وەزیری پیشەسازیی ئێران دەڵێ، ئەگەری هەیە لە وەرزی زستاندا تووشی کورتهێنانی گاز ببن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''پێویستە کارگە پیشەسازییەکان لە ئێستاوە دوو شیفت کار بکەن بۆ ئەوەی قەرەبووی بەرهەمهێنانی سنوورداری زستان بکەنەوە.''
محەممەد ئەتابەک، وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران لە پەراوێزی دیدارێک لەگەڵ پیشەسازان و خاوەن کارگەکانی پارێزگای ئەلبورز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''ئەگەری هەیە لە سەرەتای وەرزی زستانەوە تووشی کورتهێنانی گاز ببین.''
محەممەد ئەتابەک ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەی سنووردارکردنی پێدانی گاز لە وەرزی زستاندا کرد و گوتی: ''سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەکاتی کورتهێنانی گازدا سنووردارکردنی پێدانی گاز لە کارگە پیشەسازییەکانەوە دەستپێنەکات، بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازیی وڵات تووشی زیان نەبێ.''
وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران دەڵێ، پێویستە کارگە پیشەسازییەکان وەک قەرەبوو، لە ئێستاوە تاوەکو دەستپێکی وەرزی زستان، دوو شیفت کار بکەن، ''بۆ ئەوەی لە ئەگەری کورتهێنانی گاز و سنووردارکردنی کاژێرەکانی کار لە زستاندا تووشی زیان نەبن و بگەنە ئاستی پێویستی بەرهەمهێنانی ساڵانە.''
محەممەد ئەتابەک رایگەیاند: ''بێگومان حکومەت لە کاتی کورتهێنانی گازدا هەوڵ دەدات، کەمترین سنوورداریی بەکارهێنان بۆ کارگە پیشەسازییەکان دابنێت.''
ئێران لە هاوینی ساڵی رابردوودا تووشی کێشەی وزە بوو. لە هاوینی 2024دا ئێران تووشی کورتهێنانی کارەبا بوو کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و حکومەت ناچار بوو کارەبا لەسەر ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان ببڕێ.
هەروەها بە هاتنی وەرزی سەرما و لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، کێشەی کەمیی گازیش لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوە.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق