یۆرگن کلۆپ باسی ژیانی ئێستای خۆی و سەرئێشەکانی رۆژانی لیڤەرپوول دەکات

ليست هناك تعليقات

 

یۆرگن کڵۆپی راهێنەری پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەڵێ، بیری هیچ شتێکی ژیانی راهێنەرایەتیم ناکەم، بەپێچەوانەوە لە دوای وازهێنانم لە یانەکە، ژیانێکی ئارامترم هەیە.

کڵۆپ کە هاوینی 2024 لە لیڤەرپوول رۆیشت، سەرکەوتووبوو لە بەدەستهێنانی نازناوەکانی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ لەگەڵ یانەکە.

کڵۆپ ستایلێکی هێرشبەرییانەی سەرنجڕاکێشی لە لیڤەرپوول بەرهەمهێنابوو کە بە 'رۆک ئاند رۆڵ فووتبۆڵ' ناسرابوو.

کڵۆپ کە ئێستا بەڕێوەبەری جیهانیی تۆپی پێیە لە کۆمپانیای رێد بوڵ، دەڵێ دوای وازهێنان لە یانەکەم، هەستم بەبۆشایی نەکردووە، بەڵکو چێژ لە کاتەکانم وەردەگرم دوور لە گوشاری و تەماشای هەندێک یاریی دەکەم بێئەوەی جۆشوخرۆشم هەبێت، کاتی زیاتریش لەگەڵ نەوەکانم بەسەردەبەم.

راهێنەرە ئەڵمانییەکە دووپاتیدەکاتەوە، ئێستا بیر لە گەڕانەوە بۆ جیهانی راهێنەرایەتی ناکەمەوە.

کڵۆپ دەڵێ، من ئێستا تەمەنم 58 ساڵە، لەوانەیە ئەگەر لە 65 ساڵیدا بگەڕێمەوە پێم بڵێن ئەو گوتی ئیدی ناگەڕێمەوە، گرنگ ئەوەیە من ئێستا لە هیچم کەم نییە.

گرووپی رێد بۆڵ، کۆمەڵێک یانەی جیاواز لە جیهاندا دەگرێتەوە، لەنێویاندا لایپزیگی ئەڵمانی، سالزبۆرگی نەمسایی، پاریس ئێف سی فەرەنسی، نیویۆرک رێدبۆڵزی ئەمریکی، رێدبۆڵ پراگانتینۆی بەرازیلی، ئۆمیا ئاردێجای ژاپۆنی، لەگەڵ بەشێک لە پشکەکانی یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی.

کڵۆپ ئێستا ماوەی 16 مانگە لە راهێنەرایەتی دوورکەوتووەتەوە، ئەو ئارامترە لەوکاتەی لە پرێمەرلیگ بوو، چالاکتر و گەنجتر دەردەکەوێت. هێشتا پێکەنینە پانوپۆڕەکە بەڕووخسارییەوە ماوە، حەزی لە گاڵتەوگەپە.

کڵۆپ دەڵێ، من خاوەنی باشترین کاروان نیم، خەڵکی لەمن زۆر سەرکەوتووتر هەیە، بەڵام منیش شتێکم بەدەستهێنا. کۆتایی چامپیۆنزلیگم دۆڕاند، بەڵام لە شکستەکانەوە زۆر فێربووم، هەروەها تێگەیشتم دوای شکستیش ژیان بەردەوام دەبێت.

کڵۆپ جارێکی دیکە دژی بیرۆکەی ئەنجامدانی مۆندیالە بەبەشداری 64 هەڵبژاردە، دەڵێ نامەوێ بیری لێبکەمەوە.

یۆرگن رووبەڕووی رەخنەی زۆربووەوە کاتێک رازیبوو لە راهێنەرێکی سەرکەوتووەوە کاروانەکەی بەرەو راوێژکارێک بگۆڕێت، بەڵام ئەو دەڵێ، "لە لیڤەرپوول خەڵک دڵخۆشن بەوەی نەچوومە یانەیەکی دیکەی رکابەریان لە ئینگلتەرا، ئەگەر بچوومایەتە ئیتاڵیا یان ئیسپانیا، یان بچوومایەتە بایرن، هاندەرانی دۆرتمۆند لێم نیگەران دەبوون، بەڵام لای من ئەوانە کێشە نین، لە 57 ساڵیدا وەستام و چێژی زۆرم لە وەستانەکە وەرگرت".

کڵۆپ روونیکردووەتەوە کە پێشوەختە لەگەڵ هاوژینەکەی رێکەوتووە لەسەرئەوەی ماوەی 25 ساڵ بەوپەڕی توانای خۆیەوە بەبێ لاکردنەوە بەلای چەپ و راستدا، بەردەوام بێت، دەڵێ، "هاوژینەکەم پێی گوتم، ئەگەر کارەکە سەری نەگرت، باشترە ببیە شۆفێری تاکسی".

یۆرگن کڵۆپ زۆر دڵخۆشە بەو ئازادییەی لەدوای کارەکەیەوە بەدەستیهێناوە، دەڵێ، "گرنگە بژاردەی ئەوەم لەبەردەستە کەی بچمە پشوو، کات دابنێنم و ژوان هەڵبوەشێنمەوە، گرنگە کە ئێستا پرێمەرلیگ و بۆندێسلیگا ریتمی ژیانم دیاریی ناکەن".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif