ئەمریکا: داهاتووی غەززە بەبێ حەماس دەبێت

ليست هناك تعليقات


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەیانەوێت داهاتووی غەززە بەبێ حەماس بێت، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییش بەو داوایە رازی بوون. دەشڵێت، هێشتا "تیرۆرست" لە غەززە ماون.

 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تەلئەڤیڤەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دەمانەوێت غەززەیەکی بێ حەماس ببینین، ئەمەش کاتی پێویستە." گوتیشی، "دەمانەوێت خەڵکی غەززە ژیانێکی خۆش و پێشکەوتوویان هەبێت، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی واژۆیان کرد کە حەماس و چەک لە غەززە نەبن."

رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بەگوێرەی پلانێکی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستی غەززە جێبەجێ کرا. یەکێک لە خاڵەکانی ئاگربەستەکەش ئەوەیە کە نابێت حەماس چەکی بەدەستەوە بێت و هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی کەرتەکەدا هەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "کار دەکەین ئاگربەستی غەززە پێشێل نەکرێت، نامانەوێت چیدی حەماس هەڕەشە بێت بۆسەر ئیسرائیل." گوتیشی، "هەموو کارێکمان کردووە و دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی سەرجەم بارمتەکان."

بەگوێرەی پلانی ئاگربەست، حەماس دەبێت هەموو بارمتە زیندوو و مردووەکان رادەستی ئیسرائیل بکاتەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هەموو بارمتە زیندووەکانیان رادەستکراونەتەوە، بەڵام تائێستا 15 تەرمیان رادەست نەکراونەتەوە.

سەبارەت بە ناردنی هێزی نێودەوڵەتی بۆ کەرتەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "هێشتا تیرۆرست لە غەززە ماون و لەوانەیە هێزی ئاشتیپارێز لەوێ جێگیر بکرێن، بەڵام پێویستی بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ هەندێک وڵات، بۆئەوەی بەشداری بکەن."

روبیۆ رەخنەی لە کارەکانی ئاژانسی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و گوتی، "ئۆنروا پاشکۆی حەماسە و ناتوانێت لە غەززە کار بکات."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە رێککەوتنی ئەبراهام کرد، کە لەنێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی دا کراوە و گوتی، "دەمانەوێت زۆرترین وڵات بچنە نێو رێککەوتنەکەوە."

رێککەوتنی ئەبراهام تایبەتە بە ئاساییکردنەوە و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسرائیل و بەشێکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی. تاوەکو ئێستا چوار وڵات رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردووە، ئەوانیش ئیمارات، سودان، بەحرێن و مەغریبن.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif