عومان داوا لە ئێران و ئەمریکا دەکات دانوستاندنی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە

ليست هناك تعليقات


عومان، کە میوانداریی چەندین گەڕی دانوستاندنەکانی ئەتۆمیی نێوان ئەمریکا و ئێرانی کردبوو، کە بەهۆی جەنگی ئیسرائیل-ئێرانەوە لە مانگی حوزەیراندا پەکخران، داوای لە هەردوو وڵات کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، وڵاتانی کەنداو دەبێت واز لە سیاسەتی "دابڕینی ئێران" بهێنن.

بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، لە پانێڵێکدا لە کۆنفرانسی دیالۆگی مەنامە لە بەحرەین رایگەیاند: "دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان."

عومان، ئەم ساڵ میوانداریی پێنج گەڕی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێرانی کردبوو.

بوسەعیدی گوتی، "بەڵام سێ رۆژ پێش گەڕی شەشەم و رەنگە یەکلاکەرەوەی گفتوگۆکان، ئیسرائیل بۆمب و مووشەکەکانی لە کردەوەیەکی تێکدەرانەی نایاسایی و کوشندەدا بەکارهێنا."

ئامانج لە گفتوگۆکان گەیشتن بوو بە رێککەوتنێکی نوێ کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە بەرامبەر سووککردنی سزاکاندا سنووردار بکات.

وڵاتانی رۆژئاوا، بە ئەمریکاشەوە، ماوەیەکی درێژە ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن، لە کاتێکدا ئێران پێداگری دەکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە.

بوسەعیدی داوای لە وڵاتانی دیکەی کەنداو کرد، دیالۆگ لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەدا لەپێشتر دابنێن، کە ماوەیەکی درێژە وەک دووژمن و رکابەر لە ناوچەکەدا سەیر کراون. "بە درێژایی ساڵان، ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە باشترین حاڵەتدا دانیشتووە و رێگەی بە دابڕینی ئێران داوە. پێموایە پێویستە ئەمە بگۆڕدرێت."

وەزیری دەرەوەی عومان گوتیشی. "عومان ماوەیەکی درێژە هیوای خواستووە میکانیزمێکی گشتگیرتر بۆ دیالۆگ لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی ناوچەکەدا هەبێت، بە ئێران، عێراق و یەمەنیشەوە."

 

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif