شەرع و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە واشنتن بوارەکانی پێکەوەکارکردن تاوتوێ دەکەن

ليست هناك تعليقات


 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا لە واشنتن لەگەڵ کریستالینا جۆرجیێڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کۆبووەوە و بوارەکانی پێکەوە کارکردنیان بۆ پشتگیریکردن لە گەشەپێدانی ئابووریی سووریا تاوتوێ کرد.

شەرع و جۆرجیێڤا لە بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کۆبوونەوە.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، هەردوولا "چوارچێوەی پێکەوەکارکردنی نێوان سووریا و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بۆ بەهێزکردنی گەشە و هاندانی چاکسازیی ئابووری"یان تاوتوێ کرد.
 
شەرع درەنگانی شەوی شەممە لە بەرازیلەوە گەیشتە واشنتن. لە بەرازیل بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی پێش لووتکەی کەشوهەوای 'کۆپ 30' کرد.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە (بەکاتی ئەمریکا) لەگەڵ شەرع کۆدەبێتەوە و دیدارەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد، کە دوای بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا.
 
چاوەڕوان دەکرێ ترەمپ و شەرع باس لە پەیوەندییە دووقۆڵی و هەرێمییەکان بکەن، کە لەپێش هەموویانەوە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکایە لەسەر سووریا.
 
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای قەیسەر لەسەر سووریا دەربڕی.
 
شەرع یەکەمین سەرۆکی سووریایە کە لە دوای سەربەخۆبوونی وڵاتەکەیەوە لە ساڵی 1946، سەردانی ئەمریکای کردبێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif