ئەنجوومەنی ئاسایش سزاکانی لەسەر ئەحمەد شەرع هەڵگرت

ليست هناك تعليقات



ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی دووشەممە، شەرع سەردانی واشنتن بکات و لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە.

بڕیارنامەکە، کە لە لایەن ئەمریکاوە پێشكێش کرابوو، دەڵێت: "ئەنجوومەن بڕیاریدا کە ئەحمەد شەرع و ئەنەس حەسەن خەتاب [وەزیری ناوخۆی سووریا] لە لیستی سزاکانی داعش و قاعیدە دەربێنێت."

لە کۆی 15 وڵاتی ئەندام، 14 وڵات دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا. چین نە بە بەڵی و نە بە نەخێر، دەنگی نەدا.

هەڵگرتنی سزاکانی سەر شەرع بە فەرمی، زیاتر هەنگاوێکی هێماییە (سیمبۆلیکە)، چونکە هەر جارێک پێویستی بە گەشتکردن بووبێت بۆ دەرەوەی سووریا، لە رۆڵی خۆیدا وەک سەرۆکی وڵاتەکە، سزاکان بە شێوەیەکی کاتی هەڵگیراون. سڕکردنی سامان و گەمارۆی چەکیش هەڵدەگیرێن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی 10ی تشرینی دووەم میوانداریی سەرۆکی سووریا دەکات بۆ گفتوگۆ، دوای ئەوەی رایگەیاندبوو، جیهادییەکەی پێشوو "پێشکەوتنی باشی" بەخۆیەوە بینیوە بەرەو چەسپاندنی ئاشتی لە وڵاتەکەیدا کە بەهۆی جەنگی نێوخۆیی زیانی گەورەی بەرکەوتبوو.

هەرچەندە ئەمە یەکەم سەردانی شەرع دەبێت بۆ واشنتن، بەڵام دووەم سەردانی دەبێت بۆ ئەمریکا دوای گەشتە مێژووییەکەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، کە تێیدا بووە یەکەم سەرۆکی سووریا دوای دەیان ساڵ گوتار لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێشکێش بکات.
لە مانگی ئایار، سەرۆکە راگوزەرەکە، بۆ یەکەمجار لە ریاز لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە. ترەمپ بە گەشتێکی هەرێمی لە سعودیە بوو.

گرووپەکە چەکدارەکەی شەرع، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، کە پێشتر سەر بە قاعیدە بووە، لە مانگی تەممووزی رابردوو لەلایەن واشنتنەوە لە لیستی تیرۆر دەرکرا.

هەتەشە لە کانوونی یەکەمی پار سەرکردایەتیی گرووپە چەکدارە ئۆپزسیۆنەکانی کرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. سەرۆکی پێشوو بەرەو مۆسکۆ هەڵات.

وێنە نوێیەکەی سووریا

لەوەتەی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، سەرکردە نوێیەکانی سووریا هەوڵیان داوە لە رابردووی توندوتیژیی خۆیان دوور بکەنەوە و وێنەیەکی میانڕۆ نیشان بدەن کە زیاتر لەلایەن سووریاییە ئاساییەکان و هێزە بیانییەکانەوە قبووڵ بکرێت.

دیمەشق رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا بابەتەکانی وەک هەڵگرتنی سزاکان، ئاوەدانکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن تاوتوێ دەکات.

سووریا و ئیسرائیل لە رووی تەکنیکییەوە هێشتا لە دۆخی جەنگدان، بەڵام لە دوای رووخانی ئەسەدەوە، گفتوگۆی راستەوخۆیان دەستپێکردووە.
ترەمپ هیوای خۆی دەربڕیوە کە سووریا بچێتە پاڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل لەژێر چەتری رێککەوتننامەکانی ئەبراهامدا ئاسایی کردووەتەوە.

بەرپرسێکی سووری پێشتر بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتبوو، سووریا چاوەڕوانە لە ساڵی 2025دا رێککەوتننامەکانی ئاسایش و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیلدا تەواو بکات، کە ئەمە دەبێتە پێشکەوتنێکی گەورە کەمتر لە ساڵێک دوای رووخاندنی ئەسەد.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif