یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بازرگانیکردن بە کارتی دەنگدانەوە حەرام دەکات و گوتەبێژەکەی دەڵێت، "کڕین و فرۆشتنی دەنگ گەندەڵیی سیاسی، تەزویر و خیانەت لە ئەمانەت دروست دەکات."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کڕین و فرۆشتنی دەنگ و کارتی دەنگدان هۆکاری گەندەڵییە و حەرامە، چونکە بە پێوەری خۆی بەڕێوەناچێت."
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان باسی لەوەش كرد، هەڵبژاردن "ئەمانەتە" و دەستنیشانکردنی کەسێکە کە شیاوی ئەوە بێت پۆست و بەرپرسیارێتی وەربگرێت، جێی ئومێدی داهاتووی گەل و نیشتمان بێت، کەواتە بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی کەسی شیاو، بەرپرسیارێتیەکی ئایینی و نیشتمانییە.
بە گوتەی شێرکاوەیی، "کڕین و فرۆشتنی دەنگ لێکەوتەی خراپ بۆ داهاتووی وڵات دروست دەکات و پرۆسەی هەڵبژاردن دەشێوێنێت، کەسی نەشیاو دەباتە پێشەوە، گەندەڵیی سیاسی، تەزویر و خیانەت لە ئەمانەت دروست دەکات."
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان جەخت لە هەڵبژاردنێکی هێمن و ئارام دەکاتەوە، وەک گوتەبێژەکەی گوتی، "گرنگە هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئازاد، ئاسایی و مەدەنی بەڕێوەبچێت و رەچاوی پێوەری یاسایی و شەرعی بکرێت."
روونیشكردەوە، هیچ رێگرییەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن نییە ئەگەر رەچاوی بەرژەوەندی گشتی، گەل و نیشتمان بکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر ببێتە هۆکاری فەساد حەرامە.
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، لیست و هاوپەیمانییەتی و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگیان دا بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەبچێت.

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق