ئەمڕۆ شەممە، عێراق رەخنەی لەو سزایانە گرت، کە ئەمریکا بەسەر کۆمپانیایەک، چەند کەسایەتییەک و گرووپێکی چەکداردا سەپاندوونی.
رۆژی پێنجشەممە، حکومەتی ئەمریکا سزای بەسەر کۆمپانیای "موهەندیس"دا سەپاند، کە کۆمپانیایەکە پەیوەندیی بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە هەیە.
واشنتن هەروەها چەند کەسایەتییەک و گرووپی چەکداری دیکەی عێراقیشی کردە ئامانج، کە بە گوتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، یارمەتیی تارانیان داوە لە "خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا، قاچاخچێتیی چەک و تێوەگلان لە گەندەڵیی بەربڵاو لە عێراقدا."
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "حکومەتی عێراق ئەم هەنگاوە تاکلایەنەیە بە جێگەی داخێکی قووڵ دەزانێت، چونکە پێچەوانەی ئەو گیانی دۆستایەتی و رێزە دوولایەنیەیە کە ماوەیەکی زۆرە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە."
هەروەها گوتی: "گرتنەبەری بڕیارێکی لەو جۆرە بەبێ راوێژ و گفتوگۆی پێشوەختە، پێشینەیەکی نەرێنی لە شێوازی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی هاوپەیماندا دروستدەکات."
سزاکانی ئەمریکا کەتائیبی حیزبوڵڵاشی گرتەوە، کە گرووپێکی چەکداری بەهێزی عێراقییە و لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆر.
کەتائیبی حیزبوڵڵا، وەک گرووپە چەکدارەکانی دیکە، خراوەتە نێو هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق، بەڵام ئەو گرووپە بەوە ناسراوە، کە هەندێکجار بە سەربەخۆ کاردەکات.
لە سزاکانی دیکەی رۆژی پێنجشەممەدا، عەقیل موفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانیی عێراق کرایە ئامانج، کە تۆمەتبارکراوە بە بەڕێوەبردنی بانکێکی بازرگانیی عێراقی کە پەیوەندیی بە فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق