لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەکێتیی ئەورووپا گوتی، نێردەیەکی بۆ شرۆڤەی پرۆسەکە ناردووە و داوای لە هەموو هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەتی گەنجان کرد، بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە دەنگداندا بکەن، چونکە "سەقامگیریی عێراق بۆ سەقامگیریی یەکێتیی ئەورووپا گرنگە."
سەبارەت بە رۆڵی یەکێتیی ئەورووپا لەم هەڵبژاردنەدا، گوتەبێژەکە رایگەیاند: "لەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە فیدراڵییەکەی عێراق، یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بانگێشتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، نێردەیەکی شارەزایانی هەڵبژاردنی ناردووە."
گوتەبێژەکە روونیکردەوە کە ئەم نێردەیە لە سێ شارەزا پێکدێ کە لە بەغدا دەبن و ئەرکیان شرۆڤەکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت و گوتی: "مەبەست لێی کۆکردنەوەی زانیاریی راستەقینەیە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە رێگەی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتییەکان."
لە کۆتاییدا، راپۆرتێکی کۆتایی لەگەڵ راسپاردە پێشکێشی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری عێراق دەکرێ.
گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا پەیامێکی ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە کرد کە مافی دەنگدانیان هەیە و گوتی: "دەنگی خۆتان بدەن. ئەمە دەتانباتە پێگەیەکی بەهێزترەوە."
یەکێتیی ئەورووپا بە تایبەتی جەختی لەسەر رۆڵی گەنجان کردەوە و رایگەیاند: "گەنجانی عێراق رۆڵێکی تایبەتیان هەیە. بە دەنگدانیان، دەتوانن بەشداری لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکەیاندا بکەن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانیان لە حکومەتی داهاتوو، گوتەبێژەکە جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریکردنی خەڵک کردەوە و گوتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە هانی عێراقییەکان بدەین بۆ دەنگدان. بەشداریی بەهێز، رەوایەتیی پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو بەهێز دەکات."
یەکێتیی ئەورووپا بەرژەوەندییە ستراتیژییەکەی خۆی لەم پرۆسەیەدا خستەڕوو و گوتی: "لە نێوەندی دۆخێکی جیۆسیاسیی پڕ لە ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەقامگیریی عێراق بۆ سەقامگیریی یەکێتیی ئەورووپا گرنگە."

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق