و مانەوە" (Work and Stay) دەربڕی کە بە سەرپەرشتیی سێ وەزارەتی سەرەکی (دەرەوە، ناوخۆ، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی) بەڕێوەدەچێت.

گونته‌ر کریخباوم، وەزیری دەوڵەت لە ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەمانەوێت لە داهاتوودا خزمەتگوزارییەکان لە یەک دەستەوە پێشکێش بکەین. لە ئێستادا پلاتفۆڕمی ئینتەرنێتیی زۆر جیاواز هەن کە کارەکەیان سەختتر کردووە. ئێمە دەمانەوێت پسپۆڕان و کرێکارانی باش و شارەزا بە شێوەیەکی بێ کۆسپ و بێ کێشە بێنە ئەڵمانیا."

ئەم پلاتفۆڕمە نوێیە کارئاسانی دەکات بۆ ئەوەی بڕیارەکانی هێنانی کارمەندی پسپۆڕ لە دەرەوەی وڵات خێراتر جێبەجێ بکرێن. کریخباوم ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا پسپۆڕانیان ناوێت، بەڵکو ئەو کەسانەشیان دەوێت کە دەیانەوێت فێری پیشە بن.

وەزیری دەوڵەت گوتی: "لە هەموو بوارەکاندا کارمەندی پسپۆڕمان پێویستە، لە هەمان کاتدا پێویستمان بە هێزی کارە کە بێن لێرە فێری پیشەیەک بن، وەک نانەوا، قەساب و نەجار. بە شێوەیەکی بێ بیرۆکراسیی زۆر، ئەو کەسانە دەتوانن لە رێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە بێن و لێرە کار بکەن."

ئەم هەنگاوەی حکومەت لەکاتێکدایە کە لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 17 هەزار کۆچبەری نایاسایی دیپۆرت کردووەتەوە، بەڵام قەیرانی نەبوونی هێزی کار ناچاری کردووە دەرگاکانی بۆ کۆچی یاسایی واڵا بکات.

سەرباری گرنگیی پلاتفۆڕمەکە بۆ گەشەی ئابووریی چوارەم گەورەترین ئابووریی جیهان، بەڵام پارتی راستڕۆی تووندڕۆ و چەند رێکخراوێک دژی وەستاونەتەوە.

کریستیان تساوم، کەسایەتیی سیاسیی نزیک لەو ئاراستەیە دەڵێت: "ئێمە بەگشتی بە گومانەوە سەیری ئەم کارە دەکەین. سەرەتا دەمانەوێت خەڵکی خۆمان بخەینە سەر کار، چونکە ژمارەیەکی زۆر بێکارمان هەیە. دووەم، ئێستا کۆچی هەژاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە روودەدات، کە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانێک کە کولتووریان لێمانەوە نزیک نییە، سەختە. بەڵام هیچ کێشەمان نییە لەگەڵ دانسازێکی نەرویجی کە بیەوێت لە ئەڵمانیا کار بکات."

ئامانجی ئەڵمانیا ئەوەیە لە رێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە هاوکێشەکە راست بکاتەوە؛ پڕکردنەوەی بۆشایی هێزی کار لەلایەک و رێکخستنەوەی هاتنی کۆچبەران لەلایەکی دیکەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif