بایەخ بە پرۆسەی هەڵبژاردنی شەفاف و گشتگیر دەدەین

ليست هناك تعليقات


 
وەزارەتەکانی دەرەوەی سوێد و هۆڵەندا باس لە بایەخی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ وڵاتەکە و ناوچەکە دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ''هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پیشاندەری هەنگاوێکی گرنگە، وەک شەشەم هەڵبژاردن لە عێراق لە ساڵی 2003ـوە''.

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێت: ''هۆڵەندا بایەخی زۆر بە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی ئاشتییانە دەدات کە لەباربێ بۆ هەڵبژاردنی متمانەپێکراو، گشتگیر و شەفاف و پابەند بێت بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت''.

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژە بەوەش دەکات، هەڵبژاردن پرسێکی نێوخۆییە بۆ "گەلی عێراق و هۆڵەندا ناتوانێت ئەنجامەکەی بخەمڵێنێت".

رۆژی 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو و ئەمڕۆش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت

وەزارەتی دەرەوەی سوێدیش هەڵبژاردنەکەی بە گرنگ ناوبرد وراگەیاند: ''بە بایەخەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەین؛'' گوتیشی: ''هیوادارین حکومەتی داهاتوو بەردەوام بێت لە پێشخستنی گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە و رێزگرتن لە بنەما دیموکراسیەکان''.

کۆی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەرن. لە دەنگدانی تایبەتدا یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە 6%ی کۆی گشتیی دەنگدەرانیان پێکدەهێنا.

دەنگدانی گشتی لە سەرتاسەری عێراق لە 39 هەزار و 285 وێستگە و 8 هەزار و 703 بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت، تێیدا 20 ملیۆن و 90 هەزار و 311 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 14.3%ی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستانن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif