حیزبوڵڵای لوبنان: مافی رەوای خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین

ليست هناك تعليقات


حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، مافی رەوای خۆیەتی دژی ئیسرائیل بەرگری لە خۆی بکات و هەر ئەگەرێکی دانوستاندنی سیاسیی نێوان لوبنان و دراوسێ باشوورییەکەی رەتکردەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی لوبنان خۆی بۆ تاوتوێکردنی پلانی چەککردنی ئەو گرووپە ئامادە دەکات.

راگەیێنراوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی حیزبوڵڵا دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل هۆشداریی دا لەوەی رەنگە ئۆپەراسیۆنەکانی لە لوبنان دژی حیزبوڵڵا چڕتر بکاتەوە، هاوکات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرووپەکەی بە خۆپڕچەککردنەوە تۆمەتبار کرد.

حیزبوڵڵا لە راگەیێنراوەکەیدا کە بە "نامەیەکی کراوە" بۆ گەلی لوبنان و سەرکردەکانی وەسفیکردووە دەڵێت: "ئێمە جەخت لە مافی رەوای خۆمان دەکەینەوە، بۆ بەرگریکردن لە خۆمان دژی دووژمنێک کە جەنگ بەسەر وڵاتەکەماندا دەسەپێنێت و لە هێرشەکانی ناوەستێت."

ئەو بزووتنەوە چەکدارییە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، هەروەها ئەگەری "هەر دانوستاندنێکی سیاسی" لەنێوان لوبنان و ئیسرائیلدا رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو جۆرە گفتوگۆیانە "خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی ناکەن."

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-11-2025، حکومەتی لوبنان بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکانی چەککردنی ئەو گرووپە چەکدارییە کۆببێتەوە، کە تاکە بزووتنەوەیە دوای شەڕی ناوخۆی ساڵانی 1975-1990 رەتیکردەوە چەکەکانی رادەست بکات.

سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024، ئیسرائیل هێشتا هێزەکانی لە پێنج ناوچەی باشووری لوبنان هێشتووەتەوە و بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی.

وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە، حکومەتی لوبنان فەرمانی بە سوپا کردووە پلانێک بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا دابڕێژێت، بەڵام یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "لەسەر سک رامان دەکێشێت."

کاتس گوتی: "دەبێت پابەندبوونی حکومەتی لوبنان بە چەککردنی حیزبوڵڵا و دوورخستنەوەی لە باشووری لوبنان جێبەجێ بکرێت. زۆرترین گوشار بەردەوام دەبێت و تەنانەت چڕتریش دەکرێتەوە، رێگە نادەین هیچ هەڕەشەیەک لەسەر دانیشتووانی باکوور هەبێت."

نەتەنیاهووش حیزبوڵڵای بە هەوڵی خۆپڕچەککردنەوە تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی لە دوایین شەڕیدا لەگەڵ ئیسرائیل زیانێکی گەورەی بەرکەوت. لە ئەیلوولی 2024دا، ئیسرائیل حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی گرووپەکە و چەندین سەرکردەی باڵای دیکەی کوشت.

لە دوای ئاگربەستەکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوشاری لەسەر دەسەڵاتدارانی لوبنان زیاد کردووە بۆ چەککردنی گرووپەکە، کە هەنگاوێکە حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی دژی دەوەستنەوە.

 
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif