رێگەیەکی نوێ بۆ رێگری لە دووبارەسەرهەڵدانەوەی شێرپەنجە دۆزرایەوە

ليست هناك تعليقات


توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی پێنسلڤانیا ئەنجامدراوە، رێگەیەکی نوێیان بۆ رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرێ شێرپەنجەییەکان دۆزیوەتەوە.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە نزیکەی 30٪ی حاڵەتەکانی چارەسەری سەرکەوتووی شێرپەنجەی مەمکدا، گرێکان دووبارە دەردەکەونەوە، کە ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 685 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا. ستراتیژییە نوێیەکە لەبری چاوەڕوانی و چاودێریکردن، راستەوخۆ ئەو خانە شێرپەنجەییە خەوتووانە (DTCs) دەکاتە ئامانج کە لە مۆخی ئێسک و بەشەکانی دیکەی جەستەدا بە شاراوەیی ماونەتەوە و هۆکاری سەرەکیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکەن.

لە توێژینەوەکەدا 51 کەس بەژدارییان کرد، توێژەران دوو دەرمانیان بەکار هێنا، ئەوانیش "هایدرۆکسی کلۆرۆ کوین" و "ئێڤرۆ لیموس". کاتێک هەردوو دەرمانەکە پێکەوە بەکارهێنران، 87٪ی خانە خەوتووەکانیان لەناوبرد. سەرنجڕاکێشتر ئەوە بوو، ئەو گروپەی هەردوو دەرمانەکەیان پێکەوە وەرگرتبوو، دوای سێ ساڵ هیچ خانەیەکی شێرپەنجەیی لە جەستەیان نەمابوو.

دکتۆر لویس چۆدۆش، زانای بایۆلۆجیی شێرپەنجە لە زانکۆی پێنسلڤانیا، دەڵێت: "بۆیان دەرکەوتووە هەندێک دەرمان کە کاریگەرییان لەسەر خانە شێرپەنجەییە چالاکەکان نییە، دەکرێت زۆر کاریگەر بن لەسەر خانە خەوتووەکان. ئەمەش پێمان دەڵێت کە بایۆلۆجیی خانە نوستووەکان زۆر جیاوازە لە خانە چالاکەکان."

دکتۆر لویس، دەڵێت؛ ئەم دۆزینەوەیە هیوا دەبەخشێت بەو رزگاربووانەی شێرپەنجەی مەمک کە بەردەوام لەژێر "ترسی گەڕانەوەی شێرپەنجە"دا دەژین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif