لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا, ئۆزگور ئۆزەل لە بابەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش دا داوای لێبووردنی کرد، بەوەی ساڵی 2016 بەشێک لە پەرلەمانتارانی جەهەپەش دەنگی بەڵێیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتاران دا.
دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە نۆیەمین ساڵڕۆژی دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەدا رایگەیاند:"ئازادکردنی بۆ تورکیا دەبێتە مایەی خێر،" ئەو بابەتە بووە رۆژەڤی ئەو وڵاتە.
ئۆزگور ئۆزەل رەخنەی لە دەوڵەت باخچەلی گرت بەوەی پێشتر بە پێداگرییەوە پشتگیری لە زیندانیکردنی دەمیرتاش دەکرد و ئێستاش هەڵوێستێکی دیکەی هەیە.
لەمبارەیەوە گوتی، "ئەوانەی شانازییان بە زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداخەوە دەکرد، ئەوانەی سەرەڕای بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، شانازییان بە زیندانیکردنی عوسمان کاڤاڵا دەکرد، من لێیان دەپرسم: ئەگەر ئەمڕۆ دەڵێن ئازادکردنی (دەمیرتاش) مایەی خێرە، ئایا داوای لێبووردنێک قەرزدار نین؟"
سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، پارتەکەی ئەویش لەو بابەتەدا داوای لێبووردن قەرزدارە و گوتی، "20 بۆ 25 پەرلەمانتارمان ئەوکات گوتیان با بابەتەکە نەچێتە گشتپرسی و ئەگەر تێدەپەڕێ، با لێرە تێپەڕێت. ئینجا بەهۆی ئەو دەنگانەوە پارتەکەی ئێمەش کەموکوڕی هەیە. من وەکی سەرۆکی ئەمڕۆی پارتەکە، لە بەردەم مێژوو، بەهۆی ئەو هەڵەیەی ئەوڕۆژە، داوای لێبووردن لە تەواوی تورکیا و گەلی تورک دەکەم".
سەرۆکی جەهەپە ئەو کاتەی بەبیرهێنایەوە کە بەشێک لە پەرلەمانتارانی پارتەکەی دەنگی بەڵێیان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر دەمیرتاش و هاوڕێکانی دا و گوتی، "ئەگەرچی ئەوکات 100 لەو 120 پەرلەمانتارمان ڤیتۆیان کرد، جەهەپەش بەرامبەر ئەو هەنگاوە ناڕەزایی نیشاندا. بەڵام دیسانەوە 20 بۆ 25 پەرلەمانتاری جەهەپە دەنگی بەڵێیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتاران دا."
ئەگەرچی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردووە، بەڵام ئەنقەرە ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکردووە و 9 ساڵە دەمیرتاش و بەشێک لە هاوڕێکانی لە ژوورەوەن.
هەر رۆژی سێشەممە و دوای لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەڵاحەدین دەمیرتاش وەڵامیدایەوە و سوپاسی باخچەلیی کرد.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق