دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گرووپی ئیخوان موسلیمین وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی" دەناسێنێت. بڕیارەکە دوای چەند رۆژێک دێت لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی درێژ لەسەر چالاکییەکانی ئیخوان و زیادبوونی نیگەرانییەکان لەنێو ئیدارەی ترەمپدا.
رۆژی یەکشەممە 23-11-2025 دۆناڵد ترەمپ بە ماڵپەڕی (جەست زە نیوز)ـی ئەمریکی راگەیاند، ئیخوان موسلیمین دەخاتە لیستی تیرۆرەوە.
ترەمپ گوتیشی: "ئەمە بە تووندترین و بەهێزترین شێوە دەکرێ. خەریکە بەڵگەنامە کۆتاییەکان دادەڕێژرێن."
ئیخوان موسلیمین گرووپێکی ئیسلامییە، نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر لە میسر دامەزراوە، بەڵام لق و بزووتنەوەی سەربەخۆی لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو گرێگ ئابۆت، حاکمی کۆماریی تێکساس، هەردوو گرووپی ئیخوان موسلیمین و ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئەمریکی- ئیسلامییەکان (CAIR)ـی وەک "رێکخراوی تیرۆریستیی بیانی و رێکخراوی تاوانکاریی نێودەوڵەتی" ناساند.
ئابۆت رایگەیاند: "ئیخوان موسلیمین و CAIR ماوەیەکی زۆرە ئامانجەکانیان روون کردووەتەوە: "سەپاندنی زۆرەملێی شەریعەت و دامەزراندنی سەروەریی ئیسلام بەسەر جیهاندا."
هاوکات، سیناتۆر تێد کروز و چەندین سیناتۆری دیکەی کۆماری، لە مانگی تەممووزدا پرۆژەیاسایەکیان بۆ ناساندنی ئیخوان وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" پێشکەش کردبوو.
کروز رایگەیاند: "یەکێک لە لقەکانی [ئیخوان] حەماسە، کە لە 7ـی تشرینی یەکەمدا خراپترین کۆمەڵکوژیی جووەکانی لە دوای هۆلۆکۆستەوە کرد. ئەوان بە رووخاندن و لەناوبردنی ئەمریکا و حکومەتە نائیسلامییەکانی دیکەوە پابەندن."
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی ئابدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ناساندنی ئیخوان "کاری لەسەر دەکرێت"، بەڵام پرۆسەکە درێژخایەن و وردە.
چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشتر هەنگاویان دژی ئیخوان ناوە؛ میسر و ئوردن گرووپەکەیان قەدەخە کردووە و سعودیە، ئیمارات و بەحرێنیش وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" وەسفیان کردووە.
لە بەرامبەر بڕیارەکەی حاکمی تێکساس، CAIR رایگەیاند، ناویان زڕێنراوە و هێرشی کردە سەر ئابۆت. رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "گرێگ ئابۆت سیاسەتمەدارێکی پشتیوانی ئیسرائیلە و چەندین مانگە خەریکی وروژاندنی هیستریای دژە موسڵمانانە."
CAIR گوتیشی: "بە ناوزڕاندنی دامەزراوەیەکی دیکەی دیاری موسڵمانانی ئەمریکا بە تیۆریی پیلانگێڕیی پووچەڵکراو و گوتەی هەڵبەستراو، بەڕێز ئابۆت جارێکی دیکە نیشانیدا کە پێشینەی سەرەکیی ئەو پێشخستنی رق و کینەی دژە موسڵمانانە، نەک خزمەتکردنی خەڵکی تێکساس."
ئیخوان لە ساڵی 1928 لەلایەن حەسەن بەنناوە دامەزراوە. سەید قوتب، بیرمەندێکی سەرەکیی ئیخوان موسلیمینە.
پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە دژەجوویی و سیاسەتی جیهانی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند: "ئیخوان موسلیمین وەک ئیلهامبەخشی فیکریی هەموو گرووپە ئیسلامییەکان (و لقە جیهادییەکانیان) دەردەکەوێت کە ئەمڕۆ کار دەکەن، وەک داعش، قاعیدە و حەماس."

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق