ئیدارەی ترەمپ سەرجەم داواکاریی مافی پەنابەرێتی و مانەوەی 19 وڵاتی ئەفریقی، ئاسیایی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی راگرت، کە لەنێویاندا ئێران، ئەفغانستان و سۆماڵی تێدایە.
حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، سەرجەم داواکارییەکانی پەناخوازانی سەر بە 19 وڵاتی راگرتووە.
لە یاداشتێکی فەرمیی حکومەتی ئەمریکادا، ئاماژە بە هێرشەکەی هەفتەی رابردووی واشنتن کراوە، کاتێک پەنابەرێکی ئەفغانی تەقەی لە دوو پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا کرد، یەکێک لە پاسەوانەکان لە ئەنجامی هێرشەکەدا کوژرا و ئەوی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
دەزگای رەگەزنامە و پەنابەرێتیی ئەمریکا، ناسراو بە دەزگای "USCIS"، لە یاداشتێکی چوار لاپەڕەییدا رایگەیاندووە، "داواکارانی گرین کارد دەگرێتەوە و رەنگە پرۆسەی ئەو داواکارییانە بە شێوەکی کاتی دوابخات، بۆ دڵنیابوون لەوەی داواکارەکان هەڵسەنگاندنێکی وردیان بۆ دەکرێت و نابنە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئەمریکا."
دوای هێرشەکە، ترەمپ هەڕەشەی تووندکردنی رێکارەکانی سیستمی وەرگرتنی کۆچبەرانی کرد، بەتایبەتی پەناخوازانی وڵاتانی ئەفغانستان و سۆماڵ.
لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی و سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، چەندین جار رایگەیاندووە، کاری لەپێشینەی تووندکردنی رێکارەکانی یاسای کۆچبەرانی وڵاتەکەیەتی و ئەفسەرانی فیدراڵیی رەوانەی شارە گەورەکانی ئەمریکا کردووە بە مەبەستی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازە نایاساییەکانی ئەو وڵاتە.
لیستی ئەو وڵاتانەی لە بڕیارەکەی رۆژی چوارشەممەدا کراونەتە ئامانج بریتین لە: ئێران، ئەفغانستان، لیبیا، سوودان، یەمەن، بوروندی، چاد، سۆماڵ، کۆماری کۆنگۆ، گینێی ئیستوایی، ئەریتریا، هایتی، میانمار، کوبا، لاوس، سیرالیۆن، تۆگۆ، تورکمانستان و ڤەنزوێلا.
ئەم سیاسەتە نوێیە داواکارییەکانی پەناخوازانی سەر بەو 19 وڵاتە رادەگرێت و پێداچوونەوەیەکی ورد بە کەیسەکانیاندا دەکرێت.
بەگوێرەی دەزگای رەگەزنامە و پەنابەرێتیی ئەمریکا، ئەو بڕیارە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار داواکاریی مافی پەنابەرێتی و رەگەزنامە دەگرێتەوە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق