ستراتیژیەتی "گۆڕینی رژێم و و بنیاتنانی نەتەوە" لە ئیدارەی ترەمپدا کۆتاییهاتووە

ليست هناك تعليقات


تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، ستراتیژییەکی نوێی ئەمریکا لەئارادایە و سەردەمی سیاسەتی "گۆڕینی رژێم یان بنیاتنانی نەتەوە" کە بۆ دەیان ساڵ پەیڕەو دەکرا، لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بەتەواوی کۆتاییهاتووە.

لە گوتەیەکدا لە دیالۆگی مەنامە، کە لووتکەیەکی ئەمنیی ساڵانەی باڵایە و لەلایەن پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی لە بەحرێن رێکدەخرێت، گابارد جەختی لەو گۆڕانکارییە ستراتیژییە کردەوە کە ترەمپ لە گەشتێکی ئەم ساڵیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لێوە کرد.

گابارد گوتی، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەژێر سەرۆکایەتیی ترەمپدا گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆیەوە دەبینێت و لەبری دەستوەردانی سەربازی و سیاسی، بایەخ بە هاوبەشیی ئابووری و سەقامگیریی هەرێمی دەدات.

گابارد گوتیشی، لە خولی دووەمی ترەمپدا ئامانجە پێشووەکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە ناوچەکە کە زۆرجار وەکو پاساو بۆ دەستوەردان بەکاردەهێندران، جێگەیان بە گرنگیدان بە خۆشگوزەرانیی ئابووری و سەقامگیریی هەرێمی گیراوەتەوە و ئەمەش بە بنەمای پەیوەندییەکانی ئەمریکا دادەنرێت.

گابارد رەخنەی تووندی لە سیاسەتی پێشووی وڵاتەکەی گرت و گوتی، "بۆ چەندین دەیە، سیاسەتی دەرەوەمان گیرۆدەی بازنەیەکی بێسوود و بێکۆتای گۆڕینی رژێم یان بنیاتنانی نەتەوە بوو."

ئەمریکا لە ساڵی 2000ەوە کردەی سەربازی بۆ سەر چەندین وڵات ئەنجامداوە کە هەندێکیان گۆڕینی دەسەڵاتیان لێکەوتووەتەوە، لەوانە کردەی سەربازیی ئەمریکا بۆسەر عێراق لە ساڵی 2003 و هێرشی سەر ئەفغانستان لە ساڵی 2001 و هێرشی سەر لیبیا لە ساڵی 2011.

بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا سیاسەتەکانی پێشووی بە "رێبازێکی یەک قەبارە بۆ هەمووان" ناوبرد و گوتی، "ئەو سیاسەتە بریتی بوو لە رووخاندنی رژێمەکان، هەوڵدان بۆ سەپاندنی سیستمی حوکمڕانیی خۆمان بەسەر ئەوانی دیکەدا، دەستوەردان لە ململانێکانێک کە بە ئەستەم لێیان تێدەگەیشتین و دواجار بە دووژمنی زیاتر لە هاوپەیمان دەردەچووین."

گابارد هەروەها رایگەیاند، "ئەنجامەکان، خەرجکردنی ترلیۆنان دۆلار، لەدەستدانی ژیانی ژمارەیەکی بێشومار و لە زۆر دۆخیشدا دروستکردنی هەڕەشەی ئەمنیی گەورەتر بوو."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif