ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پرۆژە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشکەش بە ژمارەیەک وڵات کرد بە ئامانجی بەهێزکردنی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە، لەوانەش رەزامەندیدان لەسەر هێزێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
گوتەبێژێکی نێردەی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆژەکەی لەگەڵ 10 ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی ئاسایش و چەندین هاوبەشی هەرێمی لەوانە میسر، قەتەر، ئیمارات، سعودیە، تورکیا هاوبەشی پێکرد.
هیچ وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەکە دیاری نەکراوە.
لە راگەیێندراوەکەی ئەمریکادا هاتووە کە بڕیارەکە "بەخێرهاتنی ئەنجوومەنی ئاشتی دەکات"، دەستەیەکی حوکمڕانی کاتییە بۆ غەززە کە لە پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپدا داڕێژراوە و خۆی سەرۆکایەتی دەکات.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، چەندین وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هێزەکەدا دەربڕیوە، بەڵام پێداگری لەسەر بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن پێش ئەوەی هێزەکانیان رەوانەی کەرتەکە بکەن.
گوتەبێژەکەی نێردەی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "لە سەرکردایەتی بوێرانەی سەرۆک ترەمپ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بەدەست دەهێنێت نەوەک تەنیا قسە بکات."
دامەزراندنی هێزی نێودەوڵەتی یەکێک بوو لە بەشەکانی رێککەوتنەکە کە بووە هۆی ئاگربەستی ناسەقامگیری 10ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، دوای دوو ساڵ لە تووندوتیژی وێرانکەر.
بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، سەربازان لە وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان پێکدەهێنرێن و رەوانەی غەززە دەکرێن بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاسایش لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە.
گوتەبێژە ئەمریکییەکە رایگەیاند، "لایەنەکان ئەم دەرفەتە مێژووییەیان قۆستووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ خوێنڕشتن و جێبەجێکردنی دیدگای سەرۆک بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
قۆناخەکانی دواتری پلانی ترەمپ بریتین لە کشانەوەی زیاتری ئیسرائیل لە غەززە، چەکداماڵینی حەماس و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکراوەکە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق