ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رۆژی هەینی دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دا، کە لە ساڵی 2002 دەرچوو و رێگەی بە ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش دا بۆ داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003. ئەم بڕیارە نوێیە، وەکو بەشێک لە پڕۆژەیاسای ساڵانەی دەسەڵاتپێدانی بەرگری (NDAA) تێپەڕێندرا و مانگی رابردووش، ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دابوو.
پڕۆژەکە لەلایەن سیناتۆر تیم کەین لە ویلایەتی ڤێرجینیا، سیناتۆر تۆد یەنگ، لە ویلایەتی ئیندیانا، پێشکێش کرا و بەبێ هیچ مشتومڕێک پەسندکرا.
سیناتۆر کەین دوای دەنگدانە خێراکە، کە تەنیا چەند چرکەیەکی خایاند، رایگەیاند: "جەنگەکان بەم شێوەیە کۆتاییان دێت، بە دەنگێکی نزم، نەک بە دەنگێکی بەرز." لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی لەوە کردەوە کە "کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە بۆ هەمیشە ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە."
لە کاتێکدا هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران رەزامەندییان لەسەر هەڵوەشاندنەوەکە نیشانداوە، هێشتا روون نییە کە ئایا دۆناڵد ترەمپ پڕۆژەیاساکە واژۆ دەکات یان نا.
سیناتۆر یەنگ پێیوایە ترەمپ دەبێت، "شانازییەکی گەورە" بە واژۆکردنی یاساکە بکات، چونکە ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆی تاوەکو بەڵێنی هەڵبژاردنی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە "جەنگە بێ کۆتاییەکان" جێبەجێ بکات.
بەپێی پڕۆژەیاساکە، رێگەپێدانی ساڵی 2001 بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی (AUMF) کە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر دەرکرا و بووە بناخەی "شەڕی جیهانی دژی تیرۆر"، وەکو خۆی دەمێنێتەوە و کاری پێدەکرێت.
لە بنەڕەتدا ئەم بڕیارە بۆ بەکارهێنانی هێز بوو "دژی ئەو وڵات، رێکخراو یان کەسانەی" کە پلانی هێرشەکانیان داڕشتبوو یان هاوکاریی ئەنجامدەرانیان کردبوو، ئەمەش بووە بنەمای یاسایی بۆ لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان بە ئامانجی لێدانی رێکخراوی قاعیدە و حکومەتی تاڵیبان.
لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا ئەم رێگەپێدانەیان بۆ پاساودانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەیان وڵاتی جیهاندا بەکارهێناوە.
سنووری یاساکە ژمارەیەک گرووپی گرتووەتەوە، کە لە کاتی دەرچوونی بڕیارەکەدا بوونیان نەبووە، دیارترینیان رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا، گرووپی شەباب لە سۆماڵ و چەندین گرووپی دیکەی چەکداری لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەمەش وایکردووە یاساکە لەلایەن رەخنەگرانەوە وەکو "چەکێکی کراوە" بۆ شەڕی بێکۆتایی دژی تیرۆر ببینرێت.
کۆنگرێس رێگەپێدانی ساڵی 2002ی پێش داگیرکردنی عێراق لە ئاداری 2003 پەسند کرد، کە بووە هۆی رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن؛ رێگەپێدانی ساڵی 1991ـیش لە کاتی جەنگی کەنداودا پەسند کرابوو.
لە ساڵی 2020دا، ترەمپ رێگەپێدانی ساڵی 2002ی وەکو بەشێک لە پاساوی یاسایی بۆ هێرشێکی ئاسمانی بەکارهێنا کە تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە بەغدا کوژرا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق