هادی حمەڕەشید
-
لە کاتی هەڵبژاردندا هەمووان خۆیان بەرەو ڕیزبەندیی ئۆپۆزسیۆن ئەکشێن، پاشتر کۆمەڵگە ئاگر بگرێت هیچیان نایکوژێننەوە! ئۆپۆزسیۆن ئێستا کە دێنە قسە، زۆر خراپ قسە ئەکەن، بە ئاسانیی خەڵك تەخوین ئەکەن و بێباکانە مرۆڤە سەرڕاستەکان لە لیستی دەسەڵاتدا پۆلێن ئەکەن!
کە خەونت گەورە نەبوو، تەنیا بە قسەی سۆزداریی و بە سواڵ و سەدەقەی دەنگ هەوڵی بەدەستهێنانی مشتێک دەنگ ئەدەیت! کە خۆت بە بەدیل نەزانی، هەمیشە هەوڵی پێنجەم و شەشەم ئەدەیت، لە بنەڕەتدا ئاهەنگ ئەگێڕیت بۆ بەدەستهێنانی تەنانەت یەک کورسیش! کە تۆ خۆت بۆ بەدیل ئامادە نەکردبوو، ئەبیت بە چاوشۆڕی حیزبی دەسەڵات، وەك ماسیی خۆت لوس ئەکەیت و هەر کەسێك تۆی بەدڵ نەبوو، بەرگە شەرماوەرەکەی خۆتی ئەکەیت بەبەردا! زۆر ئاساییە هەموو ئەوانە بیت و هێشتا هاشاوڵ بۆ ئەوانیتر ببەیت و بڵێیت؛ “ئەوەی دەنگمان پێنەدات دەستی دەسەڵاتە!” بە هەموو ڕوو قایمییەکەوە بڵێیت:” تۆ دەنگمان پێنادەیت، کەواتە ناشتوانیت ڕەخنەمان لێبگریت!” پڕکێشیی بکەیت و سنوور ببەزێنیت و بڵێیت: “ئەوەی بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، ئەوە پیاوی دەسەڵاتە!”
ئەمە تراژیدیای بێ ئامانی کۆمەڵگەی ئێمەیە کە ئۆپۆزسیۆنەکەی لە دەسەڵاتەکەی فاشیستترە، “میانەڕەو” و “دیموکراتخواز”ـەکەی لە دیکتاتۆرەکەی تۆتالیتارترە! کاکە ڕاوەستن، ئێمە تازە لە ئاو پەڕیوینەتەوە و لەناو کۆشکێکی ڕۆکێت نەبڕداین و ئێوەش کۆمپلێتتان لەناو کەپرێکی بلورییدان کە بە پیچکە بەردێك وردوخاشتان ئەکەین! ئەم زمانە ئەزانین، شارەزاین لە ووردینەی پەیوەندییەکان، ئاخر خۆ دەسەڵات خۆی شیر و دایبی لە هەندێ کەس ببڕێت، لەبرساندا ئەمرن و بۆگەنیش ئەمانخنکێنێت! ئێوە بەو حاڵەتانەوە کە سواڵی دەنگ ئەکەن بێمنەتن لە ئێمە، ئێمە بە کامە لۆژیک هەر خوایشتان لێبکەین؟! ئێمەیەک کە خۆشاو و گەنجیی خۆمانمان بەخشی بە ئێوە و حیزبە بێ ڕوئیاکانتان، ئێوە تیایدا بوون بە خاوەنی هەموو شتێک و ئێمە هیچ، یەعنی چۆن ئێوە لەو دەسەڵاتە مووچەی چەور، ئۆتۆمبێلی فەخم، شووقە و خانووی نیشتەجێبوون، بیزنس و ئیفادی هەموو سەرزەوی وەرئەگرن، کەچی سوبحان الله ئێوە دژیان بن و ئێمە بە هەزار دەردی سەری ڕۆژانەوە و بژی و نەمریی … ئێمە پیاویان بین؟! ئەو ئاوەی ئێوە ئێستا زۆر ناشیرینانە چوار پەلتان تێخستووە، سیاسییە فاشیلەکانی پێشینانتان ڕشتوویانە، قازی موحەممەد کاتی خۆی قانعی شاعیری هەژبەسەری کردبوو بە"سیخوڕ" و زیندانیی کردبوو، تاوانەکەشی هەر ئەوەبوو لە کوردستان عێراقەوە چوو بووە مەهاباد بۆ پشتگیری ئەو!
ئێوە خۆتان ئاو لە کەلەسەری یەکتردا ئەخۆنەوە، بووقێکی دەسەڵات بڵێت"پارتیی و یەکێتیی و فڵان حیزبی ئۆپۆزسیۆن شیاوی دەنگ پێدانن!" ئەوەندە بێ ڕوئیان بە خۆشحاڵییەوە لە میدیاکانتانەوە هایلایتی ئەکەن و پێتان مەرحەمەتە! سیخوڕ و کڕدراوێکی دەسەڵات لە شەقامدا کۆمێنتێکی شەرمەزاریی و پڕ لە درۆتان بۆ ئەنووسێت، شەرم ناکەن کەسی یەکەمی حیزبێکتان خۆی دەست بە پیاهەڵدان ئەکات پیایدا، ئەشزانێت وا نییە! بەڵام ئێمەی خەڵکی ئازادییخواز و بێباك لە پۆست، دەیان جار هاتین و پێمانووتن: هەڵبژاردن بەم دۆخەوە کارەساتە، ئەگەر ئێوە بە هەموو لایەکتانەوە لیستێك بۆ هەڵبژاردن پێک بهێنن، ئەوا بەڵێن بێت ڕیکلامتان بۆ بکەین و سەرتان بخەین(تەنانەت ساختەکارییش بکرێت هەموو کۆمەڵگە ئەهێنینە سەر خەت و ناهێڵین دەسەڵات بۆی بچێتە سەر).... کەچی هەر یەکێکتان و هۆقەیەك بەڵگەتان خستەڕوو کە ئەویترتان پیاوی دەسەڵاتن، بۆیە هاوپەیمانیی ناکەن! بڕوا بکەن ئێمە ئەمانزانیی کە ئێوە هەرچی لەسەر یەکتر ئەڵێن، ڕاست ئەکەن.
هەرچییش لەسەر خۆتان ئەڵێن درۆ ئەکەن، بەڵام هێشتا نەمانئەویست بەم زمانە قسەتان لەگەڵ بکەین! بەم زمانە ئەزانین قسە بکەین، هەر وەك ئەشتوانین بە زمانێكیتریش فێری ئەتەکێتی قسەکردنتان بکەین؛ حیزبی عاقڵ ئەگەر خۆی پێ ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقیینە بوو، هەڵپەی کورسیی نییە، بەڵکو لایەنی کەم موویەکی مەعاویە ئەهێڵێتەوە و ئەڵێ"ئەمجارەش لێم نیگەران و تووڕەبن، دەیان وێستگەیتر ماوە لە ئایندەدا پێکەوە ئەتوانین کار بکەین" ئێمە دژی هیچ هێزێکی دیاریکراو نین و خاوەنی "دۆز"ین، کێ بە هەڕەشەمان ئەبینێت بۆ سەر چاکەی گشتیی، گەردنی ئازاد بێت بەڵگەکانی بە لۆژیك "نەك بە تۆمەت و مس مس کردن" بیسەلمێنێت. کێش بەم حاڵەوە بە هەڕەشەمان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەزانێت، لەگەڵ خەڵکیتر تێکەڵمان نەکات و بابێت چۆنی پێیخۆشە شەڕەکە تەواو بکات!

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق