بەراوردێك لە نێوان بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی

ليست هناك تعليقات



پارتی ویەکێتی وەك دوو هێزی بڕیاربەدەستی هەرێمی کوردستان لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا چاویان لەسەرە و هەر ئەوانیش دەتوانن بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەر ئاراستەیەکدا ببەن کەدەیانەوێت نەك تەنها بانگەشە بەڵکو خودی هەڵبژاردنیش، بە هۆی پێگەی ئیداری و سیاسی و سەربازیەوە، هێزەکانیتر لەو دۆخە بانگەشەییەدا مەلە دەکەن کەیەکێتی و پارتی دروستی دەکەن لە ناوچەی جێ نفوزی خۆیان، ئیدی ئاساییبێت یان تەشەنوجاوی.

"جیاوازتر لە هەڵبژاردنی پێشوو، بافڵ تاڵەبانی بە هەڵمەتێکی بانگەشەی لاوازدا تێدەپەڕێت"

هەڵمەتی بانگەشەی چەند رۆژی ڕابردووی نێوان یەکێتی و پارتی لە رێککەوتنێکی قسەلێکراوی پێشوەختە دەچێت کە بە جۆرێکبێت دۆخی تەشەنوجاوی دروستنەکەن وەك هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە تیایدا هەڵمەت و شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی کە بافڵ تاڵەبانی واجیهەکەی بوو زاڵ و بەهێزتربوو، بە جۆرێك هێزەکانیتر بانگەشەکەیان بووبوە کاردانەوە و وەڵامدانەوە.

"پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بە چەکێك شەڕ دەکات کە بەرامبەرەکانی تێیدا لاوازن"

بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا زۆر جیاوازتر لە هەڵبژاردنی پێشوو بافڵ تاڵەبانی بە هەڵمەتێکی بانگەشەی لاوازدا تێدەپەڕێت، بە جۆرێك کە ئەو زمانی بانگەشەیە تەنها تەمەنی١٨ بۆ ٢٥ ساڵی دەکاتە ئامانج نەك تەواوی کۆمەڵگە، واتە دەتوانی بڵێی زمانی موخاتەبەکردنی بانگەشەی یەکێتی بۆ سەرو ٢٥ ساڵی لاواز و بێ ڕووئیاو ناڕوونە و وەڵامی هیچ پرسیارێك ناداتەوە لەدەرەوەی جوڵاندنی هەست، هەرچەند لاوازی زمانی بانگەشەی یەکێتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسیەکانی ناکات بەتایبەت لە بازنەی جێ نفوزی خۆی، لەبەربەهێزی ئەو نا بەڵکو لەبەر لاوازی و پەرتی بەرامبەرەکانی، وێڕای ئەوەی یاسای هەڵبژاردنیش بەسودی ماسیە گەورەکانە.

لەبەرامبەردا پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بە زمانێکیتر شەڕی خۆی لەگەڵ ڕکابەرەکانی دەستپێکرد، بێ ئەوەی بچێتە نێو وەڵام و وەڵامدانەوە، چەکێکی بەکارهێنا کە ئەوانیتر خۆیان بۆ ئامادە نەکردبوو، ئەویش نیشاندان و خستنە ڕووی ئەوپرۆژانەی لە سنورەکەی خۆی کردوونی، بە هەڵمەتێکی میدیایی پلان بۆدانراوی ئامادەوە چوەنێو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، بە جۆرێك کە دەکرێت بڵێی یەکەم جارە ئەم چەکە دەبێتە چەکی سەرەکی بانگەشەی هەڵبژاردن کە پێمان دەڵێت لە ڕابردوو ئەوەمان کردوو بۆداهاتوو ئەمە دەکەین، ئەگەر ئەم زمانە لە بانگەشەکانی ڕابردوودا هەبووبێت ئەوا لە ژاوە ژاودا ون بوە، یەکێتی تا ئێستا لەم چەکەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لاوازە و نەیتوانیوە بەم زمانە وەڵامی ڕکابەرەکەی بداتەوە، بەڵکو بە هەمان کەرەستە و شێوازی هەڵبژادنی پێشوو(بەنەرمتر) چوە نێو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە.

هەر بۆیە بانگەشەی رکابەرەکەی لەم هەڵبژاردنەدا بانگەشەیەکی زاڵ و دیارترە، لە کاتێكدا بۆ دەسەڵات دروسترین بانگەشەی هەڵبژاردن ئەوەیە بڵێت لە چوار ساڵی ڕابردوو ئەوەمان کردوە و ئەمەش بەڵێنمان بۆ داهاتوو، واتەدەسەڵات ناتوانێ تەنها پشت بە قسەو وروژاندنی عاتیفە ببەستێت بەڵکو دەبێت جێدەستی خۆی نیشان بدات، ئەمە بۆ حیزبێک لە دەسەڵاتدا نەبێت ئاساییە کار لەسەر بەڵێنی سەر وەرەقە و جوڵاندنی عاتیفەی دەنگدەربکات و تەنها بە بەڵێن کاری تێپەڕێ، بەڵام دەسەڵات نا.

"یەکێتی لە کەرکوك هەمان ئەو چەکە بەکار دەهێنێت کە پارتی شەڕی پێدەکات"

ئەوەی بەبانگەشەی یەکێتیەوە دیارە ئەوەیە کە بە زمانی ئەنجامدانی پرۆژە لە سنورەکەی خۆیدا لاوازە، بە پێچەوانەی کەرکوکەوە کە کەرەستەی شەڕی بانگەشەی هەڵبژاردنی نیشاندان وخستنە ڕووی ئەو کارانەیە کە پارێزگارەکەی کردوویەتی لە دوو ساڵدا، واتە زمانی بانگەشەی یەکێتی لە کەرکوك هەمان زمانی بانگەشەی پارتیە بۆ هەولێر و دهۆک و بەهەمان چەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکوك شەڕی بەدەستهێنانی کورسیەکان دەکات و بانگەشەیەکی زاڵە، بەڵام بۆ سنوری سلێمانی هەڵەبجەو ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان بە بانگەشەیەکی عاتفی لاوازدا تێدەپەڕیت لە ڕووی وتارو ناوەڕۆکەوە نەك فراوانی و ژمارەی بەشدارانی ئاهەنگە جەماوەریەکانیەوە.

لێرەدا من تەنها قسەم لەسەر خیتابی بانگەشە کردوە نەك هیچ ڕوویەکیتر کە دەکرێت دنیایەك کەم وکورتی تێدا هەبێت و هەڵبژاردن و ئەنجام و خودی بانگەشەش قسەی زۆر جدی هەڵدەگرێت.

عوسمان گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif