کاریگەرییە نەرێنییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرامی شاردووەتەوە

ليست هناك تعليقات



کۆمپانیای مێتا پێشاندانی توێژینەوەیەکی ناوخۆیی کۆمپانیاکەی لەبارەی کاریگەرییە دەروونییەکانی بەکارهێنانی فەیسبووک و ئینستاگرام رەتکردەوە، دوای ئەوەی لەڕێگەی تویژینەوەکەوە دەرکەت بەرهەمەکانی زیان بە دەروونی بەکارهێنەرانی دەگەیێنن.

بەگوێرەی توێژینەوەی ساڵی 2020 بە ناوی "پرۆژەی مێتا مێرکۆری"، شارەزایان و پسپۆڕانی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ کۆمپانیای راپرسی بەناوی نیلسن کاریان کردووە بۆ پێوانەکردنی کاریگەرییە دەروونییەکانی هەریەک لە فەیسبووک و ئینستاگرام لەسەر دەروونی خەڵک دەرکەتووە: "ئەو کەسانەی بۆ ماوەی هەفتەیەک فەیسبووکیان بەکارنەهێناوە، کەمتر هەست بە خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، تەنیایی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی دەکەن."

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست میدیای ئەمریکای کەتووە، لە جیاتی بڵاوکردنەوەی ئەو ئەنجامانە یان بەدواداچوون بۆ توێژینەوەی زیاتر، کۆمپانیای مێتا توێژینەوەکانی دیکەیشی راگرت و لە ناوخۆیشیدا بە کارمەندەکانی رایگەیاند، ئەو ئەنجامە نەرێنییانەی توێژینەوەکە نابێت بڵاوبکرێنەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی ئەمریکا، ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی مێتا نیگەران بوون لەوەی بەرامبەر بە ئەنجامی توێژینەوەکان بێدەنگ بن و هەندێکیان پێیانوابووە، وەک ئەوە وایە لە پیشەسازیی تووتندا توێژینەوە بکەیت و بزانن جگەرە خراپە و لە خەڵکی بشارنەوە.

سەرەڕای کارەکانی مێتا کە پەیوەندیی نێوان بەرهەمەکانی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دۆکیۆمێنت دەکات، بەڵام مێتا بە کۆنگرێسی راگەیاندووە، توانای دیاریکردنی زیانی بەرهەمەکانی بۆ سەر دەروونی کچانی هەرزەکار نییە.

ئاندی ستۆن، گوتەبێژی کۆمپانیای مێتا رایگەیاندووە، توێژینەوەکە وەستێنرا، چونکە شێوازی توێژینەوەکە هەڵەی تێدا بووە و لە داهاتوودا بە وردی کاری لەسەر دەکەن بۆ باشکردنی سەلامەتیی بەرهەمەکانی.

ستۆن دەڵێت "تۆماری تەواو ئەوە دەردەخات بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە، ئێمە گوێمان لە دایک و باوکان گرتووە، لێکۆڵینەوەمان لەو بابەتانە کردووە و زۆر گرنگن و گۆڕانکاری راستەقینەمان کردووە بۆ پاراستنی هەرزەکاران."

تۆمەتی شاردنەوەی ئەنجامی توێژینەوەکان لەبارەی زیانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن مێتا یەکێکە لە چەندین سکاڵای کۆمپانیای مۆتلی رایس، کە کۆمپانیایەکی یاساییە و سکاڵای لەدژی هەریەک لە کۆمپانیاکانی مێتا و گووگڵ تۆمار کردووە.

ئەو کۆمپانیایە رایگەیاندووە، مێتا بە ئەنقەست مەترسییە ناوخۆییەکانی بەرهەمەکان لە بەکارهێنەران شاردووەتەوە.

تۆمەتەکانی دژی مێتا بریتین لە هاندانی منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکانیان و ئاسانکردنی بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکانیان لەلایەن هەرزەکارانەوە لەو کاتەی لە قوتابخانە بوون.

هەروەها سکاڵاکاران ئەو تۆمەتەشیان ئاراستەی مێتا کردووە هەوڵیی داوە پارە بدەن بە رێکخراوەکانی تایبەت بە منداڵان بۆ بەرگریکردن لە سەلامەتیی بەرهەمەکانیان لە شوێنە گشتییەکاندا.

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif