لە کاتێکدا رۆژی چوارشەممە وادەی تانەلێدانی تورکیا لە بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش تەواو دەبێت، رۆژی سێشەممە تورکیا داوای پێداچوونەوەی بە دۆسیەی دەمیرتاش لە دادگە ئەورووپییەکە کرد.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سێ جار بڕیاری ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپەی داوە و مانەوەی لە زیندان بە پێشێلکاری ناوبردووە.
رۆژی چوارشەممە دوایین وادەیە بۆئەوەی تورکیا تانە لە بڕیاری دادگە ئەورووپییەکە بدات.
بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە،تورکیا داواکارییەکی ئاراستەی نووسینگەی سەرەکیی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و داوایکردووە، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیاری فەرمانگەی دووەمی دادگە ئەورووپییەکە بکات.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سێ جار بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی داوە، دوایین جار رۆژی 8ی تەممووزی 2025 جەختی لەوە کردەوە، بنەماکانی بڕیاری دەستگیرکردنی دەمیرتاش کۆنکریتی نەبوون، پەیوەندییش لەنێوان رووداوەکانی 2014 و تۆمەتەکان نییە.
دادگە ئەورووپییەکە هەروەها رایگەیاند، دەستگیرکردنی دەمیرتاش مافەکانی ئازادی، سەلامەتی و مافی دادگەییکردنی لە ماوەیەکی گونجاودا پێشێل کردووە، دەستگیرکردنەکەش دەستوەردانێکی سیاسی بووە.
تورکیا رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کرد و خستیە بڕگەی 90ی دەستووری وڵاتەکەیەوە.
بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەک خۆیان جێبەجێ بکات.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق